خهبات: هاوار مورتكەیی:-
بەقەد ئەو رێژەیەی هاندەرانی یانەی لیڤەرپوول دڵخۆشن كە تیپەكەیان بەبێ ركابەر لەنازناوی خولی ئینگلیزی نزیك دەبێتەوە، حەسرەتی هاندەرانی ركابەری ئەو یانەیە لە زیادبووندایە.
داراغ كۆرلی منداڵێكی تەمەن 10 ساڵانەی یانەی مانچستەر یونایتدە و لە پەیامێكی تایبەتدا كە ئاراستەی یۆرگن كلۆپی كردووە، تیایدا داوا لەو راهێنەرە دەكات كاروانی سەركەوتنەكانی راگرێت.
یانەی لیڤەرپوول لە 26 رووبەڕووبوونەوەدا تا ئێستا لە خولی ئینگلیزیدا توانیویەتی 25 یاری بباتەوە لەگەڵ یەك بەرامبەر بوون، لەوانە لە 17 یاریی رابردوویاندا 17 بردنەوەی لەسەر یەكیان تۆماركردووە.
كۆرلی لە پەیامەكەیدا دەڵێ: سكاڵا دەنووسم، لیڤەرپوول زۆربەی یارییەكانی بردیتەوە، ئەگەر ئەو نۆ یارییەی داهاتوو ببەنەوە، ئەوا ریكۆردی ژمارەی بردنەوەكان بەبێ دۆڕاندن تۆمار دەكەن، هەروەها ئەو منداڵە زیاتر دەنوسێت: وەك هاندەرێكی مانچستەر یونایتد هەست بە خەمباری دەكەم، تكایە لە یارییەكانی داهاتووتدا رێگە بدە تیپەكەت بدۆڕێت، لێگەڕی با تیپی بەرامبەرت گۆل تۆمار بكەن، لە كۆتاییدا كۆرلی دەڵێت: هیوادارم توانیبیتم سەركەوتوو بم لە رازیكردنت كە چیتر یاری نەبەنەوە.
لەبەرامبەر ئەمەدا یۆرگن كلۆپی راهێنەری یانەی لیڤەرپوول لە وەڵامدانەوەی ئەو هاندەرە عاشقەی مان یونایتد دوانەكەوت، ئەویش لە پەیامێكدا بۆی روونكردۆتەوە كە ناتوانێت داواكەی جێبەجێ بكات.
كلۆپ لە وەڵامدا دەڵێت: بوورە، ناتوانم داواكەت بجێ بگەیەنم، بەقەد ئەوەی دەتەوێت یانەی لیڤەرپوول بدۆڕێت، كاری من ئەوەیە هەموو تواناكانی خۆم بۆ بردنەوەی لیڤەرپوول یەرف بكەم، لەبەر ئەوەی ملیۆنەها كەس لە جیهان بردنەوەی لیمان دەوێت، لە كۆتاییدا كلۆپ پیرۆزبایی لە یانەی مانچستەر یونایتد كردووە كە هاندەرێكی دڵسۆزی لەمشێوەیە و لەو تەمەندا هەیە.









