خهبات: دڵشاد مستهفا وهسانی
لەم رۆژانە نووسەر و رۆژنامەنووسی گەلەكەمان مومتاز حەیدەری، سەرەتای ساڵی 2020ی بە داهێنانێكی نوێ لە چاپكردنی چەند بەرهەمێكی نوێ گوڵڕێژ كرد، شەش كتێب بە یەكەوە لە بۆكسێكدا و بە دیزاین و بەرگێكی شایستە لە چاپ دەرچوون، شەوی 8ی ئەم مانگە مامۆستا مومتاز حەیدەری بەرهەمە نوێیەكەی بەدیاری بۆ خەبات هێنا، پێی راگەیاندین لە رێوڕەسمێكی شایستەدا بەرهەمەكە رادەگەیەندرێت و بڵاودەكرێتەوە، كە بریتین لەم كتێبانە:
❊ گوڵچنێك لە یادداشتەكانی ساڵح حەیدەری.
كتێبی گوڵچنێك لە یادداشتەكانی ساڵح حەیدەری كتێبێكی 472 لاپەڕەیە بە قەبارەی گەورە و بەرگێكی شایستە، لە وەرگێڕانی حەیدەر عەبدوڵڵا و پێداچوونەوەی مومتاز حەیدەری، وەك لە لاپەڕەی سەرەتای كتێبەكە ئاماژەی پێكراوە، بەشێك لە دەستنووسی بڵاونەكراوەی ساڵح حەیدەرییە، 40 لاپەرەی سەرەتای كتێبەكە بەناوی فەرهەنگی نەمران بۆ وێنەی ژمارەیەكی زۆری تێكۆشەری دێرین و كەسایەتیی نەتەوەیی، نیشتمانی، سیاسی، كلتووری ـ كۆچكردوو و زیندووـ بڵاوكراونەتەوە و مومتاز حەیدەری لەبارەی فەرهەنگەكەوە چەند پەرەگرافێكی نووسیوە.لەم كتێبەدا وێڕای ژیانی رۆشنبیر و سیاسی و رۆژنامەگەریی ساڵح حەیدەری، زانیاریەكی زۆر گرنگیش لەبارەی دامەزراندنی حزبی هیوا و یەكێتی تێكۆشین و حزبی شۆڕش و حزبی رزگاری و دەركردنی رۆژنامەی نهێنی و زۆر بابەتی دی بەرچاو دەكەون.
❊ كۆمەڵە وتارێكی گرنگی بڵاونەكراوەی ساڵح حەیدەری.
كتێبی كۆمەڵە وتارێكی گرنگی بڵاونەكراوەی ساڵح حەیدەری بە كوردی و عەرەبییە، بەشی عەرەبی 287 لاپەڕەیە، بەشی كوردی 328 لاپەڕەیە، قەبارەی گەورەیە و بەرگێكی جوانی هەیە، لە وەرگێڕان و ئامادەكردنی د. ئازاد عوبێد ساڵح، ناساندنی مومتاز حەیدەری و پێشەكی گشتی بەختیار حەیدەری، كتێبەكە لە چەند بەشێك پێكهاتووە: بەشی یەكەم/ رێگە چارەی ئاشتی، بەشی دووەم/بەیاننامەی ئاداری 1970 لە نێوان دەق و جێبەجێ كردندا، بەشی سێیەم/ لە دوای راگەیاندنی بەرە، بەشی چوارەم/ راگەیاندنی ئۆتۆنۆمی بۆ ناوچەی كوردستان لە ئاداری 1974دا.
كتێبەكەبەسەر ئەو بەشە سەرەكییانەدا دابەش كراوە، بەڵام زۆر بە وردی و فراوانی زۆرترین رووداوی ساسیی سەردەمی نووسینەوەی كتێبەكەی گرتۆتە خۆ.

❊ ساڵح حەیدەری 1922-2001 . رۆڵی سیاسیی و رووناكبیریی.
كتێبی ساڵح حەیدەری 1922 -2 001رۆڵی سیاسیی و رووناكبیریی كتێبێكی246 لاپەڕەیە بە قەبارەی گەورە و بەرگێكی قەشەنگ، لە نووسینی بورهان حاتەم گۆمەتاڵی، ئەم كتێبە لە بنەڕەتدا ماستەرنامەیەكە پێشكەش بە بەشی مێژووی زانكۆی سەلاحەدین كراوە، مومتاز حەیدەری بەناوی لەپێشوازی ئەم كتێبەدا پێشەكییەكی نووسیوە، ساڵی 2012 وەك چاپی یەكەم چاپ كراوە و ئەم چاپەیشی چاپی دووەمە، ناوەرۆكی كتێبەكە پێكهاتووە لە: دەروازە/ ژیان و كەسایەتی ساڵح حەیدەری، بەشی یەكەم/ رۆڵی سیاسیی ساڵح حەیدەری لە نێوان ساڵانی 1942- 1945 دا، بەشی دووەم/ رۆڵ و چالاكییە سیاسییەكانی حەیدەری لە نێوان ساڵانی 1946- 1980 دا، بەشی سێیەم/ رۆڵی رووناكبیریی ساڵح حەیدەری.
❊ جەمال حەیدەری 1926-1963 .. رۆڵی سیاسیی و رۆشنبیری.
كتێبی جەمال حەیدەری 1926-1963.. رۆڵی سیاسیی و رۆشنبیری كتێبێكی 351 لاپەڕەیە بە قەبارەی گەورە و بەرگێكی قەشەنگ، لە نووسینی بارزان محەمەد عەلی، ئەم كتێبە لە بنەڕەتدا ماستەرنامەیەكە لە 12/10/2016 لە زانكۆی سەلاحەدین گفتوگۆی لەبارەوە كراوە، مومتاز حەیدەری پێشەكییەكی بەناوی جەمال حەیدەری لووتكەی سەركردایەتی نووسیوە، ناوەرۆكی كتێبەكە پێكهاتووە لە: دەروازە/ ژیان و كەسایەتی جەمال حەیدەری، بەشی یەكەم/ رۆڵی سیاسی جەمال حەیدەری لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی عێراقدا 1942-1963، بەشی دووەم/ هەڵوێستی جەمال حەیدەری لە بەرانبەر پرسی كورد. بەشی سێیەم/ رۆڵی رۆشنبیریی جەمال حەیدەری، هەروەها لە لاپەڕە 233 تا لاپەڕە 343 لەوانە 33 لاپەڕەی بۆ چەند بەڵگەنامەیەك تەرخان كراوە، ئەوانەی دی واتە 76 لاپەڕەی بەشی پاشكۆ لە لایەن مومتاز حەیدەری بۆ كتێبەكە زیادكراوە كە لێكۆڵینەوەیەكە شەهید جەمال حەیدەری پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول 1961 بە عەرەبی نووسیویەتی، شەفیقی حاجی خدر كردوویەتیە كوردی، لێرەدا بەكوردی و عەرەبی بڵاوكراوەتەوە.
❊ مومتاز حەیدەری باخچەیەكی رەنگین لە كلتووری كوردیدا.
كتێبی مومتاز حەیدەری باخچەیەكی رەنگین لە كلتووری كوردیدا بە قەبارەی گەورە و 495 لاپەڕە و بەرگێكی جوان، چاپی یەكەم 2019 لە نووسینی بارزان محەمەد عەلی، ناوەرۆكی كتێبەكە پێكهاتووە لە: بەشی یەكەم/ ژیاننامە و پێگەیشتنی بەسەر سێ تەوەردا دابەش بووە، بەشی دووەم/ رۆڵی لە رۆژنامەگەری كوردیدا بەسەر دوو تەوەردا دابەش بووە، بەشی سێیەم/ حەیدەری و سەندیكای رۆژنامەنووسان بەسەر دوو تەوەردا دابەش بووە، بەشی چوارەم/ گۆڤاری k21 و لەیلا قاسم و لەیلا زانا بەسەر دوو تەوەردا دابەش بووە، بەشی پێنجەم/ بەرهەم و نووسینەكانی بەسەر شەش تەوەردا دابەش بووە، بەشی شەشەم/ مشتێك لە وتار و دیدارەكانی مومتاز حەیدەری كە بەسەر دوو تەوەردا دابەش بووە، لە كۆتاییدا چەند لاپەڕەیەك وەك پاشكۆ بۆ بەڵگەنامەكان تەرخان كراوە.
❊ كەشكۆڵێكی كلتووری.
كتێبی كەشكۆڵێكی كلتووری بە قەبارەیەكی گەورە و 336 لاپەڕە و بەرگێكی جوان، لە ئامادەكردن و سەرپەرشتیی مومتاز حەیدەری، ناوەرۆكی كتێبەكە پێكهاتووە لە: گۆڤاری k21 وەك سەرچاوەی رۆژنامەوانی كوردی لە هەولێر نوسینی پ.ی. د. ئازاد عوبێد ساڵح، نازەنین حەیدەری 1942- 2014 توێژینەوەیەكی مێژووییە لە ژیان و رۆڵی كۆمەڵایەتی و سیاسی ئامادەكردنی خالید جوبرائیل تەها و شیمال محەمەد رەمەزان، بیبلۆگرافیای 12 ژمارەی گۆڤاری k21 ئامادەكردنی د. شوان سلێمان و رەسوڵ بەختیار، عەبدولرەحمان بێلاف لە باوەشی سۆفیگەریدا نووسینی مومتاز حەیدەری، نامەیەك بەدەم باوە دەفڕێ و رۆژێك دەگاتە جێ نامەیەك بۆ پیرە هەڵۆ نووسینی سەعید عەبدوڵڵا، مومتاز حەیدەری رۆڵی لە كەلتووری كوردیدا نووسینی كەژاڵ ساڵح، پرۆفیسۆر عزەدین مستەفا رەسوڵ. قەڵەمێكی حەفت رەنگ دیمانەی حەیدەر عەبدوڵڵا لەگەڵ مومتاز حەیدەری، ئەندێكسی گۆڤاری لەیلا قاسم - لەیلا زانا ئامادەكردنی مۆفەق میراودەلی، لەگەڵ چەند بابەتێكی دی.










