خەبات: تریفە ئازاد
یەكێك لە هەنگاوەكانی چاكسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كابینەی نۆیەم كە بەڵێنی پێ دابوو، بریتییە لە یاسای خانەنشینی یەكگرتووی كوردستان. بێگومان چینی خانەشینان كە چینێكی بەڕیز و خەباتكار و بەخشندەی كۆمەڵگان و گەشتوونەتە لوتكەی بەخشندەیی خۆیان، بۆیە پێویستە حكوومەت و كۆمەڵگا هەموویان یەك دەنگ بارتەقای خزمەت و بەخشندەیی ئەوان، پاداشتی خەبات و خزمەتیان بداتەوە، ئەمەش چاكە و خێرێك نییە كەبەم چینە دەكرێ، بەڵكو مافێكی ئاسایی و یاسایی خۆیەنە كە بۆیان دەگەڕێتەوە. بێشك هاوكاری و هەماهەنەنگی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەم چینە خەباتگێرە (خانەنشینان) جێگای رێز و ستایشە.
دەبێت پەرلەمان بە زووترین كات دەست بە چاكسازی بكات
بۆ زانینی ڕا و بۆچوونی خانەنیشان لەسەر پڕۆژە یاسای خانەنشینی یەگرتوو كە بڕیارە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دای بهێنێت، سەردانی پاركی (باغی شار)ی بازارمان كرد لە سەنتەری هەولێری پایتەخت و لەوێ چاومان كەوت بە خانەنشینێكی بەرێز بە ناوی (خالید) كە سالانێكی زۆر خزمەتی بە فەرمانگە و دەزگاكان كردووە. لە بارەی پرۆژە یاسای خانەنیشنی یەكگرتوو بەرێز (خالید) لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: ئێمە ساڵانێكی زۆر خزمەتمان هەبووە، كەچی موچەی خانەنیشینەكەم دووسەد هەزار دینارە، ئەوەی كەی عەدالەتە، بەڕاستی ئەم بڕە مووچەیە زۆر كەمە بۆ ئێمە، چونكە ئێمەش خاوەنی مال و منداڵین. گوێم لێبووە دەڵێن گوایە یاسایەك دەردەچێت بۆ خانەشینان، شتێكی باشە ئەگەر دەرچێت.. بەڵام ئەگەر لەم یاسایەدا نزمترین بری مووچەی خانەنشین لە چوارسەرد هەزار دینار كەمتر بێت،ئەوا یاساكە باش نییە و لە ئاستی باری ژیانی ئێستادا نابێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە گلەیەمان هەیە، بۆچی پەرلەمنتارەكان خانەنشینیان زۆر بێت؟! و هەیانە تەنها چوارساڵ دەوامە دەكات و مووچەی خانەنشین زۆریان هەیە…، بۆچی ئێمە زیاتر لە بیست ساڵ خزمەتمان كرد و تەنها دووسەد هەزار وەرگرین. بۆیە دەبێت پەرلەمان بە زوترین كات دەست بە چاكسازی بكات…، جارێك دەبێت لە (بن دیوارەكان) دەست پێبكات و ئەندامانی پەرلەمانیش بەم پارە زۆرە خانەنشین نەكرێن و پاش تەواوبوونی خولی پەرلەمان دەبێت ئەندام پەرلەمانەكە بچێتەوە سەر كاری پێشووی خۆی. من هەموو گیانم نەخۆشییە چی لە دووسەد هەزار بكەم ؟!! بۆیە هیوا خوازم لەداهاتوو حكومەت مافمان بدات و چیتر غەدرمان لێنەكرێت و بتوانین بژین.
خانەنشین بە پسپۆری
یونس ڕەشید، خانەنشینێكی دیكەیە لەو كەسانەی كە ماوەی42 ساڵ خزمەتی مامۆستایی هەبووە و ئێستاش خانەنشین بووە، كەچی ئێستا بارتەقای خزمەتەكەی موچەكەی كەمە و لە ئاست بژێوی ژیانی ئەمڕۆی كوردستان نییە، بۆیە (یونس رەشید) داوا دەكات كە؛ مووچەی خانەنشینی ئەوانیش هاوتای مووچەی خانەنشینی حكومەتی عێراق بكرێت، یاخوود ئەو یاسایەی كە وا بڕیارە دەربچێت مافیان نەخورێت و بەچاو بگیرێت و موچەكەیان زیاد بكات و عەدالەتی هەبێت بە پێ ساڵی خزمەت و دەبێت لەپرۆژە یاساكە ئاماژە بەوە بكرێت كە دەبێت بەپێ ساڵی خزمەت و بڕوانامە ئەو كەسانە خانەنشین بكرێن، خانەنشینەكەش ئەوەندە جیاواز نەبێت لەگەڵ حكومەتی بەغدا، یان دەبێت خانەنشینەكانیش بەپێ پسپۆری بابەتەكان لەبەرچاو بگیرێ، خانەنشین (یونس رەشید)دەڵێت: ئاخر مامۆستا هەیە قورسترین وانە دەڵێتەوە كە كمیا و فیزیایە و كەچی شوفێرێكیش بە خەبیر خانەنیشین دەكرێت، ئاخر ئەوە ناكرێت لەگەڵ ئەو مامۆستایە جیاوازی پێبكرێت، چونكە هەر یەكەمان لە كارو پیشەی خۆمان خەبیرین.. هەروەها پێویستە پێداچوونەوەش بەم هەموو بن دیوار و بەناو خەبیر و ئەوانە بكرێت…،ئێمە هەموو كوردایەتیمان كردووە شەقی بەعسمان خواردووە.. ڕۆژێك لە ڕۆژان سەرمان بۆ بەعس نەوی نەكرد.. دژیان وەستاین، تا گەیشتین بە ئەمرۆ. ناكرێت تۆ ئەندام پەرلەمان بیت تەها بۆ ماوەی چوار ساڵ و خانەنشین بیت بە 6 ملیۆن.. كەچی منیش 42 ساڵ بە چوارسەد هەزار خانەنشین بم، ئەوە كەی عەدالەتیە… بەراستی ئەو یاسایەی كە ئامادەكاری بۆ كراوە پێویستە مافی هەموو خانەنشینیان دابین بكرێت .
پێویستە لەم یاسایە بە شێوەیەكی زۆر باش جێگای بۆ بكرێتەوە
محەمەد شێخانی، (فەرمانبەری پسپۆر لە بواری ژمێریاری و وردبینی) لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: لە هەرێمی كوردستان كار بە چەندین یاسای تایبەت بە خانەنشینی دەكرێت و بەو هۆیەوە گرفت لە جیاوازی مووچەی خانەنشینی درووست بووە. سەبارەت بە یەكخستنی هەموو یاساكان و دارشتنی یاسایەكی یەكگرتوو بۆ تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پێویستە لە خانەنشین بوونی بەرزترین پلەی وەزیفی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە تا فەرمانبەرێكی ئاسایی جێگای بۆ بكرێتەوە ئەو كات دادپەروەریەكی تەواو دروست دەكات وە پێویستە مەرجی تەمەن كەمبكرێتەوە بۆ 60 ساڵ تەمەنی خانەنشینی بە زۆرە ملێ و 45 ساڵ تەمەن و 15 ساڵ خزمەت بۆ خانەنشینی ئارەزووماندانە، بۆ ئەوەی هەلی كاری زیاتر هەبێ بۆ دەرچوانی زانكۆكان وە كەمترین مووچەی خانەنشینی دیاری بكرێت بە مووچەیەكی خانەنشینی زۆر باش كە فەرمانبەر بتوانێ دوای خانەنشین بوونی بەو مووچەیەی مانگانە پێی بژیێت. سەبارەت بە پاداشتی مۆڵەتی كۆكراوەی فەرمانبەری خانەنشین كراو كە لە ئێستادا (6) مانگ لە مووچە بنەڕەتیەكەی دەدرێتە فەرمانبەر، پێویستە بكرێتە 12 مانگ لە كۆی دوا مووچەی فەرمانبەر وە هەروەها دەرماڵەی بروانامە و خێزانداری و منداڵ پێویستە لەم یاسایە بە شێوەیەكی زۆر باش جێگای بۆ بكرێتەوە وە ئەم یاسایە پێویستە دادپەروەریەكی تەواو دروست بكات و یەكێك لە مادەكانی مەرجەكانی خانەنشین بوون مەرجدار بكات، وەكو “نابێ هەر كەسێك تەمەنی خانەنشینی نایگرێتەوە یاخود خزمەتی وەزیفی تەواوی نەبووە یاخود لە سیستەمی بایۆمەتری ناوی تۆمار نەكرابێ خانەنشین بكرێ”. سەبارەت بە خانەنشینی پلە باڵا و پلە تایبەتەكان هەمان مەرجی خانەنشین بوونی فەرمانبەری ئاساییان هەبێ بۆ ئەوەی دادپەروەری كۆمەڵایەتی بگەڕێتەوە وە پێویستە لەم یاسایە خانەنشینی فەرمانبەر و كارمەندانی كەرتی تایبەتیش جێگای بۆ بكرێتەوە و ئەوانیش بتوانن مانگانە ڕێژەی لێبرینی خانەنشینی مانگانە بدەن بە سندوقی خانەنشینی و دواتر مەرجی و تەمەنی خانەنشینی بۆ ئەوانیش دیاری بكرێت كۆمپانیا و دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت ناچار بكرێن كە ژمارە و پلەی وەزیفی و مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانیان ئاشكرا بكەن كە لە ئێستادا زۆربەی هەرە زۆری كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت ژمارەی فەرمانبەرانیان ئاشكرا ناكەن لەبەر خۆدزینەوە لە دانی باجی تەواو و نەدانی پارەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كارمەندانیان بۆیە ئەگەر لەم یاسایە ئەم مەرجانە دانرا سودی بۆ حكومەتی هەرێم و خودی كارمەندانی كەرتی تایبەتیش دەبێ وە دەبێ لەم یاسایە سندوقی خانەنشینی بە جۆرێك بێت كە مووچەی خانەنشینی تێیدا پارێزراو بێت لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو خانەنشینان مووچەكانیان دوا نەكەوێت ئەم سندوقە دەبێ بە شێوەیەكی كرداری چاڵاك بكرێتەوە.
یاسای خانەنشینی لە ڕوانگەی ئابورییەوە و كاریگەرییە ئابورییەكان
هۆشمەند رەفیق، مامۆستای زانكۆ و ئابوری ناس لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات لە بارەی یاسای خانەنشینی یكگرتوو گوتی: لە ئێستادا هەرێمی كوردستان پێویستی بە یاسایەكی یەكگرتووی داداپەروەری خانەنشینی هەیە، تا لە ژێر سێبەری ئەو یاسایەدا سیستەمێكی خانەنشینی سەردەمیانە دابنێت، هەموو لایەك تێیدا سوودمەندبن و چیتر داهاتی هەرێمی كوردستان بە فیڕۆ نەڕوات، چونكە لە ماوەی (8) كابینەی رابردوودا بەهۆی ئەو دۆخە ناجێگیرەو ململانێییە سیاسیە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان هەبووە كە هەر یەكێك ویستیویەتی لە كێكی حكومەت پشكی هەبێت و خانەنشینیش بەشێك بووە لەكێكە و هەموولایەك تێیدا بەشداربوونە، بۆیە ئەگەر ئەو پڕۆژە یاسایەی ئێستا لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كاری لەسەر دەكرێت، لەلایەن پسپۆڕانی ئابووری و یاساییەوە كە هیچ پۆستێكی حكومییان نەبێت بنووسرێتەوە و ئامادە بكرێت، رەنگە دادپەروەری زێتر تێدا بێت، لەوەی كەسانێك پۆستیان هەبێت بینووسنەوە، لەبەرئەوەی ئەوەی هەموویان بەرژەوەندی خۆیان لەبەرچاو دەگرن بۆ كاتی خانەنشینی خۆیان و كاڵا بە باڵای خۆیان دەدوورن. لە هەمان كاتدا یاسای خانشینی یەكگرتوو لە هەرێمی كوردستان ئەگەر پەسەند بكرێت و بخرێتە بواری جێبەجێكردن، ئەوە هەنگاوێكی باشەو رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەت و مافی خانەنشینیانی شایستە نافەوتێت بە مەرجێك ئەو یاسایە ئەم خاڵانەی خوارەوە لە خۆبگرێت، ئەوكاتە ناوی لێدەنرێت چاكسازی لە یاسای خانەنشینی یەكگرتوو:
1-بڕی مووچەی خانەنشینكراوانی ناشایستە…؟!.
2-بڕینی مووچەی هەموو ئەوانەی كە كۆچی دواییانكردووە بۆیان كراوە بە شەهیدانە، لیستی مووچەی شەهیدانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان شاهێدی ئەم ڕاستیەن.
3-هەڵوەشانەوەی مووچەی خانەنشینی هەموو ئەو كەسانەی كە بە بێ ئەوەی رۆژێك لە رۆژان خزمەتی وەزیفیان كردبێت چ لە سلكی سەربازی یا مەدەنی كە ئەوە بەشێكی زۆری داهاتی كوردستانی هەدەر داوە.
4-دادپەروەری لە مووچەی خانەنشینی هەبێت، بە جۆرێك بە پێی بڕوانامەو ساڵانی خزمەتی وەزیفی بێت ئەو بڕەی دیاری دەكرێت، بۆ ئەمەش دەكرێ سوود لە یاسای خانەنشینی عێراقی فیدڕاڵ یا وڵاتانی دیكەی دەوروبەر وەربگیردرێت بە گونجاندن لەگەڵ واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری هەرێمی كوردستان كە هەر كەسێك خانەنشین دەبێت رەچاوی گووزەرانی بكرێ.
5-مووچەی خانەنشینی هەموو پلە باڵاكان بەگشتی كەمبكرێتەوەو نزیك بكرێتەوە لەگەڵ مووچەی چین و توێژەكانی دیكە كە بە ماندووبون و خزمەت بە پێی یاسا خانەنشین دەبن.
6-لەیاساكەدا ئاماژە بەوە بكرێت لە هیچ دۆخێكدا نابێت دەست بۆ مووچەی خانەنشینان ببرێت و بكرێتە خەرجی حكومەت.










