خهبات: مسلم دۆڵەمەڕی:-
18 ی شوباتی هەموو ساڵێك، ساڵرۆژی دامەزراندنی دوو رێكخراوی گرنگی نێو كۆمەڵگای كوردیمانە كە ئەویش رێكخراوی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستانە كە لەساڵی 1953 لەسەردەستی باوكی روحی نەتەوەی كورد بارزانیی نەمر ئەم دوو رێكخراوە بۆ داكۆكیكردن لەمافەكانیان و بوون بەشورەی پۆڵاین بۆ شۆرشی كورد بەسەركردایەتی بارزانیی نەمر دامەزران كە تاكو ئێستاش بە بەردەوامی لە رێزی خەباتدان بۆگەیشتن بەئامانجەكانی گەلەكەمان، بۆئەم مەبەستە و ئەم یادە پرشنگدارە قوتابیان و لاوانی دەڤەری بارزان لەرێگای خەباتەوە پەیامی خۆیان راگەیاند.
سەرەتا سالم عیسا، بەرپرسی لقی مێرگەسوری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان گوتی: هەروەك لەدونیادا باوە كە توێژی قوتابیان بەیەكێك لەتوێژە هەرە كاریگەر و گرنگەكان دادەنرێت و زۆربەی پێشكەوتن و هۆشیاری شۆڕەشەكانی ناوكۆمەڵگەش لەسەردەستی قوتابیان هاتۆتە ئاراوە، هەربۆیەش بەهۆی هەستكردن بەگرنگی و بایەخی قوتابیانی كوردستان لەناو سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بیر لە دامەزراندنی ڕێكخراوێكی تایبەت بەقوتابیان كرایەوە تا قوتابیانی كوردستانیش لەڕێگای ڕێكخراوێكەوە داواكانیان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار بكەن بە مەبەستی بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەكانیان و هەر لەسۆنگەی هەستكردن بەڕۆڵی قوتابیان لەبزاڤی ڕزگاریخوازیدا ئەوە بوو لەڕۆژی 18ی شوباتی 1953 ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لەسەربڕیاری كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەردەستی بارزانیی نەمر دامەزرا، دوای ئەوە ئەم ڕێكخراوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و بەردەوام داكۆكی لەمافەكانی قوتابیان كردووە و هەمیشە خۆی بەخاوەنی چارەسەركردنی كێشەكان و پێویستییەكانی قوتابیان زانیوە، هەروەها بۆمافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان هەمیشە لەبەرگریكردن و تێكۆشان پێشەنگ بووە، هەر بەبۆنەی 67ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بەناوی خۆمان و هەڤاڵانمان لە لقی مێرگەسۆری ی.ق.ك پیرۆزباییەكی گەرم لەقوتابیانی سنوورەكەمان دەكەین و بەدڵنیاییەوە یادی 18ی شوبات وەك هەمیشە بەرز ڕادەگرین، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەكارییەكی تەواومان كردووە بۆ ڕێزگرتن لەم یادە پیرۆزە بەڕێكخستنی چەندین چالاكی جۆراوجۆر لەنێو ناوەندەكانی خوێندن لەم سنوورە.
هەروەها مەنسور بیرانی، كارگێری لقی مێرگەسوری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان گوتی: بێگومان وەك چۆن بارزانی باوك فەرموویەتی قوتابیان سەری رمن لەگشت شۆرش و راپەرینێكدا، ئێمەش بەبۆنەی ئەم یادەوە كە یادی دامەزراندنی یەكێتییەكەمانە دەڵێین و دووپاتی دەكەینەوە بۆ رێبازی پیرۆز و پرلەسەروەری بارزانیی نەمر كە تا دوا دڵۆپی خوێنمان و تادووا دڵۆپی پێنوسەكانمان بەزانستی خۆمان سەرەرم بین بۆ بەرگریكردن لەمافەرەواكانی گەلەكەمان، بۆیە بەم بۆنەیەوەش پیرۆزباییەكی گەرم لە خۆم و گشت قوتابیانی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن بۆ گشت قوتابیان دەخوازم و دووپاتیش دەكەینەوە ئێمە وەك یەكێتی قوتابیان و لقی مێرگەسور بەتایبەتی لە خزمەتی قوتابییانمان دەبین بۆ هەر داواكارییەك و چالاكییەك كە لەتواناماندا بێت كە بۆ ئەم ساڵیش چەندین چالاكی و بەرنامەی تایبەتمان بەبۆئەی ئەم یادە دەبێت لە ناوەندەكانی خوێندنی سنوورەكەمان.
هەروەها فەرسەت ساڵح، بەرپرسی ناوەندی باڵای مێرگەسوری یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان گوتی: بەبۆنەی 18ی شوبات و 67مین ساڵیادی دامەزراندنی رێكخراوی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان پیرۆزبایی لە گشت لاوانی سنوورەكەمان، كوردستان و جیهان دەكەین. رێكخراوەكەمان لە سەر دەستی سەرۆكی روحی نەتەوەی كوردمستەفا بارزانی دامەزرا. ریكخراوەكەمان رێكخراوی یەكێتیی لاوان. رێكخراوێكی جەماوەری دیمكراتی ئازادە، هەموو ئەو كور و كچە لاوانە لە خۆ دەگرێ كە ئامانجێك كۆیان دەكاتەوە، لە پێناو چەسپاندنی ماف و داخوازییەكانی لاوان و بەشداریكردن لە بونیادنانی كۆمەڵگایەكی مەدەنی، لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، لە ژێر ناونیشانی دروشمی هێنانەكایەی ئایندەیەكی گەش بۆ لاوان لە پێناو بونیادنانی كۆمەڵگایەكی دیموكراسی. رێكخراوەكەمان لە ساڵی 1953 دامەزرا. پێش دامەزراندنی رێكخراوەكەمان بارزانیی نەمر فەرمووی “پێویستە لە ژێر سایەی حزبی ئێمەدا لاوان رێك بخرێن و هان بدرێن” و” لاوان با ئازاد بن لە كار و بیركردنەوەیاندا”. بریاری هاندانمان لە لایەن سەركردەكانمان وامان لێدەكات شەو و رۆژ نەوەستین، شەونخونی بكەین بۆ ئەوەی لاوێكی تەندروست لە سەر بنەمای پەروەردەیەكی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو بۆ بنیادنانی كادیرێكی بە ئەزموون دروست بكەین بۆ ئایندەمان. لاوی كورد حازر و ئامادەیە بۆ كوردستانێكی بەهێز و تێكۆشان لە پێناو كوردستانێكی سەربەخۆ. یەكریزی و تەبایی كورد هەوێنی سەركەوتنی یەكجارەكییە. چۆن مێژووی دوینێ جوگرافیای ئەمرۆی دروستكرد بە خوێنی لاوانی خوێنی گەرم، ئەمرۆش ئەم جوگرافیایە دەپارێزین و لە دوێنێ زیاتر تێدەكۆشین و خوێن دەبەخشین، سبەینێش لە پێناو گەیشتن بە ئامانجی دەوڵەتی نەتەوەیی كوردستان خەبات و خوێن تێكەڵ بە یەكتری دەكەین، ئەنجامی ریفراندۆمی ی 25ئەیلولی 2017 دەوڵەت بۆ نەوەی داهاتوو و لاوی ئێستا ڕادەگەیێنین تاكو چیتر خوێنی لاوەكانمان بە دەستی دوژمنانی كوردستان نەرژێ. ئێمە وەكو یەكێتیی لاوان بۆ خزمەتكردنی توێژی لاوان دامەزراوین، برواشمان بە خۆیە كە بێ ماندووبوون خزمەت دەكەین بە توێژی لاوان. سەرۆك و مەرجەعی كوردستان مسعود بارزانی دەفەرموێ “یەكێتی لاوانی كوردستان قوتابخانەی پێگەیاندنی نیشتمانپەروەرانە” لە كۆتاییدا سڵاو و درود بۆ گشت شەهیدانی رێگای رزگاریخوازیی كورد و كوردستان و سەروەریان بارزانیی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو.
هەروەها ئارمان حەكیم، بەرپرسی ناوەندی چالاكی و پێگەیاندنی لاوانی بلێ گوتی: لەیادی 67مین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان سڵاو و درود دەنێرین بۆگیانی پاكی دامەزرێنەری رێكخراوەكەمان بارزانیی نەمر، بێگومان دامەزراندنی رێكخراوی قوتابیان و لاوان لەم ساتووەختەدا سەروەتێكی گەورە بوو بۆشۆرش و گەلی كورد، چونكە بووە هۆی كۆكردنەوەی تەواوی لاوان و قوتابیانی كوردستان لە ژێر چەتری پارتیمان كە تاكو ئێستاش بەبەردەوامی لە ژێر ئەم چەترە پیرۆزەدا درێژەپێدەری خەبات و رێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمرین، نمونەش پێگەیشتنی دەیان سەركردە و نیشتمان پەروەر و دڵسۆزی ئەم وڵاتە لەرێگای ئەم رێكخراوانەدا. بۆیە لەم یادەدا داواكارم زیاتر خزمەت بەچینی لاوانمان بكرێت بۆ ئەوەی لاوانمان زیاتر پێشكەون و زیاتر بگەن بە خەون وسەركەوتنەكانیان لە گشت بوارێكدا بۆ سەرخستن وپێشخستنی گەل و خاكمان، هەربەم بۆنەیەوەش پربەدڵ پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی تەواوی لاوانی كورد و ئەندامانی خۆشەویستی رێكخراوەكەمان دەكەم و دووپاتیشی دەكەمەوە كە تادواساتی ژیان و دوا دڵۆپی خوێنمان درێژەپێدەری خەبات و رێبازی پیرۆی بارزانیی نەمر بین.
لەكۆتاییدا رەمەزان هەرنی، وەك ئەندامێكی ئەم رێكخراوە گوتی: بەبۆنەی 67ـەمین ساڵی دامەزراندنی رێكخراوەكانی یەكێتیی لاوان و قوتابیانی كوردستان بە گرنگ دەزانم چەند خاڵێك بخەمەروو، ئەم دوو رێكخراوە بوونە دوو قوتابخانە بۆ پێگەیاندنی كەسانی شارەزا و بسپۆر لە بوارە جیاوازەكاندا و زۆرێك لە بەرپرسانی ئێستای هەرێمی كوردستان بەرهەمی ئەم دوو رێكخراوەن، ئەم دوو رێكخراوە لە كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1953 لەسەر دەستی رابەری گەلی كورد بارزانیی نەمر دامەزراون، بۆیە پێویستە ئەم دوو رێكخراوە وەك پیشەی هەمیشەیی كە پۆڵا و سەری رم بوونە لە گشت شۆرش و داستانەكاندا، لمەودوا لەسەر هەمان ئەو بیرورایە كار بكەن كەلەسەری دامەزراون، لایەنیكەم ساڵانە ئەم دوو رێكخراوە تاك بێت یان پێكەوە خولی پێگەیاندن و دروستكردنی دوارۆژ بۆ ئەندامانی ئەو دوو چینە بكەنەوە بۆ ئەوەی بەرهەمی ئەم دوو رێكخراوە سەر كاروانی هەمیشەیی كوردستان بن، پێویستە بێجگە لە كردنەوەی ئەو خولانە وەك دوو رێكخراوی گرنگ خولی جۆراوجۆر لەسەر ئاستی باڵا و بە شێوەیەكی ئەكادیمی بكەنەوە بۆ ئەندامەكانیان لەسەرتاسەری كوردستان، لە 67 ــەمین ساڵەی دامەزراندنی ئەم رێكخراوە پیرۆزبایی لە تەواوی سكرتێر و ئەندامانی ئەم دوو رێكخراوە دەكەم، چاوەرێی سەركەوتنی گەوەرتریان لێیان دەكەم، بەخۆشحاڵییەوە ئەو شەرەفە بەر من كەوتووە ماوەی 4 ساڵ لە رێكخراوی یەكێتی لاوان و ماوەی 2 ساڵ لە رێكخراوی یەكێتی قوتابیان خزمەتم بەو دوو رێكخراوە كردووە.









