خەبات: ڕۆشنا عەلی:-
قوتابخانەی شەمامی زانستی كچان ئەو قوتابخانەیەی لە هەفتەی ڕابردوو بە هۆی بەفرەوە سەقفەكەی داڕما، ڕێكەوت گیانی قوتابیانی قوتابخانەی ناوبراوی پاراست كە دەوام نەبوو، ئەگەرنا دەیان قوربانی لێدەكەوتەوە لاپەڕەی پەروەردە لەسەر ئەم بابەتە بەدواداچوونێكی ئامادەكردووە كە بۆچی كاتێك كار بۆ قوتابخانەیەك دەكرێت بەم شڵۆقییە دەكرێت و سەقفێك بەرگەی بەفربارینێك ناگرێت؟ ئایا دەیان قوتابخانەی هاوشێوەی ئەوەش نییە كەبەو جۆرە چارەسەركراون و داڕمان بەردەوام بێت ؟ ئایا ئەم كارە كێ پێی هەستاوە و هۆكارەكەی چییە؟ تاچەند دوای ڕووداوەكە بەدواداچوون كراوەو چارەسەرەكەی چی دەبێت؟
لە بەندیخانەوە بۆ قوتابخانە قوتابخانەی ناوبراو لە گەڕەكی شەهیدانی قەزای ڕوواندزەو دوو دەوامی تێدا دەكرێت كە یەكێكییان شەمامی زانستی و ئەوی تر نێرگزی وێژەییە كە تاكە ئامادەیی كچانی سنورەكەیە مامۆستایەكی قوتابخانەكەش دەڵێت هیچ مەرجێكی قوتابخانەی تێدا نییەو پێشتر بەندیخانە بووە ، مامۆستا خدر عەبدولڕەحیم مامۆستای فیزیای قوتابخانەكە بۆ لاپەڕەی پەروەردەلەمبارەیەوە وتی: بەڵێ قوتابخانەكە پێشتربەندیخانە بووە هەر باڵەخانەیەك ئەگەر پەنجەرەكانی لەگەڵ سەقفا بوون ئەوە دەلالەتی ئەوەیە كە بۆ بەندیخانە و لایەنی ئەمنی بەكار هاتووە لەساڵانی پێش نەوەدەكان واتە پێش ڕاپەڕین، هیچ پێوەرێكی قوتابخانە بوونی تێدا نییە، بەڵام بابەتەكە ناچارییە هەموو ڕوواندز یەك ئامادەیی كچانی هەیە كە بەداخەوە بیناكەی بەو شێوەیەیە. دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەوان وەك مامۆستایانی ئەو ئامادەییە داوایان نەكردووە كە بیناكەیان بۆ بگۆڕن كە پێیان چاك ناكرێت بیان گوازنەوە شوێنێكی ترئەو وتی: ؟ بە دڵنیاییەوە داوامانكردووە خۆم شەخسی چەندین جار لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەو چەندین بەرپرسانی ناوچەكە داوام كردووە، یەك باڵەخانەی ئامادەیی بە ڕوواندز ڕەوا نابینرێت پێشتر بۆ ماوەی دووساڵ گوازراینەوە بۆ قوتابخانەیەك كە بیناكەی زۆر باش بوو ، بەڵام قوتابی ئەو قوتابخانەیە كرایە قوربانی 30 قوتابی نموونەیی ، ئامادەیی ڕەواندزی نموونەیی كرایەوە كە 30 -40 قوتابی هەبوو ئێمەیان هێنایەوە باڵەخانەی كۆن ئەوەی كە ئێستا لێین، ئێستاش ژمارەی قوتابییەكانییان بە قەدەر قۆناغێكی قوتابخانەكەی ئێمەیە بەبڕیاری بەڕێوەبەری پەروەردەی پێشتر چووینە بانە زێوك بە بڕیاری بەڕێوەبەری نوێ كە دانرا هاتینەوە شوێنی خۆمان.
بەدواداچوون
بۆ بەدواداچوونی بابەتەكەو دروستكردنی سەقفی ئەو قوتابخانەیەكە لەلایەن كێ وە دروستكراوە مامۆستا چنور بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕوواندز بۆخەبات وتی: ئەو هۆڵەی كە لە و ئامادەییەكە دروستكراوە پەروەردەی گشتی سەقفەكەی كردوو منیش لەڕێگای خێر خواز كاشی و پلاستیكم كرد هەرچەند قوتابخانەكە زۆر كۆنە بەڵام ئەو هۆڵەمان دروستكرد كەوەك پۆل بەكاریبهێنرێت.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا بەدواداچوونكراو بەڵێنی چییان پێدان مامۆستا چنور وتی: بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر سەردانی كردین و بەڵێنی ئەوەی دا كە چاكی بكاتەوە وەك خۆی
واتە تانها ئەوەی كە ڕووخاوە ؟ بەڵێ لە ئێستادا ، بەڵام وتیشی بۆ داهاتوو ئەگەر بكرێت تێكی دەدەن و دووبارە دروستی دەكەنەوە.
ئایا هیچ زانیاریتان هەیە كە گوایە ئەو قوتابخانەیە بڕیاری ڕووخانی بۆ دەرچووبێت پێشتر بەڵام نەڕووخاوە و دروستبكرێتەوە ؟ من زانیاریم لەو ڕوەوە نییە ، بەڵام ماوەیەك پێش ئێستا نوسراومان بۆ هات كە گوایە ئەو قوتابخانانەی زۆر كۆنن ئەگەر زەویان هەبێت بینای نوێی تیا دروستبكرێت یان نۆژەنبكرێنەوە ئێمە وەڵامی نوسراوەكەمان داوەتەوە پێنچ قوتابخانەمان هەبوو ئەو ئامادەییەش یەكێكە لەوانە كە ناردوومانە بۆ ئەوەی سەر لەنوێ تێكبدرێت و دروستبكرێتەوە ،چونكە كەڵكی نۆژەنكردنەوەی نییە.

گواستنەوەی قوتابخانە
بۆچی قوتابخانەكەتان بۆ جاری دووەم گواستەوە كە ئەتانزانی بیناكەی زۆر كۆنە بینایەكی باشتریان پێش هاتنی تۆ وەك بەڕێوەبەر وەرگرتبوو نێردرانەوە بینا كۆنەكە؟
ئەم قوتابخانەیە هەر سەرەتا قوتابخانەی ئامادەی شەمامی كچان بووە و هەر لەشوێنی ئێستای، بەڵام دواتر گوازراوەتەوە بانە زێوك و هەموو قوتابی ئەو گەڕەكە چوونەتە بانە زێوك ئەو گەڕەكەش گەڕەكێكی دوورە قوتابخانەیەكیش هەبوو لە روواندوز كەلەسەر بنەمای نمرە قوتابی وەردەگرت نەمابوو ، من كە بوومە بەڕێوەبەری پەروەردە ئەو قوتابخانەیەم سەر لەنوێ دروستگردەوە، چونكە لە سۆران هەبوو سنوری سۆران و ڕەواندز نزیكە لەیەكەوە و زۆربەی قوتابییەكانی ڕەواندز ئەچوونە قوتابخانە نموونەییەكەی سۆران كە ئەویش لەسەر بنەمای نمرە قوتابی وەردەگرێت منیش ئەو قوتابخانەیەم دروستكردەوە لە پێناو ئەوەی قوتابی ڕەواندز نەچێتەوە سۆران ئەو قوتابخانەیەم لە بانە زێوك بنیاد نایەوەو ئامادەیی شەمامیشم گەڕاندەوە ئەم شوێنەی ئێستا كە ئەویش ئامادەیی نێرگزی وێژەیی و ئامادەیی شەمامی زانستی كچانە من حەزم لە جیاكاری نییە ، قسەم لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆرانیش كرد كە ئەو قوتابخانەیە نەمێنێت و قوتابی هەر لە قوتابخانەكەی خۆی بمێنێتەوە و درێژە بە خوێندنەكەی بدات ئەو پێی باش بوو هەروا بمێنێتەوە منیش ناچاربووم ئەوە دروستبكەمەوە كە ئێستا نزیكەی 120 قوتابی تیای دەخوێنێت من لە پۆلی حەوتەوە كردمەوە بۆ ئەوەی قوتابی ڕەواندز نەچێتە سۆران.
تا ئێستا خۆت هەول نەیاوە لە ڕێگای خێر خواز یان پەیوەندی خۆت كە قوتابخانەیەكی ئامادەییتان بۆ بكەنەوە لە كاتێكدا كێشەی ئامادەییتان هەیە و یەك ئامادەیی كچان هەیە؟
من لەماوەی ئەو ساڵ و چەند مانگەی بوومەتە بەڕێوەبەر هەوڵی زۆرم داوە زۆریش داوام كردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی خەڵكەكەی ئاستی بژێوی مام ناوەندە و دەوڵەمەندی كەم تێدایە نۆژەنكردنەوەیەكی سادەم بۆ دەكات وەك ئەو هۆڵەی كە لە و ئامادەییەكە دروستكراوە تا ئێستا كەسێك نەبووە ئامادەیی دروستكردنی قوتابخانە بێت یان هۆڵێكمان بۆ بكات لە سنوری ڕوواندوز هاوكاریمان بكەن ئەگەر نۆژەنكردنەوە بێت یان دروستكردن بێت هەرچەن پێشتر قسەم لەگەڵ كردوون دەڵێن توانای دروستكردنی قوتابخانەمان نییە ، بەڵام ئەگەر نۆژەنكردنەوە هەبێت هاوكاریتان دەكەین.
مامۆستا سەعید شێخ ڕەقیب بەڕێوەبەری پەروەردەی پێشووی ڕوواندوز لەبارەی ئەوەی كە گوایە بڕیاری تێكدانی هەیە قوتابخانەكە لەساڵانی 2014 ەوە لەمبارەیەوە وتی : پێش ساڵی 2013 بابەتێك لەمە هاتبووە ئاراو كە من چومە ڕواندز ئەو مەوزوعە هەبوو لەسەر ئەم بابەتە هەندێ كابینەم لە فوتابخانەیەك دانان و ڕێكم خست كە ئەگەر تێك درا بتوانین جێگای قوتابیان بكەینەوە كەوابوو پێش ئەو كاتە بەرنامە هەبوو بەس لەبەر قەیران كارەكە نەكرا.










