خەبات: تریفە ئازاد
لەمێژینەوە زۆر هەوڵدراوە كە ئاستەنگ و رێگری لە پێگەو و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان بگیرا، بەڵكو زۆر هەوڵدراوە بوونی كوردستان لەسەر نەخشە و ناوەندەكاندا بسڕێتەوە، بەڵام مێژوو و خەباتی دوورودرێژی بارزانی و جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و كاك نێچرڤان و كاك مسرور بارزانی و پێشمەرگەی كوردستان بوونە زامنی بوون و پێگەی گرنگی كورد و كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەرێم و نێودەوڵەتی. لە هەموو قۆناغێكی خەباتی بزووتنەوەی رزگاری خوازی كورد، ماڵباتی بارزانی هەمیشە پارێزەر و فریادرەسی كورد و كوردستان بوونە، لەهەموو داستانەكانی هەڵمەت و قورانیدان و لەهەموو كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا ئەم جوامێرانە ئەوپەڕی هەڵمەت و قوربانی موعجیزاتیان نواندووە لە پێناو بوون و پێشكەوتنی دۆزی كورد و كوردستان. لەسەرەتای ئەم مانگەدا، ئەمجارە بەرێز مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەفەرمی بەشداری كۆنفڕانسی میونشن كرد. بێشك ئەمجارەش بەشدرای كورد لەم كۆنفڕانسەدا گرنگی تایبەتی خۆی هەبوو بەتایبەت لەم هەل ومەرجەی ئەمڕۆ كوردستان و عێراق بەگشتی، هەروەها دیدار و كۆبوونەوەكانی مسرور بارزانی لە پەراوێزی ئەم كۆنفڕانسەدا گەواهی موعجیزەی حكومڕانی كورد و گرنگی و بەرزی پێگەی كورد و كوردستان دەخاتەروو. لەم ڕاپۆرتەدا هەوڵدەدەین گرنگی و پێگەی سیاسی و ئابووری كوردستان و چەند لایەنێك لە چالاكیەكانی كاك مسرور بارزانی لەم كۆنفڕانسەدا بخەینەروو.
كورد دەبێت بەردەوام بێت لە بەهێزكردنی پێگەی سیاسی و ئابووری خۆی
پرۆفیسۆر هاوڕێ مەنسوربەگ، شارەزا لە بواری نەوت و مامۆستای زانكۆ لە بارەی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و بەشداری كردنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: كۆنفرانسی ئاسایشی میونخ یەكێكە لە كۆنفرانسە هەرە پڕ بایەخەكانی ئەوڕوپا كە تێیدا سەركردە ئەوڕوپیەكان لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتیەكانیان باسی ئاسایشی جیهانی دەكەن بە مانا تێكهەڵكێش و فراوانەكەی. كورد لە چەندین دەیەی ڕابردوو بریتی بوون لە گرووپ و دەستەی نیمچە ڕێكخراو، هەمیشە كارتێكراو بوون لە هاوكێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكان. دوای ڕاپەڕین و هاتنە كایەی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، تا ڕادەیەكی باشیش پەیڕەوكردنی بنەماكانی دیموكراسی و كرانەوە بە ڕووی جیهان، هەروەها دوای بوون بە هاوبەش لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەرەنگاری بوونەوە دژ بە تیرۆریستانی داعش، ئێستا پێگەی كورد گۆڕانكاری گەورەی بەسەر هاتووە و كورد بۆتە كیانێكی كارتێكەری كارا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سەرباری هەر سەرنج و تێبینیەك، كورد لە سیاسەتی پارادیپلۆماسی (مامەڵەكردنی ڕاستەوخۆی هەرێم لەگەڵ وڵاتان و ناوەندەكانی بڕیار لە جیهان، بە بێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی ناوەند) سەركەوتنی گەورەی بۆ خۆی تۆمار كردوە. نموونەش بۆ ئەو سەركەوتنانە ئاستی دیدارەكانی سەركردایەتی سیاسی كوردە لە گردبووونەوە گرینگ و كاریگەرەكانی لەگەڵ سەرۆك و كەسایەتیە جیهانیەكانی وڵاتان. وڵاتانی جیهان بە گشتی كورد وەك فاكتەرێكی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینن. كوردستان لە ناوچە دەگمەنەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە تا ئاستێكی سەرنج ڕاكێش هەموو گروپە ئاینیو ئیتنیەكان پێكەوە دەژین. تاكە ناوچەی عێراقە كە بە ڕێژەیەكی باش سەقامگیری سیاسی و ئابووری تێدا بەدی دەكرێت. سەرباری سەقامگیری سیاسی و ناوچەیەكی ئارام بۆ سەدان هەزار ئاوارە، هەرێمی كوردستان بە هەناردەكردنی نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی خام بۆ بازاڕەكانی جیهان، خۆی كردۆتە هاوبەشێكی ئەمری واقع (دیفاكتۆ) لە نەخشەی ئاسایشی وزەی جیهان، كە یەكێكە لە پایە هەرە گرینگەكانی ئاسایشی نێودەوڵەتی. لە تەنیشت دیدارە گرینگەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێزدار مەسرور بارزانی لەگەڵ سەركردە سیاسیەكانی جیهان، لە ناویشیان وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، بە بڕوای من دیدار لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمریكا زۆر گرینگ بوو. وەسفكردنی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوت بۆ بازارەكانی جیهان بە موعجیزە و گەڕاندنەوەی ئەو موعجیزەیەش لە لایەن وەزیری ناوبراو بۆ وریایی و حیكمەتی سەركردایەتی سیاسی كوردستان، مایەی هەڵوەستە لە سەر كردن و تێڕمانی زۆرە. هەڵوێستی سیاسی كورد و تێكەڵبوون بە ئاسایشی وزەی جیهانی سەرنجی سەركردەكانی جیهانی بۆ خۆی ڕاكێشاوە. كورد دەبێت بەردەوام بێت لە بەهێزكردنی پێگەی سیاسی و ئابووری خۆی، خۆ گونجاندن لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژ ئاوا لە ڕووی سیاسی و ئابووری هێشتان لە قۆناخی لە دایكبوونە و كاری مەزن و پڕ لە ئاستەنگ ماون ئەنجامبدرێن. چۆن پێگەی خۆمان دەپارێزین، چۆن دامەزراوەكانمان بە پێوەرە جیهانیەكان لە سەر بنەماو پێوەر و ستاندەردی جیهانی دادەمەزرێنین بۆ گەیاندنی هەرێمی كوردستان بە كەناری ئارام، كۆمەڵێك پرسیارن پێویستیان بە وەڵام و كرداری جددیە كە ناتوانین خۆمانی لێ بدزینەوە.
بەهێزی پێگەی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە بۆ ووڵاتانی جیهان
تەیب زرار، نوسەرو چاودێری سیاسی لە بارەی بەشداری شاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفراسی ئاسایشی میونشن لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: كۆنگرەی میونشن خۆی لەخۆیدا شانۆیەكی گەورەی جیهانییە بۆ بەیەكگەیشتنی سەركردە باڵاكانی جیهان بەتایبەتی ئەوانەی گرنگی دەدەن بە ئاسایشی جیهان و سەقامگیری ، هەر بۆیە زانكۆی پەنسیلڤانیای ئەمریكی كۆنگرەی میونشنی بەگرینگترین كۆنگرە داناوە لەسەر ئاستی جیهان كە لەبواری ئاسایش دەكۆڵێتەوە ، ساڵانە ئەم كۆنگرەیە دەبەسترێت تەوەرەكانی گفتوگۆ و پانێڵەكانی كۆنگرەكە دەبێتە جێگەی سەرنجی میدیاكانی جیهان.لەپەراوێزی كۆنگرەكەدا چەندین دیدار و كۆبونەوەی دوو قۆڵی و چەند قۆڵی ئەنجام دەدرێن ئەمەش چانسێكی زۆر باشە بۆ ئەو سەركردانەی كە خۆیان و ووڵاتەكانیان پێویستیان بە پەرەپێدانی دیپلۆماسیەت و پەیوەندییەكانیان هەیە ، هەروەها بۆ گەیاندنی بیر و بۆچوونی حكومەتەكانیان دەربارەی پرسە گەرمەكانی ئاسایشی جیهانی و هەرێمایەتی ، هەر بۆیە ئەو چەند ڕۆژەی كۆنگرە دەرفەتێكی زۆر باشە بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەی زۆرترین دیدار و كۆبونەوە لەگەڵ كەسایەتییە دیار و كاریگەرەكانی جیهان ئەنجام بدات بۆ ئەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان نیشان بدات لەسەر نەخشەی پاراستنی ئاسایشی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، كە بێگومان بەهێزی پێگەی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە بۆ ووڵاتانی جیهان بەتایبەتی (ئەوروپا و ئەمریكا) چونكە ڕەنگدانەوەی سیاسەتی هەرێم لەسەر ئابوری و ئاسایش و هاوسەنگی هێز لەناوچەكە زۆر بەرجەستەیە لە ئێستادا و لەهاوكێشەكانی ناوچەكە ، هەرێمی كوردستان سەنگی خۆی هەیە ، لەكۆتاییشدا هەموو ئەو دیدار و كۆبونەوانە لە ئایندەدا سودەكانی دیار دەبن كە دەبینین پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ووڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا بۆ هەرێم بەهێزتر دەبێت و ئەو ووڵاتانە گرنگی زیاتر بە كوردستان دەدەن و ئاستی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێم زیاتر بەهێز دەكەن.دیدارەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەرۆژانی كۆنگرەكەدا زۆر پڕ بایەخ و گرنگن چونكە دەبینین دیدارەكان لە ئاستێكی بەرزدایە چونكە لەگەل وەزیرانی گەورەترین ووڵاتانی جیهانن وەك ئەمریكا و روسیا و فەرەنسا و المانیا و یەكێتی ئەوروپا و….هتد كە بێگومان ئەو دیدارانە جارێكیتر ئەو ڕاستیە باشتر نیشان دەدەن كە دەڵێین هەرێمی كوردستان هەنگاو بەرەو لوتكە دەنێ.
هەرێمی كوردستان گرنگی زۆری هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
قارەمان عوسمان، ماستەر لە یاسایی نێودەوڵەتی لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی گوتی: گرنگی ئەم كۆنفڕانسە لەوەدایە كە تاكە سەكۆییە لە سەر ئاستی جیهان كە تیایدا باس لە كێشە پەیوستدارەكان بە ئاسایشی جیهانییەوە دەكرێت. وە لە پەراوێزی كۆنفڕانسەكەش دەرفەتێك بۆ سیاسییەكان دێتە پێشەوە كە یەكتر ببینن و بیروڕا ئالوگۆڕ بكەن. وەزیر و ئەندامانی پەرلەمانی جیهان و نوێنەرانی ڕاگەیاندن و بەرپرسانی پایە بڵندی جیهان بەشداری ئەم كۆنفڕانسە دەكەن، و ساڵانە نزیكەی ?50 كەس لە 40 دەوڵەت بەشداری ئەم كۆنفڕانسە دەكەن بۆ تاووتوێكردنی ئەلەنگارییەكانی بەردەم ئاسایشی جیهانی، بانگێشتكردنی هەرێمی كوردستان بە فەرمی بۆ بەشداری كردن لە كۆنفڕانسەكە و ئەو پێشوازی و میواندارییەی لە وەفدی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی بەڕێز كاك مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئاماژەی ڕوونن بۆ بەهێزی پێگەی هەرێمی كوردستان وەك هێز و قەوارەیەكی سەرەكی كە پشكی شێری هەیە لە پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، و مانەوە و بەهێزی هەرێمی كوردستانیش بەتایبەتی دوای ئەوەی كە كوردستان بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی بە نووێنەرایەتی جیهان گەورەترین هەڕەشەی سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی تێكشكاند و پێشمەرگە بوونە ناسنامە و قەڵغانی پاراستن و بەردەوامی ئارامی و سەقامگیری جیهان، جێگەی بایەخی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە. و بێگومان هەڕەشەی داعش ئێستاش بەردەوامە، بۆیە هەرێمی كوردستان گرنگی زۆری هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.. كۆبوونەوەكانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەراوێزی كۆنفڕانسەكە لەو ئاستە بڵندە لەگەڵ وزیر و كاربەدەستە دەستڕۆیشتووەكانی وڵاتانی زڵهێز بە تایبەتی دیدارەكانی بەڕێزیان لەگەڵ وەزیرانی وزە و بەرگری و دەرەوەی ئەمریكا و كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، بەڵگەن لەسەر بەهێزی پێگەی هەرێمی كوردستان بۆ پارێزگاری لە ئاسایشی نێودەوڵەتی و دەرخەری گرنگی پێگەكەیەتی وەك هەرێمێكی خاوەن وزە و كۆریدۆرێكی سەرەكی گەیاندنی وزە بە ئەورپا لە دوای تەنگەی هورمز.. شارەزایان لە یاسای نێودەوڵەتی هەمیشە دەڵێین: بۆ ئەوەی دەوڵەتێك یاخود ڕێكخراوێكی ببێتە خاوەن كەسایەتی نێودەوڵەتی، پێویستە لە ئاستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكرێت، كەواتە ئەم هەڵسوكەوتە نێودەوڵەتیانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئاماژەن بۆ ئەوەی كە هەرێمی كوردستان خاوەن پێگە و كەسایەتییەكی نێودەوڵەتییە هاوشێوەی دەوڵەتە خاوەن سەروەرییەكان.
سهرهتا چاوپێكهوتن تێروانینێك بۆ رەهەندی بەشداری كردنی كورد لە كۆنفرانسی ئاسایشی ئابووری و جیهانی...










