خەبات: تریفە ئازاد:-
لە هەفتەی دووەمی مانگی شوباتی هەموو ساڵێك، بەرپرسانی باڵالە دروستكردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەكان لە میانەی كۆنفڕانسێكی جیهانیدا لە شاری میونشنی ئەڵمانی كۆدەبنەوە و باس لە بارودۆخی هێمنی و سیاسی و ئابووری و تەواوی كێشە و ئاستەنگە نێودەوڵەتییەكان دەكەن. گرنگی ئەم كۆنفڕانسە لەوەدایە كە بڕیاربەدەستانی وڵاتان بۆ ماوەی سێ رۆژ لە نزیكەوە یەكتری دەبێنن و بیرۆرا دەربارەی پرشە هەنووكەییەكانی جیان ئاڵوگۆڕ دەكەن، هەروەها ئەم گۆنفرانسە دەتوانین بڵێین سەكۆیێكی ئازادە بۆ داهێنان و پتەوكردنی پیوەندییە سیاسی و ئاسایش و ئابووری و تەكنۆلۆجی و تەندروستی و زانستە كۆمەڵایەتییەكان و …هتد.
گەڕی ئەمجارەی میونشن 56زیاتر لە 30 سەرۆكی وڵات لەنێویاندا مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و زیاتر لە 70وەزیری بەرگری و دەرەوەی وڵاتانی جیهان ئامادە دەبن وێریا چەندین بەرپرسانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان زانا و پسپۆری بوارە جیاوازەكان. هەروەها زیاتر لە 500 سەرۆكی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و ئۆتۆمبێل و چەك و پێشەسازییە جۆراوجۆرەكان و رێكخراوانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
شایانی باسە بەشداری فەرمی مسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەكو بەشداربووێكی كاریگەر لە بواری سەربازی و هێمنی و ووزە، ئاماژەیەكە بە كاریگەری پێگەی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان. هەروەها دیدار و چاوپێكەوتنەكانی مسرور بارزانی لەپەراوێزی كۆنفڕانسەكەدا لە گەل سەرۆك و بەرپرسانی وڵاتان سەنگ و گرنگی تایبەتی هەیەل لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق بەگشتی. لەم ڕاپۆرتەدا هەوڵدەدەین گرنگی و ڕەنگدانەوەی بەشداروونی كوردستان لەم كۆنفڕانسەدا بخەینەروو.
دەستكەوتی زێڕینی و دیبلۆماسی بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای كورد لە نەخشەی وەزی جیهان
كارۆخ خۆشناو سەرۆكی ئینستیتوتی توێژینەوەی ئەمریكی ژ كوردی لە بارەی بەشداری كردنی ڕێزدار مەسرور بارزانی لە كونفراسی ئاسایشی میونشن لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن پلاتفۆڕمێكی جیهانی گرنگ و پڕ بایەخە بۆ تاوتوێكردنی چەمكی ئاسایش لە هەموو ڕووەكانیەوە، وەك ئاسایشی مرۆیی و ئاسایشی ئابووری و ئاسایشی تەندروستی و ئاسایشی وزە و ئاسایشی ئەلكتڕۆنی و ئاسایشی سنوری وڵاتان و ئاسایشی تەكنەلۆژی…..هتد بانگهێشتكردنی فەرمی بەڕێز مەسرور بارزانی بۆ ئەم كۆنفڕانسە سەلمێنەری ڕۆڵی هەرێمی كوردستانە لە سەقامگیركرنی ئاسایشی ئەم ناوچەیە لە ڕێگای تێشكاندنی تیرۆر و دەرخەری گرنگیپێدانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیە بە هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی سەقامگیر و ئەكتەرێكی چالاك لە دژایەتیكردنی تیرۆر و ژمارەیەكی خوێندراوە لە هاوكێشە سیاسی و ئەمنیەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەشداریكردنی بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەرفەتێكی زێڕینە بۆ وەبەرهێنان لە هەردوو سێكتەری دیبلۆماسی و ووزە لەم چوارچێوەیەشدا كۆبونەوەكانی بەڕێز مەسڕور بارزانی لەگەڵ كۆمەڵێك كەسایەتی و كارەكتەری گرنگ لە پڕۆسەی داڕشتنی بڕیاردا ئەنجام دەدرێن، وەك هەریەك لە وەزیرانی دەرەوە و وزەی ئەمریكا، ئەم دیدارانەش پشاندەری پێگەی ستراتیژی و سەقامگیری هەرێمی كوردستانە لەسەر نەخشەی وزەی جیهان، ئەم پێگەیەش فاكتەرێكی سەرەكی گرنگی پێدانی ئەمریكا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیە بە هەرێمی كوردستان. هەروەها فاكتەرێكی تری گرنگی پێدانی ناوەندە نێودەوڵەتیەكان بە كورد بە گشتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆڵەی كورد گێڕای لە شەڕكردن و تێكشاندنی داعش لە جیاتی جیهانی ئازاد كە لەم پێناوەدا كورد لە باشور و ڕۆژئاوادا هەزاران شەهید و برینداری بەخشی، خوێنی ئەم هەزارەها شەهیدەش ئەستێرەی كوردی بە شێوەیەك درەوشاندۆتەوە كە هەركاتێك باس لە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكرێت، ئەوا وێنەی كورد وەك جەنگاوەری ئازا لە كۆنفرانسەكاندا دەدرەوشێتەوە. لەم دەرفەتە زێڕینەدا سەرۆكی حكومەت ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەكات لە دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ هەموو كەسایەتی و كارەكتەرە بەژداربووەكانی كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن، چونكە لە ئەجیندای سێ ڕۆژەی مانەوەی سەرۆكی حكومەت 33 دیدار ئەنجام دەدات، ئەم دیدارانەش وەك دەستكەوتێكی زێڕینی دیبلۆماسی دەچنە سەر خەرمانی دەستكەوتەكانی تر بۆ زیاتر ناساندنی دۆزی ڕەوای كورد. دوو دیداری سەرۆكی حكومەت لە یەك ڕۆژدا لەگەڵ دوو وەزیری ئەمریكا وەزیری دەرەوە و وەزیری ووزە پێمان دەڵێت كە كوردستان لەلایەك خاوەنی پێگەیەكی ستراتیژی و جیۆپۆڵیتیكی گرنگە، لەلایەكی تریشەوە ژێرخان و سەرخانی كودستان زۆر دەوڵەمەندە و لەسەر نەخشەی ووزەی جیهان پێگەی خۆی قایم كردووە.

پێگەی بەهێزی كوردستان و گرنگی رۆڵی كورد لە ناوچەكەو لە جیهاندا
بڵند نەورەس ئەكادیمی لە بواری ڕاگەیاندن لە بارەی بەشداری شاندی حكومەتی هەرێمی كورستان لە كۆنفراسی مینوشن دەنگدانەوەی لە میدیا جیهانیەكان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: كۆنفرانسی ئاسایشی مینوشن بەهێزترین و كاریگەرترین كۆنفرانسەكانی جیهانە لە ڕووی ئاسایشەوە، بە پێی توێژینەوەیەكی زانكۆی بنسلڤانیای ئەمریكی لەو بوارەدا. ئەم كۆنفرانسە لە ساڵی 1963 وە بەردەوامی هەیە، سروشتی كۆنفرانسەكە وایە كە لە سەرتاسەری جیهاندا كەسایەتییە كاریگەرەكانی جیهان و بڕیار دروستكەر و بڕیار بەدەستەكان بانگهێشت دەكەن بە مەبەستی گفتوگۆكردن و دۆزینەوری رێگەچارە بۆ ئەو كێشانەی كە لە جیهاندا ڕووداوی گەرمن. كۆنفرانسەكە بەرنامەی تایبەتی ساڵانە دادەنێت و لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا بەشداربووان دیدار و پانێڵ ئەنجام دەدەن بۆ خستنەڕووی تێڕوانینەكانیان. پرسی ئاسایش پرسێكی جیهانییە، چارەسەركردن و پێشگرتنیش لێی هەر بە هەرەوەزی جیهانی دێتە دی، كەواتە بەشداربووان لە یەك چوارچێوەی فراواندا و بە پێی بەرژەوەندییەكانیان ئاراستەكانیان دەخەنە ڕوو. بانگهێشتكردنی رێزدار كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەڕێز كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نیشانەی كاریگەری ئەم دوو كارەكتەرە سیاسییە كوردستانییەیە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیدا. لە هەمان كاتدا بەگرنگی سەیركردنە لە پێگەی هەرێمی كوردستان لەو بوارو بابەتانەی كە لەسەر ئاستی جیهان دەگوزەرێت. بەشداریكردنی بەرێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەشداریكردنی هەرێمی كوردستانە بە مەبەستی داكۆكیكردن لە ماف و ئاسایش و دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها دەرخستنی ئەو سەنگە سیاسی و دیبلۆماسییەیە كە هەرێمی كوردستان پێی هەڵدەستێت. هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئاسایشەوە بەشێكە لەو هێزە بەرجەستە و كاریگەرەی كە جیهانی ڕزگاركرد لە مەترسی داعش، ئەو داعشەی كە هەڕەشەبوو لەسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ئاسایشی هەموو جیهان. لەهەمان كاتدا ڕۆڵی پێشمەرگە و قوربانیدانەكانی بە ئاراستەی ئارامی ئاسایشی جیهاندا، بابەتێكی تری سەرەكی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە لە كۆنفراسەكەدا و لە پەراوێزی كۆنفرانسەكەدا، تایبەت لە دیدارە فەرمییەكانیدا دەیخاتە بەرباس. ئەم كۆنفرانسە ساڵانە دەبێت بە بەشێك لە سیاسەتی ئەڵمانیا و ئەوروپا بەشێوەیەكی گشتی و بنەمایەكە بۆ سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپی بە شێوەیەكی ڕێژەیی. هەموو بابەتەكان بابەتی سەرەكین و تێڕوانینەكان یەك دەخرێن بۆ چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهات و كێشە جیهانییەكاندا.
كەواتە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن هەنگاوێكی دیبلۆماسی و سیاسییە كە هەرێمی كوردستانیش وەك بەشداربوییەكی كارا دەتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت لە چوارچێوەی پاراستنی هەرێمی كوردستاندا.گرنگی ئەم كۆنفراسە بۆ هەرێمی كوردستان لەوەدایە كە دەرفەتێكی جیهانی دەرەخسێنێت بۆ كوردستان تا لە ڕێگەیەوە بتوانێت باس لە كێشە و گرفت و مەترسییەكان بكات كە لەسەر هەرێمی كوردستانن، هەروەها زەمینەیەكی لەبارە بۆ گفتوگۆكردن و گۆڕینەوەی بیروڕا سەبارەت بە پرسە گەرم و كاریگەرەكان لەگەڵ گەورە بەرپرسان و دروستكەرەكانی بڕیار و بڕیار بەدەستەكانی جیهاندا. كوردستان لە ڕێگەی ئەم جۆرە كۆنفرانسە جیهانیانەوە دەتوانێت كاریگەری دروست بكات لەسەر بڕیاری وڵاتان و زەمینەی تێگەیشتن فەراهەم بكات لەگەڵ ئەو ئەجندایانەی كە كار بە بەرژەوەندی و بەرژەوەندی هاوبەش دەكەن. دیبلۆماسییەتی كوردی ئەو كەناڵەیە كە لە رێگەیەوە هەرێمی كوردستان دەتوانێت بناغەی ئاسایشی هەرێم و پاراستنی دەستكەوتەكان ببەستێتەوە بە ئاسایشی جیهانەوە، هەر لەو رێگەیەوە دەشتوانێت بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەكان گرێبدات بەیەكەوەو لە خزمەتی پرسی كورد و كوردستانداو وەبەرهێنانی لەسەر بكات بەسودی هەرێمی كوردستان. جیا لەوەی ئەم دیدارە جیهانییانە ئاماژەن بۆ پێگەی بەهێزی كوردستان، لە هەمان كاتدا ئاماژەشن بۆ گرنگی رۆڵی كورد لە ناوچەكەو لە جیهاندا. كەواتە هەرێمی كوردستان لە رێگەی ئەم كۆنفراسە نێودەوڵەتییانەوە هەم خزمەت بە خۆی دەكات، هەم خزمەت بە ئاسایشی جیهان دەكات لە هەموو ڕوویەكەوە.
سەنگ و پێگەی هەرێمی كوردستان لەڕووی ئابووری و سیاسی و ئاسایشەوە
مزەفەر تاهیر، نوسەرو چاودێری سیاسی لە بارەی بەشداری كردنی ڕێزدار مەسرور بارانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفراسی مینوشن و دیدارەكانی لەگەڵ بەپرسانی وڵاتان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: لەنێو ئاڵۆزی ناوچەكەو ئەو دۆخەی ناجێگیرەی عێراق و وڵاتانی هەرێمەكە، ڕۆژ دوای ڕۆژ پێگەی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەردەكەوێ، دیداری ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی كۆبوونەوەی ئاسایشی میونخ لەگەڵ سەرۆك و گەورە بەرپرسانی جیهان سەنگ و پێگەی هەرێمی كوردستان لەڕووی ئابووری و سیاسی و ئاسایشەوە بەیان دەكا، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جگە لەپێگە سیاسیەكەی ئەو كەسێكی ناسراوی بواری ئەمینی و چەسپاندنی ئاسایش و بنەماكانی دادپەروەری یە، بەشداریكردنی لەم گردبوونەوە ئاسایش پارێزی یە دەرخەری كارامەیی و ڕۆڵی گرنگی ئەو دەگەێنی كەكارەكتەرێكی بەهێزی سیاسی و هۆكاری بەدیهاتنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و تەنانەت ناوچەكەش، بۆیە دەبینین ئەمڕۆ گەورە هێزەكانی جیهان بەپەرۆشەوە دیداری سیاسی و ئەمنی لەگەڵ دەبەستن و ڕاوبۆچوونەكانی لەبارەی تیرۆرو بنەبڕكردنی پاشماوەكانی داعش و هاوشێوەكانی بەگرنگ دەزانن، دیداری نێوان مەسروور بارزانی و گەورە كاربەدەستانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا گوزارشتێكی زەق و دیاری ئەوەن كە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی بەهێزو حیساب بۆكراوی هاوكێشەكانی عێراق و تەنانەت ناوچەكەش، پێشبینی دەكرێ ئیدی وڵاتانی خاوەن بریارو خودان نفوزی سیاسی و كاریگەرەكان دووبارە پەیوەندییەكانیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشی هەمە لایەنە دابڕژێنەوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان كە سوودو قازانجی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێ.









