خەبات: ڕۆشنا عەلی:-
زۆرێك لە نوسراوەكان بە هامشێكەوە بڵاو دەكرێنەوە ،كە گوایە ئەمە نوسراوی فەرمییەو بەڕێوەبەر یان لایەنی پەیوەندیدار ناچار بە جێبەجێكردن دەكات، هەڵبەتە ئەم دیاردەیە بە گشتی بۆ هەموو دام ودەزگا و دامەزراوەكان ڕاستە ،بەڵام كاریگەرییەكانی كەمترە لەو كاریگەرییانەی كە بۆ وەزارەتێكی وەك وەزارەتی پەروەردە دروستدەبێت، بۆیە ئەم تەوەرەی ئێمە تایبەتەبە كاریگەرییەكانی لەسەر وەزارەتی پەروەردەكە، ئایا ئاساییە نوسراوە فەرمییەكان لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوببنەوە؟ ئایا تەنها تۆرە كۆمەڵایەتییەكانی ئێمە لە كوردستان پڕن لە نوسراوی فەرمی یان بەگشتی پێویستی سەردەمە؟ بۆچی نوسراوە فەرمییەكان لە وەزارەتەكانەوە دزە دەكەنە نێو تۆرە كۆمەڵایەتییەكان؟ كێ بەرپرسە لە پارێزگارینەكردن لەنوسراوەكان پێش گەشتن بەلایەنی پەیوەندیدار؟ تاچەند لایەنی پەیوەندیدار دەتوانێت لەڕێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بریارەكان پێش گەشتنیان جێبەجێبكات؟
شەفافییەت
مامۆستا عەباس بەرزنجی بەڕێوەبەری جێبەجێكارو شارەزا لە بواری پەروەردە دەربارەی ئەوەی كە ئایا ئاساییە نوسراوە فەرمییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو ببنەوە پێش گەشتن بەلایەنی پەیوەندیدار لەم بارەیەوە وتی: شەفافیەت لە بەرێوەچونی كار لە فەرمانگە حكومیەكان شتێكی ئاسایی یە و مافی هەرهاوڵاتیە كە زانیاری لەسەر ماف و ئەركی خۆی هەبێت لە بابەتە یاسایی و تەندروستی و دارایی و دەستوری ئەمە ئەركی حكومەتە رۆشنبیری یاسایی و دەستوری و هتد.. بڵاو بكاتەوە نەك خەڵكێك بەم كارە هەستێت لە سۆشیال میدیا نوسراوێكی دزە پێكراو بڵاو بكاتەوە بێ ئەوەی خەلفیەكی ئیداری یان زانستی هەبێت بەمەبەستێكی بەرتەسك، كەبەرای من خزمەت بەو پرۆسەی شفافیەت و مافی وەرگرتنی زانیاری یە ناكات ، بڵاوبونەوەی نوسراوی فەرمی تەنها مافی ئەو وەزارەتەیە كە لە سایت و پەیجی خۆی بڵاوی بكاتەوە ، هەر هاوڵاتیەكیش یان سوشیال میدیا نافەرمیەكان مافی خۆیانە وەری بگرن و ڕاو سەرنجی خۆیانی لەسەر بڵاو بكەنەوە.
نەبوونی هۆشیاری یاسایی
مامۆستا عەلی عەودی سەرپەرشتیاری پەروەردەی و شارەزالە بواری پەروەردە هەر لەبارەی ئەوەی كە ئایا ئاساییە نوسراوە فەرمییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بێتەوە پێش گەشتن بەلایەنی پەیوەندیدارو ئاماژەی بۆ دوو هۆكار كرد لەمبارەیەوە وتی: پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگایەك پەیوەستە بە پێشكەوتنی بواری پەروەردەو فێركردن لەو كۆمەڵگایە بۆیە دەبێت زۆر بەهەستیاری هەڵس وكەوتی لەگەڵدا بكرێت، بەڵام بەداخەوە هەندێك هۆكاری نەشیاو هەن و بەرچاومان دەكەوێت وەك دزەپێكردنی نوسراوە فەرمیەكان پێش گەیشتن بۆ شوێنی مەبەست، ئەمەش بۆ دوو هۆكار دەگەرێتەوە یەكەم كەمتەرخەمی نواندن لەلایەن فەرمانبەرەوە دووەمیان نەبونی هوشیاری یاسایی لەلایەن هاوڵاتیانەوە، نەخێر گونجاو نیە نوسراوەكان بڵاو بكرێنەوە پێش گەیشتن بۆ شوێنی ئاراستەكراو.
بابەتێكی ناشارستانی
د. موئمن زەڵمی، مامۆستای زانكۆو پسپۆڕی سیاسەتی زمان و پەروەردە ئاماژە بەوە دەدات كە بڵاو كردنەوەی ئەم نوسراوانە یەكێكە لە بابەتە ناشارستانییەكان ئەو لەمبارەیەوە وتی: لە ڕاستیدا نەبوونی هۆشیاری پێویست بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ گرنگییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی یەكێكە لە كەموكورتی و كێشەكانی كۆمەڵگەی ئێمە، ئەم كەموكوڕییەش لە تەواوی بوارەكاندا ڕەنگی داوەتەوە، تەنانەت زۆر جار قۆناغبەندی كەیسە هەستیارەكانیش لەبەرچاو نەگیراوە.
نەبوونی سیستەم
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەم دیاردەیە لە تۆرەكانی ئێمە بەو جۆرە زەقەهەیە یان پێویستی سەردەمەو گشتییە مامۆستا عەباس وتی: لە كوردستانی ئێمە بەداخەوە زۆر زەقە لە بەر ئەوەی كاری حكومیمان بە سیستەم نەكراوە بۆیە ئەم دیاردانە كۆنترۆڵ كردنی زەحمەتە نەك تەنها دزەپێكردنی نوسراوی فەرمی زۆر دیاردەی كۆمەڵایەتی و دیاردەی واستەو مەحسوبیەت و رۆتین و… هتد
مامۆستا عەلی بۆچوونی وایە كە لە كوردستان جیاوازە و زۆرتر بەربڵاوە ئەو وتی : ئەوەی لە كوردستان دەگوزەرێ زۆر جیاوازە لەگەڵ جیهانی دەرەوە.
چارەسەرەكان
م. عەلی بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە پێی وایە پێویستە دوور لە تۆڕی كۆمەڵایەتی زانیارییەكان ئاڵ و گۆڕ بكرێن م عەلی وتی: دەبێت بەدواداچونی تەواو بكرێت لەگەڵ دیاریكردنی هۆكارو چارەسەركردن بەپێی یاسا وە پابەندبون پێیەوە، وە لایەنی پەیوەندیدار ئەگەر نوسراوی فەرمی پێ نەگات ناتوانێت پابەندی جێبەجێكردن بێت ، چونكە تۆری كۆمەڵایەتی جێگای متمانە و سەرچاوەی باوەرپێكراو نیە وە بە زۆر شێوە بڵاو دەكرێنەوە چ لەرێگای فەیسبوك یاخود فایبەر یان هەر تۆرێكی تر بێت كاریگەری نەرێنی هەیە، بۆیە دەكرێت بەپێی یاسا بنەبڕ بكرێت، وە تا لەگەڵ سەردەم بەردەوام بەرەوپێش برۆین وە زوو گەیشتنی نوسراوەكان بۆ لایەنی پەیوەندیدار تەنها بە ئەلیكترۆنی كردنە بۆ ئەم مەبەستەش بەخۆشحاڵیەوە وەزارەتی پەروەردە لەم سێكتەرە هەنگاوی باشی بریوە خەریكە بە ئەلیكترۆنیكردن لە تەواوبون نزیك دەبێتەوەو بەكۆتا دێت. هیوادارم گشت لایەك هاوكارو هەماهەنگ بێت لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دوور لە دەست وەردان، چونكە هەستیارترین سێكتەرە تاكو بتوانێت خزمەتێكی بەرچاو لە پرۆسەی پەروەردەو فێركردنا بكات بۆ كۆمەلگاكەمان و دەزگا فەرمی و نافەرمێكان باشترین سوودی لێ وەربگرن.
مامۆستا عەباس بەرزنجی پێی وایە كە پێویستە وەزارەتەكان هەمانگ بن لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان ئەو وتی: بۆ كۆنترۆل كردنی دزەپێكردن هەر وەزارەتێك بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنیەكان وەك هەنگاوێكی ڕێگری لەم دیاردەیە دەتوانێت پلانی هەبێت بەتایبەتی هەندێك لەو نوسراوە فەرمییانە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی هەیە ناكرێت فەرامۆش بكرێت.
د. موئمن دەربارەی چارەسەر كردنی ئەم گرفتە وتی: بە بڕوای من بۆ چارەسەركردنی ئەم دیاردەیە كاركردنمان پێویستە، هەنگاوی بنەڕەتی بۆ بناغەدانان بە پەروەردەیەكی تەندروست و هوشیارییەكی دروست و سیاسەتێكی گشتگیری واقیعبینانە، بۆ ئامانجێكی گەورە و سەرتاسەری كە ئەویش “ژیانێكی پێگەشتوو بۆ میللەتێكی تێگەشتوو لە كوردستانێكی پێشكەوتوو”دا، نەك فراوانكردنی موزایەدە و مونافەسە و دەستبردن بۆ بڵاوكردنەوە و دزەپێكردنی نوسراوی فەرمی حكومی كە بەشێكە لە ئاسایشی نەتەوەیی ئێمە.
كەمتەرخەمی نواندن
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا هۆكار چییەو كێ بەرپرسی یەكەمە لە دزە پێكردن مامۆستا عەلی وتی: دزەكردنی نوسراوەكان دەگەرێتەوە بۆ نەبونی سكیوریتی یاخود كەمتەرخەمی نواندن لە وەرگرتنی سزا لەشوێنە دزەپێكراوەكە یاخود دزەپێكەر.
مامۆستا عەباس محەمەد پێی وایە دەزگاكە خۆی ئەو وتی : بەرپرسی یەكەم لە دزە پێكرانی نوسراوە فەرمێكان وەزارەتی پەیوەندی دار خۆیەتی، گروپەكانی ڤایبەر پێویست بوو كاریان جیاوازبێت ، زیاتر وەك تۆڕێكی پەیوەندی و گەیاندنی زانیاری و كۆمەڵێك خزمەتگوزاری تر كە زۆرێك لە گروپ و فەرمانگاو دەزگافەرمی و نافەرمییەكان باشترین سوودی لێوەربگرن.
د. زەڵمی لەبارەی هۆكارەكەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە هۆكارەكە موزایەدەیە ئەو وتی: بەداخەوە هۆكاری سەرەكی ئەم دیاردەیە بڵاوبوونەوەی پەتای موزایەدە و مونافەسەی ناتەندروستی حزبییە لە نێوان ئەندام و لایەنگرانی هێزەكان بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە، هەروەها كەمبوونەوەی متمانەی خەڵكە بە پەرلەمانتاران و بەشێكی زۆری پۆستە وزارییەكان، لەوەش خراپتر ئەوەیە بۆ زیادكردنی چوار لایكی پەیجەكانی سۆشیاڵ میدیا و زیادكردنی بینەر خراپترین مادەی ئیعلامی دەوروژێنرێت و بە شێوەی نەشیاو نوسراوە فەرمییەكان لە خراپترین بەرنامەدا دەخرێتە سەرشاشەی تیڤیەكان.
بەداخەوە ئەمەش بەڵایەكیترە یەخەی میللەتی گرتووە و وەك چۆن هەمووان خەریكی رووكەش و موزایەدە و چاوبەستكردنی گشتین.









