خەبات: سەربەست برزۆ :-
شارەبان شارێكە خاوەنی نزیكەی 10 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵییە و سەدان باخی تێدایە، لە پێشدا و هەتاوەكو ئەم ساڵانەی دواییش هەناری شارەبان یەكێك بووە لە باشترین جۆرەكانی هەنار لە عێراقدا ، ئەمەو جگە لە كشتوكاڵی ناوچەی شارەبان كە باشترین جۆری سەوزە و میوەی بەرهەم دەهێنا . بۆ ناوی شارەبانیش چەندین رای جیاواز و گێڕانەوە هەیە، لەوانە لە كتێبی یاقوتی حەمەوی و ئەلمستوفی هاتووە كە باسی شارەكەیان كردووە كە شارێكی دێرینە و نزیكەی هەشتا گوندی لەخۆ گرتووە.
واتای ناوی شارەبان وەك گەورە پیاوانی شارەكە دەڵێن بەواتای شاری بان هاتووە، عارەبەكان ئەوە دەقۆزنەوە كە بان ناوی پێاوێك بووە شارەكەی دروست كردووە و ئەو بانە قورەیشیە، بەڵام هەندێك دەڵێن ئەو بان ـە قورەیشی نییە و كابرایەك بووە خەڵكی ناوچەكە بووە و خانی هەبووە لەو جێگایە و دەست رۆیشتوو بووە خەڵكی لە دەوری خۆی كۆكردوەتەوە و شارەبانی دروست كردووە.
كاتێك رۆژنامەنووسێك دەچێتە شارەبان بۆ ئەوەی بەدوای هەندێك راستیدا بگەڕێ چەندین ئاستەنگ دێتە پێشی لەوانە زۆربەی خەڵكەكە و ئەوانەی شارەزاییان لە مێژووی شارەكە هەیە ناوێرن بەئاشكرا قسە بكەن، هەر بۆیە خەڵەف كە مێژووناسێكی شارەكەیە بەترسەوە گوتی: بەڕای من سنووری كوردستان حەمرین نییە و ئەگەر هەزار ساڵی تریش دەسەڵاتی كوردی لێرە دوور بێت و دەیان تەعریب دروست بكرێت هەر مۆركی كورد بە شارەبانەوە دیارە، گرنگ نییە شارەكە لە سنووری كوردستان بێت و گرنگ نییە كەوا ئێستا كورد لەم شارەدا نەماوە، گرنگ ئەوەیە كەوا كورد لەم شارە ژیاوە و مۆركی مەزنی كورد بەم شارەوە دیارە.
شارەبان لە ساڵی 1920 دەبێتە ئیدارە لە سەردەمی مەلەكیدا، لە ساڵی 1950 دەبێتە قەزا و ناوی لێدەنرێت قەزای المقدادیە كە هەتاوەكو ئێستاش لەرووی ئیدارییەوە بەو ناوە ناسراوەو لەگەڵ دروستكردنیدا چەندین فەرمانگەی میری هاتووەتە دامەزراندن چ لەوكاتەوە و یاخود دواتر.
ساڵی 1959 كتێبخانەیەكی گشتی لە شارەبان دێتە دروستكردن، بەڵام هەتاوەكو ساڵی 1961 ناكرێتەوە بەڕووی خوێنەرانیدا .
كتێبخانەی گشتی شارەبان رۆڵی گرنگ و بەرچاوی لەو سەردەمەو ساڵانی دواتریش لەپێشخستنی بواری رۆشنبیری و خوێندندا بینیووە. كتێبخانەكە هەتاوەكو ئەمڕۆ چواردە جار بەڕێوبەرەكەی بەم شێوەی لای خوارەوە گۆڕدراوە:
- غەزبان محەمەد كازم 1961 بۆ 1964
- مامۆستا تاڵب خەشاڵی 1964 بۆ 1970
- عەلی جومعە مایۆگ 1970 بۆ 1982
- مامۆستا فردۆس لوتفی غێدان 1982
- غەزبان موحەمەد كازم 1982
- قەیس عەواد 1982 بۆ 1991
- پەروین موحەمەد غوڵام 1991 بۆ 1995
- عەبدولڕەزا خەلیفە كازم 1995 بۆ 2003
- قەیس عەواد كازم 2003 بۆ2012
- عەبدولڕەزا خەلیفە كازم 2012 بۆ 2013
- ساڵح عەبدولكەریم سەلیم 2013 بۆ 2014
- مەعەن عەبدولحوسێن 2014 بۆ 2015
لە ساڵی 2015 ـەوە هەتاوەكو ئەمڕۆش سەعد عەبدولحوسێن مەیسەر بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتی شارەبانە. لە ئێستادا كتێبخانەیەكی وێران و پشتگوێ خراوە، بینایەكی كۆن و داڕزاو، كە لە ساڵی 1959 ـەوە دروستكراوەو نۆژەن نەكراوەتەوە، تەنانەت سەرچاوەكانیشی وەكو پێویست لەلایەن كتێبخانە گشتییەكان و وەزارەتی رۆشنبیری عێراقەوە بۆ نایەت و لە ئێستادا 10 هەزار كتێبی تێدایە، ئەمە لە شارێكدایە كە دانیشتووانەكەی زیاتر لە 100 هەزار كەس و هەزاران قوتابیشی تێدایە، بۆیە پێویستی بەسەرچاوە و كتێبی زیاترە.
شارەبان یاخود مقدادیە كە ناوە فەرمییەكەیەتی زۆرینەی خەڵكەكەی هەژارە و ئازادیش وەكو پێویست نییە، كە خەڵكەكەی داوای مافە رەواكانیان بكەن، كە یەكێك لەو مافانەیان بایەخدانە بە كتێبخانەكەیان، بەو پێیەی پێویستی بە نۆژەن كردنەوە و بایەخدان و زیادكردنی سەرچاوەی كتێبە لە كتێبخانەكەدا.
خەبات بەپێویستی زانی كتێبخانە وێرانەكەی شارەبان بەسەر بكاتەوە و لە نزیكەوە هەوادارانی بدوێنی، ئەمەو سەرەڕای ئەوەی كە هەندێك كارمەندانی كتێبخانەكە ئامادەی لێدوان نەبوون لەوبارەیەوە جا ئیتر لەترسدا بێت یاخود هەر هۆكارێكی تر.
لەمبارەیەوە حوسێن عەلی هاووڵاتییەكی شارەكە دەڵی: كتێبخانەی گشتی شارەبان كە نزیكی ماڵمان بوو لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا رۆژانە و بەبەردەوام دەچوومە كتێبخانەكە هەم كتێبم وەردەگرت و هەم بۆ خۆێندنی وانەكانی قوتابخانە كە ئەوكات لە دواناوەندی بووم . زۆر بە باشی تاڵب خەشاڵی بەڕێوەبەری كتێبخانەكەم لەبیر ماوە، كە خۆی خەڵكی باقوبە بوو، بەهۆی كارەكەیەوە هاتبووە شارەبان، كە بەداخەوە لە ساڵی 1970 ون بوو من زانیاریم لەسەر ونبوونەكەی نییە، هەروەها دوای تاڵب خەشاڵی، عەلی جومعە باوكی سامان كە خەڵكی مەندەلیە و كوردە هات بووە بەڕێوەبەری كتێبخانەكە، كە بەڕاستی لەسەر دەستی باوكی سامان باخچەی كتێبخانەكە زیاتر رازایەوە بە گوڵ و گوڵزار كە مرۆڤ حەزی دەكرد تێیدا دابنیشێت، نەوەكو ئێستا وێرانەیە و مرۆڤ هەر بێزی نایە تیایدا بوەستێت بۆ ساتێكیش . ئەوكات بایەخی تەواو دەدرایە كتێبخانەكە و سەرچاوەی باشیشی تێدابوو شوێنەكەشی گونجاو و رازاوە بوو بۆ خوێندن، بەڵام ئەمڕۆ نەخێر وێرانەیە.
هەروەها هاووڵاتی خەلیل جبوری دەڵێت: لە كۆندا لەناو بازاڕی كۆنی شارەبان كتێبخانەیەك هەبوو كە گۆڤاری منداڵانیشی دەهێنا، خاوەنەكەی ناوی كامیل رەگاع بوو بەیانیانی زووی سەرەتای هەموو حەفتەیەك بەدەیان منداڵ بەردەمی دوكانەكەیمان دەگرت بۆ كڕینی گۆڤاری منداڵان، كە ناوی هەندێكیانم بیرماوە لەوانە گۆڤاری تەڕەزان و سندباد و ..هتد . كە گەورە بووین ئەوجار هەموو رۆژ پێشبڕكێ بوو بۆ كتێبخانەی گشتی شارەبان، ئەوكات تەنیا پێشبڕكێ نەبوو تەنیا لەسەر خوێندن، بەڵكو لەسەر جلوبەرگ و رێكوپێكی و زۆر شتی دیكەش بوو، كاتێك كە لە دوورەوە تەماشای خەڵكەكەت بكردایە كە دەچوونە نێو كتێبخانەكەوە، ئەگەر خەڵكی شارەكە نەبویتایە دەتگوت ئەمانە بۆ ئاهەنگ دەچن . ئێستا دەبینین لە قوتابی هەژار زیاتر كەس ناڕواتە كتێبخانەوە، ئەویش بەدوای سەرچاوەدا دەگەڕێن بۆ توێژینەوەكانیان . حكوومەتی عیراقی هیچ گرنگییەكی بەو شارە و كتێبخانەكەی نەداوە، حكوومەتێك كە نەتوانێ كتێبخانەیەك نۆژەن بكاتەوە ئیتر ئەمە كەی حكوومەتە. هەندێك هۆكاری تریش هەن كە خەڵكەكە لە كتێبخانەكە دووركەوتنەوە لەوانە پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و بارودۆخی خراپی دارایی كە مرۆڤ هەر دەبێ لەكاردا بێت و بەتایبەت شارەكەی ئێمە كە هەژاری زۆر زۆرە.
هەمدیس مامۆستا موحەمەد عەلی دەڵی: من زۆربەی كتێبخانەكانی كوردستانم دیوە چونكە دەمێكە ماڵم لە كوردستانە و تەنها خۆم لەبەر دەوامی رۆژانەم لێرەم، كتێبخانەكانی كوردستان مرۆڤ تیایدا ئارام دەبێتەوە، بەڵام ئەم كتێبخانەیەی شارەبان كە دەمێكە ئاوا پشتگوێ خراوە و ویڕانەیە و سەرچاوەی نوێی وەكو پێویست بۆ نایەت ، بەڵام ئێمە هەر دڵمان پێی دەكرێتەوە و داواش ناكەین نۆژەن بكرێتەوە چونكە باش دەزانین نایكەن ئیتر بۆ قسەی خۆمان بەبەلاش سەرف بكەین ، یەڕای من رەوتێك لەمڕۆی عێراقدا دروست بووە كە حەز لە پێشكەوتن و رۆشنبیری ناكات ئیتر دەبێ تێبگەی و زوو ئێرە بەجێ بهێڵی نەوەك بەر رەحمەتی ئەو رەوتە بكەوی.
هەروەها قوتابی جومعە جبوری گوتی: ئێمە سەدان قوتابین كە زۆربەمان هەژارین و توانای كڕینی سەرچاوەمان نییە بۆیە بەناچاری روودەكەینە ئەم كتێبخانە وێرانەیە كە راستە زیاتر لە 10 هەزار سەرچاوەی تێدایە، بەڵام هێشتا پێویستی بەسەرچاوەی زیاترە و هەروەها نۆژەن بكرێتەوە، چونكە كتێبخانەیەكی هاوشێوەی كاولە بەڕاستی و كەسیش بایەخی پێ نادات .










