خەبات: عەلی بانیشاری-هەورامان:-
حەمید بارام، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ خەبات دەڵێ” لە ماوەی 40 رۆژی ئەمساڵی نوێدا لە مەرزی تەوێڵە دەستمان بەسەر نزیكەی 50 تۆن خۆراك و میووەی بەسەرچوودا گرتووە”. ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات بیارە وەكو پێویست خزمەت نەكراوە و لە چەندین بواردا كێشە و كەم و كورتی گەورەی هەیە. ناوبراو دەشڵێت” هەڵوەشاندنەوەی بنكەی ئاگركوژێنەرەوەی بیارە هەڵەیەكی گەورە بوو”. لەسەر بەفەرمیكردنی مەرزی تەوێڵە-شوشمێش حەمید بارام دەڵێت” چاوەڕوانی نوسراوێكی فەرمین تا كاتی كردنەوەی مەرزەكە دیاری بكرێت”.
بەفەرمیكردنی مەرزی تەوێڵە-شوشمێ
سەبارەت بەهۆكاری دواكەوتنی بە فەرمیكردنی مەرزی تەوێڵە-شوشمێ؟ حەمید بارام دەڵێ” بەفەرمیكردنی مەرزەكە لە دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقە. لەگەڵ دەستبەكاربوونم وەكو بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بە ئاگاداری سەروی خۆم دوو جار سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێرانم كردووە، دواتر لە پارێزگای هەڵەبجە وەفدێك پێكهێنراوە و لەگەڵ وەفدەكە سەردانی پارێزگای كرماشانمان كردووە، پاش ئەوەش دوو دەفدی حكوومەتی عێراق سەردانی مەرزەكەیان كردووە. دەشڵێت” وەفدی حكوومەتی عێراقی راپۆرتیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەرزكردووەتەوە كە مەرزەكە هیچ كێشەیەكی نییە و سەرجەم فەرمانگەكانی هەیە. دواتر پێیان راگەیاندووین كە حكوومەتی عێراق لاری نییە لە بەفەرمیكردنی مەرزی تەوێڵە. حكوومەتی عێراق چاوەڕوانی وەڵامی كۆماری ئیسلامی ئێرانە”. ناوبراو زیاتر لەسەر بەفەرمیكردنی مەرزی تەوێڵە قسەی كردوو گوتی” دواجار ئێمە لەگەڵ لایەنی ئێرانی قسەمان كردووە و ئەوانیش دەڵێن هیچ لاریەكمان لەوبارەیەوە نییە، لەو نێوانەدا ئێمە چاوەڕوانی ئەوەین بە نوسراوێكی فەرمی ئاگادارمان بكەنەوە كە كاتێك دیاری بكرێت بۆ ئەوەی فەرزەكە بە فەرمی بناسرێنێت”.
15-20 پڕۆژەی لەكاركەوتوو
حەمید بارام دەڵێ” قەیرانی دارایی كاریگەری خراپی لەسەر پڕۆژەكانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی كردووە”. دەشڵێت” بەهۆی قەیرانی داراییەوە 15-20 پڕۆژەمان وەستاون”. گوتیشی” لەكاركەوتنی پڕۆژەكان كاریگەری خراپی دروستكردووە”. ئەو پڕۆژانەی لە سنوری ناحیەی بیارە وەستاون بریتین لە پڕۆژەی گەشتیاری و رێگەوبان و پڕۆژەی پەروەردەیی و بینای فەرمانگە و فراوانكردنی سنووری ناحیە.
نەخۆشخانەی 40 قەرەوێڵەیی
لەبارەی نەكردنەوەی نەخۆشخانە 40 قەرەوێڵەیەكەی ناحیەی بیارە كە ماوەی چەند ساڵێكە تەواو بووە؟ حەمید بارام دەڵێت” لەسەر نەكردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیە سەردانی بەڕێز وەزیری تەندروستیم كردووە و داوامكردووە نەخۆشخانە بكرێتەوە”. هەروەها دەشڵێت” نەخۆشخانەكە كێشەی نەبوونی ئامێری پزیشكی و میلاكی هەیە”. پێی وایە ئەگەر نەخۆشخانەكە بكرێتە نەك بۆ هەورامان، بەڵكوو خزمەتی هەموو پارێزگای هەڵەبجەش دەكات.
كێشەكانی بیارە چین؟
بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە باس لەوەدەكات لە ناحیەكەیاندا گرفتی كەمی بینای فەرمانگەیان هەیە، بەشێوەیەك دوو فەرمانگە لە یەك خانوودا، خانووەكەش سەقفی درزی بردووە. دەشڵێت” بە حكوومی ئەوەی بیارە ناوچەیەكی گەشتیاری و ئاینی و دوو خانەقا و مەزارێكی لێیە و پاشان مەرزی سنووری لەسەرە دەبێت زیاتر خزمەت بكرێت و ئاوڕی لێ بدرێتەوە. ئەوەشی گوت” بیارە لە رووی بینای قوتابخانە و تۆڕی ئاو، كەرتی كارەبا و تەندروستییەوە گرفتی هەیە و پێویستە حكوومەتی هەرێم پڕۆژەی زیاتر بۆ ناوچەكە ئەنجام بدات”. حەمید بارام پێی وایە بیارە وەكو پێویست خزمەت نەكراوە.
داخستنی مەرزە لاوەكییەكان
سەبارەت بە داخستی مەرزە لاوەكییەكانی سنوری ناحیەی بیارە؟ حەمید بارام دەڵێت” بەهۆی نالەبارەی دۆخی ناوچەكەوە مەرزەكان داخراون”. ئەو پێشی وایە ئەگەر دۆخی ناوچە جێگر ببێت رەنگە مەرزەكان بكرێنەوە. دەشڵێت” كاتێك بڕیارێك دەردەچێت بۆ ئەوەی مەرزێك بكرێتە فەرمی دەبێت سەرجەم مەرزە لاوەكییەكانی ناوچەكە دابخرێت”. ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات مەرزەكان سوودێكی زۆریان بۆ دانیشتووانی بیارە و دەوروبەری هەبووە، بەشێوەیەك هەلی كار بۆ سەدان گەنجی ناوچەكە رەخسابوو. ئەوەشی گوت” مەرز هەبووە 200-300 كەس تەنها بەشەودا كاری لێكردووە”.
هەڵوەشاندنەوەی تێبینەرایەتی خانووبەرەی بیارە
حەمید بارام پێی سەیرە لەگەڵ دەستبەركابوونی وەكو بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە لە 2015 فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی تێبینەرایەتی خانووبەرەی بیارەی بەدەست گەیشتووە. لەوبارەیەوە دەڵێ” كاتێك قەزایەك دەكرێتە پارێزگا مانای وایە یەكە ئیدارییەكانی سنووری پارێزگاكە فراوان دەكرێت و میلاكات زیاد دەكرێت، بەڵام ئەوەی سەیر بوو لە 2015 دا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی تێبینەرایەتی خانووبەرەی بیارە دەرچوو”. گوتیشی” لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەكە چووم لەگەڵ بەڕێز وەزیری داد و چەند پەرلەمانتارێك قسەم كرد و پێم وتن لە 30% رووبەری زەوی هەڵەبجە لە سنووری ناحیەی بیارەیە و خەڵك كێشەی موڵكایەتی و تاپۆی هەیە و ناكرێت دائیرەكە هەڵبوەشێتەوە، بەڵام ئەوان سووربوون لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تێبینەرایەتییەكە. هەروەها دەشڵێت” بڕیارەی هەڵوەشاندنەوەی تێبینەرایەتی خانووبەری بیارە لە وەزارەتەوە دەرچوو بوو”.
هەڵوەشاندنەوەی بنكەی ئاگركوژێنەرەوە
بنكەی ئاگركوژێنەرەوەی بیارە لە 2014 هەڵوەشێنراوەتەوە. حەمید بارام دەڵێت” پێش ئەوەی من ببەمە بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە ئەو بڕبارە درابوو”. دەشڵێت” هەڵوەشاندنەوەی بنكەكە هەڵەیەكی گەورەیە، چونكە لە سنووری ناحیەكەدا پوش و پاوانێكی زۆر هەیە. لە كاتی ئاگركەوتنەوەدا خەڵكی خۆیان ئاگرەكە دەكوژێنەوە، ئەمەش ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە”. ناوبراو باس لە دوو هەوڵی دیكە بۆ هەڵوەشاندنەوە و گواستنەوەی فەرمانگەكانی بیارە دەكات و دەڵێت” هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی فەرمانگەی دادنووسی بیارە بگوازنەوە بۆ ناحیەی خورماڵ، لە كاتێكدا تەنها لە مەرزی تەوێڵە 200 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كار دەكەن، خاوەنی ئەم ئۆتۆمبێلانە پێویستیان بە بەڵێنامە هەیە، ئەوەیش بە دادنووس دەكرێت. كۆتا هەوڵیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی باری شارستانی بیارە بووە، منیش وتم ئەگەر ئەو كارە بكرێت هەڵوێستم دەبێت، بۆیە گواستنەوەی فەرمانگەی دادنووس و هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی باری شارستانی سەری نەگرت”.
50 تۆن خۆراك و میوەی بەسەرچوو
بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە ئاشكرای دەكات لە ماوەی 40 رۆژی ئەمساڵدا و لە مەرزی تەوێڵە-شوشمێ لە سنووری شارۆچكەی بیارە لە رێگەی چەند لیژنەیەكەوە دەستیان بەسەر نزیكەی 50 تۆن خۆراك و میووەی بەسەرچوودا گرتووە. حەمید بارام دەڵێ” بەشێكیان لە مادە خۆراكییەكانیان لەناوبردووە و بەشێكی دیكەیان رەوانەی كۆماری ئیسلامی ئێران كردووەتەوە. هەروەها گوتیشی” هەر مادەیەكی خۆراكی شیاو نەبێت بۆ خواردن بەهیچ شێوەیەك رێگەی بە هێنانی نادەین بۆ هەرێمی كوردستان و دەستی بەسەردا دەگرن”.
لە هەورامان توندوتیژی دژ بە ئافرەت بوونی نییە
بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە دەڵێ” لە هەورامان توندوتیژی دژ بە ئافرەتان نییە، هەورامییەكان بە شێوەیەك جوان و سەردەمیانە مامەڵە لەگەڵ ئافرەتدا دەكەن و لە ناوچەكەیاندا ژن كوشتن و لێدان لە ئافرەت بەدی ناكرێت”. دەشڵێت” ئافرەتانی هەورامی پێش سەرجەم ئافرەتانی دیكەی كوردستان توانیوویانە لە بازاڕدا كار بكەن و بژێوی خۆیان پەیدا بكەن، ئەمە بێ لەوە ئافرەتانی هەورامان بوونەتە خاوەن كاری خۆیان و هەلی كاریشیان بۆ چەندین خێزانی دیكە رەخساندووە، گومانی تێدا نییە ئەمەش جێگەی خۆشحاڵییە”.
* بیارە لە 1976 بووەتە ناحییە.
* ژمارەی دانیشتووانەكەی نزیكەی 13 هەزار كەسە.
* لە 7 گەڕەكی سەرەكی پێكدێـت.
* بە دووری 17 كیلۆمەتر كەوتووەتە باكووری رۆژهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە.
* حەوت مەرزی لاوەكی لە سنووری ناحیەكەدا هەن.
* زیاتر بە ناوچەیەكی گەشتیاری و ئاینی ناسراوە.
* لە بۆنە نەتەوەیی و ئاینییەكاندا 40-45 هەزار گەشتیار روو لە ناوچەكە دەكەن.
* لە رووی كارگێڕییەوە 27 گوند سەر بە بیارەن.









