ریپۆرتاژ: فاتیح بەرزنجی
ئەگەرچی هێشتا لە دەرمانخانەكاندا دەرمانی كوالیتی نزم هەیە و رۆژانەیش تیمەكانی چاودێری تەندرووستی و لە مەرزە سنوورییەكاندا دەست بەسەر دەمانی ماوەبەسەرچوو و كوالیتی نزم دەستیان بەسەردا دەگیرێت، بەڵام لەوەتەی كوالیتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان لەكوردستان دامەزراوە تا رادەیەك دەرمانی كوالیتی خراپ و كوالیتی نزم رووی لە كەمبوونەوە كردووە، بەگوتەی “دكتۆر گۆران رۆژبەیانی” بەڕێوەبەری كوالیتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان، بەهۆی ئەو تاقیگە پێشكەوتووانەی كە لەكوالیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان هەیە رۆژانە چەندین جۆری دەرمان پشكنینیان بۆ دەكرێت، ئەو پشكنینانەش لەكوردستان و سەرتاسەری عێراق باوەڕ پێكراوە.
بەڕێوەبەری كوالیتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان لەوەزارەتی تەندروستی روونیكردەوە: بەرلەوەی ئەو دامەزراوەی پشكنینی دەرمان دابمەزرێت، زۆربەی ئەو دەرمانانەی كەلەبازاڕەكانی كوردستان بەرچاو دەكەوتن، ئەو دەرمانانە بوون كە كوالیتیان خراپ و نزم و لەڕێگەی قاچاغ و بەبێ تۆماركردن وپشكنین و چاودێری دەهێنران و دابەشدەكران، بەڵام دوای دامەزراندنی (كوالیتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان) رۆژ لەدوای رۆژ پشكنینی دەرمان بەهۆی ئەو ئامێرە پێشكەوتووانەی كە بۆمان دابینكرا لەڕێگەی (وەزارەتی تەندروستی)ەوە، توانرا پشكنینەكانی تاقیگەیی بایەلۆژی و كیمیاوی بۆ دەرمان ئەنجامبدرێت، كەپێشتر پشكنینی دەرمان بە شێوەیەكی زانستی ئەنجامنەدەدرا، ئەگەرچی لەبەغدا چەندین ساڵە وێڕای هەبوونی كارگەی دەرمان بەشێوەیەكی زانستی كاری پشكنینی دەرمانی دەكرد، كاری پشكنینی دەرمان بەشێوەی زانستی لە پێناو سەلامەتی هاووڵاتیانە، بۆیە حكوومەتی هەرێم لە رێگەی (وەزارەتی تەندروستی)ەوە هەوڵی دامەزراندنی كوالیتی كونتڕۆڵی جۆری دەرمانیدا بۆ ئەوەی چیتر دەرمانی كوالیتی نزم و خراپ نەیەتە بازاڕەكان و بەشێوازی زانستی وستانداردی جیهانی پشكنین بۆ دەرمان بكرێت، ئێستا توانای كۆنتڕۆڵی دەرمانی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بۆتەوە ومانگانە زیاتر لە1000 جۆری دەرمان پشكنینیان بۆ دەكرێت، لەحاڵەتێكدا پێشتر مانگانە نزیكەی 500 جۆری دەرمان پشكنینیان بۆ دەكرا،لەهەوڵی ئەوەداین كە پشكنینی دەرمان بەرز بكەینەوە.
حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی و خودی وەزیری تەندروستی زۆر هاوكار و هەماهەنگن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی و چاودێری و كۆنتڕۆڵی دەرمان.
پڕۆسەی دانانی نرخی دەرمان قۆناغێكی باشی بڕیووە
دكتۆر گۆران رۆژبەیانی دەربارەی دانانی نرخ بۆ دەرمان گوتی: دیارە ئەو پڕۆسەیە قۆناغێكی باشی بڕیوە و زیاتر لە 8000 بەرهەمی دەرمانسازی لەسەر ستانداردی جیهانی و وڵاتانی دراوسێیەوپڕۆسەكە دووبارە دەبێتەوە، ئەو كۆمپانیایانەی نرخیان بۆ دانراوە دووبارە نرخیان بۆ دادەنرێتەوە،لە هەر شوێنێك نرخ گرانبێت، ئەوا بەدواداچوونی بۆ دەكەین و كاریش لەسەر سكاڵاكان دەكەین، وەزارەتی تەندروستیش كار بۆ ئەو مەبەستە دەكات و كارێكی دیكەی دامەزراوی كۆنتڕۆڵی دەرمان بەسیستەمكردن و داتاپیسی ئەلیكتڕۆنی كردنی دەرمان بوو، جگەلەوە یەكەمین دامەزراوەی حكومی بوو لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان كە بە سیستمی ئەلیكتڕۆنی كاری كردووەو لەرێگەی ئەو سیستمە ئەلیكتڕۆنیەوە هەموو مامەڵەكانی ئەو دامەزراوە و كۆمپانیاكان بەخێرایی راییدەكات. ژمارەیەك كۆمپانیای بواری دەرمان مۆڵەتیان پێدراوە و لەلایەن (كوالیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان)یشەوە چاودێری دەكرێن، لەماوەی ساڵانی رابردووشدا چەندین تەن دەرمانی ساختەو قاچاغ دەستیان بەسەردا گیراوە و چەندین كۆگاو دەرمانخانەو شوێنی نایاساییش داخران و سزا دراون، ئەو كۆمپانیایانەی كە دەرمان هاوردە دەكەن بە چەند قۆناغ و فلتەرێكدا تێپەڕدەبن و بەوردی سەیری نموونەی كوالیتی دەرمانەكە دەكرێت تا لەنزیكەوە بزانرێت لە كامە وڵات بەرهەمهاتووە، بەدڵنیاییەوە ئەو دەرمانە دووبارە پشكنینی بۆ دەكرێتەوە(وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم) پلانی دامەزراندنی دامەزراوەی دەرمان و خۆراكە، ئەگەر ئەو پرۆژەیە ئەنجامبدرێت هەنگاوێكی زۆر گرنگ و پڕلە بایەخە و بۆ زیاتر گرنگیدان بەبواری دەرمان لە فڕۆكە خانەو دەروازەكانیش لیژنەی تایبەت بۆ پشكنین دانراوە و هەموو جۆرە دەرمانێكیش ستیكەری لێدەدرێت.
عومەر سەلام هاووڵاتییەكی هەولێرە و دەڵێت: دەرمانی ماوەبەسەرچوو و كوالیتی نزم لە دەرمانخانەكان زۆرە، ئەگەریش وانییە بۆچی هەندێك دەرمان لە هەمان مادە و پێكهاتە و كۆمپانیا بەرهەم دەهێندرێت و نرخەكانیشیان جیاوازە.؟
حاجی محەمەد لەنزیك دەرمانخانەیەك خەریكی كڕینی دەرمان بوو گوتی: زۆربەی دەرمانەكان نرخیان گرانبوون، پێویستە وەزارەتی تەندروستی هەرێم نرخەكان یەكبخات تا هەر دەرمانخانەو بە ئارەزووی خۆی نرخی دەرمان گراننەكات.
”نازم كەریم” گوتی: دایكم نەخۆشەو نرخی دەرمانیش زۆر گرانن، داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەكەین كە پەلە بكات بۆ دانانی نرخ بۆ دەرمان، هەرچەندە نرخی هەندێ دەرمان باشەو جێی گلەیی نییە، بەڵام بەگشتی پێویستە چاو بەنرخی دەرماندابخشێنرێتەوە.










