خهبات: رەمزی میرەكانی:-
راپۆرتێكی رۆژنامەوانی لە ئیسپانیا دەڵێت، وەرزی ئێستا سەلماندی، ئاستی ڤێرلاند مێندی، بەرگریكاری لای چەپی ریال مەدرید، بۆ راهێنەرەكەی، زەینەدین زێدان، هەم نیعمەتە و هەمیش نەگبەتە. رۆژنامەی ماركا دەڵێت، زێدان، نازانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ مارسیلۆدا بكات، ئەوەش یەكەمجارە ئەوە روو دەدات، لەوەتەی بەیەكەوە كار دەكەن، نەخاسمە دوای ئەوەی مارسیلۆ كەوتە سەر كورسی یەدەگەكانەوە. ئاماژە بەوەش دەكات، یەكێ لە دیارترین سیفەتەكانی زێدان وەكو راهێنەر، هێشتنەوەی یاریزانەكە بە دڵخۆشیی، ئەگەر زۆریش بەشداریی نەكەن، یان بە رەوشێكی نالەباردا تێپەڕن. روونیشی دەكاتەوە، لەگەڵ دووركەوتنەوەی مارسیلۆ لە ئاستی خۆیدا، زێدان ناچار بوو بڕیارێكی ئەستەم بدات، ئەویش سڕكردن و بە پێشخستنی مێندی بوو، لە پێكهاتەی سەرەكیدا. مارسیلۆ كە 14 ساڵە لە ریال مەدریدە، لەوە را نەهاتووە لەسەر كورسی یەدەگەكان بێت، تەنیا لە چەند ماوەیەكی كەمدا نەبێت، پێشتر لە سەردەمی فابیۆ كۆینتراو، ئەوەی بەسەر هات، بەڵام هەر زوو شوێنی خۆی لە پێكهاتەی سەرەكیی بەدەست هێنایەوە.
پارەكەش هەمان شت لەبەرژەوەندی، سێرجیۆ ریگیلۆن، دووبارە بوویەوە، بەڵام گەڕانەوەی زێدان بۆ یانەی شاهانە، خاڵی وەرچەرخان بوو لە وەرزی مارسیلۆدا. ماركا باس لەوەش دەكات، ئەوەی لە وەرزەكانی رابردوو رووی دا، ئەستەمە لەم وەرزەدا دووبارە ببێتەوە، چونكە مارسیلۆ تەنیا بەشداریی لە 8 یاری لە كۆی 23 یارییدا كردووە، هەروەها لە كۆی 34 یاری لە گشت پاڵەوانیەتییەكاندا، بەشداریی لە 16 یارییدا كردووە. جەختیش لەوە دەكاتەوە، مێندی، بەهۆی بەرگریكردنیی باشی بە پێش مارسیلۆ كەوتووە، هەرچەندە ئەو دووجاریش تووشی پێكانی ماسولكەیی بووە. ئەوەشی دەخاتە سەر، ریال مەدرید لەگەڵ مارسیلۆدا، لە 17 یارییدا 17 گۆڵی لێبووە، بەڵام لەگەڵ مێندی لە 20 یارییدا تەنیا 11 گۆڵی لێبووە. ئەركی زێدان لەگەڵ مارسلیۆ ئەستەمتر دەبێت، بەهۆی دەرچوونی ریال مەدرید لە جامی شای ئیسپانیادا، مانای وایە دەرفەتی بەشدارییكردنی مارسیلۆ و رێژەی مانەوەی لە سانتیاگۆ برنابیۆ كەمتر دەبێتەوە. لەوانەیە پێواری پێشبینیكراوی مێندی بەرامبەر لیڤانتی، بۆ مارسیلۆ دەرفەتێكی باش بێت، بۆ ئەوەی دووبارە تواناكانی خۆی بسەلمێنێتەوە، بەڵام بۆ وەرزەكانی داهاتوودا، رەوشەكە جیاواز دەبێت، چونكە زێدان پێویستی بە ئاستێكی بەرچاوی مارسیلۆ دەبێت، بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەكی درێژ بیگێڕێتەوە شوێنەكەی خۆی.









