خەبات: خاڵدار قەواڵی:-
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆ. شانۆگەری سێبەری چیا نووسین و دەرهێنانی هیوا سوعاد بۆ ماوەی سێ ڕۆژ نمایشكرا لە 18و19و20ی شوبات لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی شانۆ بەئامادە بوونی ژمارەیەكی بەر چاو لە بینەر و هونەرمەندانی شارەكانی كوردستان و عیراق بینەر بوون،كە سێ كچی شانۆكار بە ڕۆڵی سێ كەسایەتی جیاجیا بینەریان هێنایە گریان.
دەرهێنەری ئەم نمایشە بە نووسینی دەقە ناوازەكانی كە هەر ماوەی جارێك بینەر تامەزرۆ دەكات بۆ نمایشی دواتر،دەبێتە جێی باس لەو بارەیەو لە لێدوانی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەباتی هیوا وتی پێشتریش ئەزموونی دەق نووسینم هەبووە بەڵام بەم ستایلەی ئێستا نەبووە چونكە گەشتوومەتە ئەو بڕوایەی كە شانۆ دەبێت باس لە كێشەو گرفت و مەینەتی ناو كۆمەڵگا بكات بۆ ئەوەی كە تاك دێت بۆ بینینی نمایش دەبێت خۆدی خۆی لە نێو شانۆگەرێكە ببینێتەوە و هەست بكات لە نێویاندایە و باس لەو دەكات بۆیە كار لەسەر ئەم شێوازە دەكەم و لای من شانۆ ڕەنگدانەوەی ڕاستی و چێژوەرگرتنە، لە ڕێگای چێژوەرگرتنیشەوە دەتوانی بیرۆكەی خۆت بگەیەنی. وتشی كە لە ئایندەدا پلانی شانۆگەرییەكی تری دەبێت بەڵام ئەو شانۆگەرییە تەنها ئافرەت ڕۆڵ بەرجەستە ناكات پیاویش ڕۆڵی دەبیت هەرچەند نمایشی سێبەری چیا تەنها ئافرەت بوون ،بەڵام لە دیدی پیاو، مرۆڤایەتی بوو نەك لە دیدی ئافرەت ئەم گرفتانە بەسەر تاكی كورد هاتووە ئافرەت قوربانی زۆری داوە و بەڵام ئەمە گرفتی میلەتێكە میلەتێك پشتی لە چیا كردووە و ڕابردووی خۆی لە دەست داوە و بیری چووەتەوە و ڕووی لە گەندەڵییە و ئەو بەڵێنەی چیایان بیرنەماوە كە پشت و پەناگەیان بوو.
سێ خانمی بوێر كە بەتوانایەكی زۆرەوە و زیاتر لە مانگێك بەردەوام سەرقاڵی پڕۆڤەن وێڕای ئەرك و خویندنیان و سێ ڕۆژی نمایش ڕۆزانا فەرهاد قووتابی دوا قۆناغی زانكۆی هۆنەرەجوانەكانە لە بەشی سینەمای هەولێر ڕۆڵی دایە گوڵێی بەرجەستەكرد كە باس لە ئافرەتێك دەكات لە شاڵاوی بەد ناوی ئەنفال مێرد و كوڕ و براكەی لە دەست داوە و لە چاوەڕوانی ئەوان دایە هەر ژەمە خواردنێك بەشی ئەوان ئامادە دەكات بە ئومێدی گە ڕانەوەیان ،بەڵام لە كۆتایی ڕووفاتەكانیان لە گۆڕ بەكۆمەڵەكان بۆ دەهێننەوە. ویلان سدیق كە قوتابی قۆناغی سێی كۆلێژی هونەرەجوانەكانی هەولێرە لەبەشی سینەما ڕۆڵی خێزانێكی شەهیدی شەڕی داعشی دەگێڕا كە هاوسەرەكەی پێشمەرگەی كۆن بووە و بە هۆی ناداتپەروەرییەوە وازی لە پێشمەرگایەتی هێناوە، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی داعشخۆبەخشانە چووەتە بەرەكانی جەنگی دژ بە داعش جەنگاوە و شەهید بووە و نەهامەتی خێزانی شەهیدەكان و بەتایبەت شەهیدە خۆبەخشەكان دەگێڕێتەوە.
شەیما فریاد یەكێكە لە قووتابیەكانی پەیمانگای هونەرەجوانەكانی هەولیر بەشی شانۆ كە ئێستا لە قۆناغی سێ دایە بە دایكی كوڕە تاقانەیەكی پاشماوەی ئەنفال ڕۆڵی هەبوو كە بە دەردە سەری و نەبوونی و هەژاری و ستەمی ڕۆژگار گەورەی دەكات و كوڕەكەی لە بەر نە بوونی دەبێتە بۆیاغچی پێڵاو، لە كردەوەیەكی تیرۆریستی بەر تەقینەوە دەكەوێت و شەهید دەبێت دایكەكەش بەبێ كەسی و تەنها ماوەتەوە.
شایەنی باسە شانۆگەرییەكە تێك هەڵكێشی كورتە فیلمێك كرابوو لەڕێگەی داتاشۆ وە نمایش دەكرا وەك بیرەوەری گێڕانەوەی ئافرەتەكان كە چەند مەینەتی و نەهامەتییان بینیوە. هەر یەك لە غازی شینە و قاسم نوری و هێمن حمە ڕەشید و نیاز فریاد كارەكتەری كورتە فیلمەكە بوون. جێی ئاماژەیە ستافێكی چالاك و ماندوو نەناس وەك سەربازی ون بۆ پێگەیاندنی نمایشەكە و كورتە فیلمەكە كاریان كردووە ئەوانیش هیوا عەلی،بێزار سلێمان، ڕەشید تاریق، سەلام باپیر بالیسانی، ئادەم ئەیام، شاهین نەجمەدین بوون.









