سەدیق سەعید ڕواندزی
تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە نێو ئێمەدا، هێندەی سەكۆیەكن بۆ خۆدەرخستن ونووسین و كۆمێنتی بێ ماناو توانج گرتن، هێندە ئامرازێك نین بۆ بە دواداچوون و هوشیاركردنەوە و دیالۆگی هزری و ڕۆشنبیری، لە پێناو بەرەو پێشبردنی كۆمەڵگە و ژیانی تاكەكان. ئێمە لە كاتێكدا زۆربەی ساتەكانی ژیانمان لەگەڵ ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییانە دەبەینە سەرو وەك ئۆكسحین بۆ ژیان دەیبینین، بەڵام زۆربە دەگمەن، وەك شوێنێك بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا و دیالۆگ دەیانبینین.لە كاتێكدا، لە كۆمەڵگەكانی تر، بە پێچەوانەوەیە. بۆنموونە: سەرۆكی ئەمەریكا، زۆربەی لێدوان و هەڵوێستی سیاسی وڵاتەكەی، لە تویتەر دەخاتە ڕوو. بۆیە دەكرێت لە بری بەكارهێنانی ئەو تۆڕانە لە پێناو هەڵوێست و كۆمێنت و نووسینی بێ بەها، بە شێوەیەكی تر بیانبینین. ئێمە هەمیشە حەزدەكەین هەر كارێك كە دەیكەین، یەكڕاست لە پەیجو ئەكاونتەكانمان بڵاویبكەینەوە. تەنانەت ئەگەر پەیوەندی بە ژیانی هیچ كەسێكی تریشمانەوە نەبێت. لەكاتێكدا، دەبێ بپرسیین كە بە بڵاوكردنەوەی وێنەیەك،پەڕەگرافێك، كۆمێنتێك، دەتوانین چی بكەین و چی بگۆڕین. ئایا هەموو شتێك شیاوی ئەوەیە بڵاویبكەینەوە؟.
ئێستا، دیاردەیەك لە نێو ئێمەدا دروست بووە، ئەویش ئەوەیە، كە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بە تایبەتیش فەیسبووك، وەك شوێنگرەوەی هەموو سوچێكی ژیان ببینین و هەر كارێك كە دەیكەین، لە پێناو گۆڕانكاری و ئامانجی ڕاستەقینەی كارەكە نییە، بەڵكو لە پێناو فەیسبووكە. واتە ئەوە گرنگە، چەند ئەو كارو داهێنان و خزمەتانە، دەبنە هۆكارێك بۆ دەركەوتنمان و بینینمان لە چاوی ئەوانی تر لە فەیسبووكدا.لەم ڕوانگەیەوە، خەریكە دیاردەیەك لە نێوەندی پەروەردەیی ئێمە سەرهەڵئەدات و دەبێتە مۆدێل، ئەویش وانە گوتنەوە و خزمەتكردنی پەروەردە و پاراستنی ژینگەو پەروەردەكردنی قوتابییانە لە پێناو فەیسبووك، نەك ئامانجی ڕاستە قینەی پەروەردە. بەو مانایەی مامۆستایەك كاتێ وانە دەڵێتەوە، كاتێ ئاڵای پیرۆزی كوردستان بە قوتابییان بەرزدەكاتەوە، سەرچاوەی ئاوی قوتابخانە پاك دەكاتەوە، مەبەستیەتی زوو بیكاتە هەواڵ و دەسكەوتی كەسی و تایبەتی و لە فەیسبووك دایبنێت، بۆ ئەوەی نیشانی بدات، كە ئەو مامۆستایە، چ خزمەتێك دەكات. لە ڕاستیدا، ئەركی بەڕێوەبەری قوتابخانەیە، ئاگاداری ژینگەی سرووشتی و مرۆیی قوتابخانەكەی بێت، ئەركی ئەوە، چاودێری وانە وتنەوە و گرفتی قوتابییان و مامۆستایان و قوتابحانە بەگشتی بكات.
ئەمە نەمنەتە، نەدەسكەوت، تاكو وەك داهێنان و بەخشش بە كەس و كاری قوتابییان وكۆمەڵگە بەگشتی بیفرۆشنەوە. مەگەر ئەركی بەڕێوەبەرچییە لە قوتابخانە؟ بۆچی دەرماڵەی بەڕێوەبەری وەردەگرێت؟ بۆچی بەشە وانەی كەمترە لە مامۆستایان؟ بۆ ئەوە نییە كەكات و زەمینەی ئەوەی هەبێت ئاگاداری ڕەوشی قوتابخانەكەی بێت لە هەموو لایەكەوە؟ ئەركی مامۆستای وەرزشە ڕۆژانی پێنچ شەممە، بەو پەڕی ڕێزەوە ئاڵا بە قوتابییان بەرز بكاتەوە و قوتابییان فێری خۆشەویستی خاك و نەتەوە بكات. ئەركی سەرشانی هەموو مامۆستایەكە، بە پێی ئەو خشتەیەی هەیە، بەشە وانەكانی بڵێتەوە. مامۆستا نابێ بۆ فەیسبووك و لە پێناو دەركەوتنی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، وانە بڵێتەوە. ئەمە ئەركی ئەوە. مەگەر ئەركی ئێمەی مامۆستا چییە ئەگەر قوتابییان فێری زانست و خوێندەواری و خۆشویستنی ئاڵاو خاك و نیشتمانەكەیان نەكەین؟. نابێ لە پێناو دەركەوتن،یاخود خۆنماییشكردنی كەسی و تایبەتی و شانازیكردن بە خۆمانەوە كارێك بكەین. بەڵكو دەبێ لە پێناو داهاتووێكی گەشتر بۆ قوتابییان و ڕۆڵەكانمان ئەو ئەركانەی پێمان سپێردراوە، بەو پەڕی دڵسۆزی و لە خۆ بوردوییەوە، جێبە جێیان بكەین.









