عوسمان ڕانیەیی
لەكۆمەڵگە پێشكەوتووەكاندا بەتایبەت لە دانشگا و ناوەند و دامەزراوە گرنگەكانی دەوڵەت، ڕوناكبیران و داهێنەران و ئەكادیمیەكان و كەسانی یاسایی و ئیداری و سیاسی، دوای گەیشتنیان بەماوەی یاسایی خانەنشینبوون وەك فەرمانبەران و بەڕێوەبەرانی ئاسایی خانەنشین ناكرێن. چونكە ئەو كەسایەتیانە بەبیركار دەكەن نەك بەجەستەیان، سەرمایەی كەسانی ڕۆشنبیر و بیرمەند و ئەكادیمی ئەقڵ و بیروهۆش و تواناكانیانە لەداهێنان و بەخشش نەك چەند ساڵێكی دیاریكراوی خزمەتكردن، لەبەرئەوە گەیشتن بەماوەی خانەنشینبون وجێبەجێكردنی لەسەر فەرمانبەرانی ئاسایی و ئیداریەكان مانای كۆتایی هاتنی كارو پیشەو ڕۆڵی لەبوارەكانی ژیان دا نییە بەڵكو گۆڕانێكی ئیداری یاساییە ڕودەدات.
خانەنشینبوون وەك قۆناغێك لەقۆناغە ئاساییەكانی ژیانی ئیداری لەهەر وڵات و كۆمەڵگەیەك بەگوێرەی یاسای ناوخۆیی رێكخراوە، بۆنمونە لەزۆربەی وڵاتانی ئەوروپاو بەتایبەت لەدامەزراوە باڵاكان و زانكۆكان ماوەی گەیشتن بەكاتی خانەنشینبوون دەگاتە حەفتا ساڵی یان بەكراوەیی دەبێت یان ئەو كەسە كەخۆی بخوازێت خانەنشین بكرێت یان باری تەندروستی ڕێگەی بەردەوامبوونی كاری پێ نادات. لەهەندێ دەوڵەتیش ئەو كەسانەی دەگەنە ئاستی تەمەنی خانەنشینبوون ئەگەر بخوازن بەردەوامبن لە كاركردن ئەوكات بواریان پێ دەدەن سەرپەرشتی نامەی ماستر و دكتۆرا بكەن یان لەناوەندەكانی لێكۆڵینەوە و توێژینەوە شوێنی تایبەت و شیاویان بۆدابین دەكرێت، هاوكات گشت هەلومەرجی حەوانەوەو ژیانێكی پڕ لەئاسوودەییان بۆلەبەر چاو دەگیرن. تەنانەت هەندێ ناوەندی ئەكادیمی لەوڵاتانی پێشكەوتوو هەوڵ دەدەن سوود لە بەهرەی ئەكادیمی وڵاتانی تر ببینن، بۆنموونە دكتۆرێكی هاوڕێم هەیە خەڵكی باشوری كوردستانە پێشتر لەوڵاتی فەرەنسا خوێندوویەتی، تائێستا چەند جارێك لەلایەن ئەو وڵاتەوە داوەتكراوەو باشترین جێگەی حەوانەوەیان بۆ دابین كردووە لەبەرامبەردا ئەركێكی ئەكادیمیان لەبواری لێكۆڵینەوە یان وەرگێرانی ئەدەبیات بۆماوەیەكی دیاریكراو پێ سپاردووە و دوای ئەنجام دانی كارەكە بەرێزەوە ماڵ ئاوایی لێ دەكرێت.
بابەتەكە دەبەستمەوە بەهەرێمی كوردستان دەبینین لەو بوارەشدا كەمكاری كراوە و دەكرێت پێچەوانەی كلتوری گەلانی پێشكەوتوو هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەم لایەنە دەكرێت بەجۆرێك ئەو توانا ئەكادیمیانەی ڕۆژانێك ڕوویەكی گەش و دەنگێكی دیار و لایەنێكی سەرەكی كاركرن و كۆڵەگەیەكی بنەڕەتی بوون لە داهێنان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بەباشترین جۆر تواناو بەهرەكانیان پێشكەشی وڵات كردووە و چەندین نەوەی لەدوای یەكیان پێگەیاندووە هەرئەم كەسایەتیە بەرێزانە كاتێك گەیشتن بەوادەی خانەنشینبوون زووبەزوو و بەسادەیی و ساردو سڕی بەڕێ دەخرێن تەنانەت پێشتر كەسێكی تریان بۆ شوێنەكەی ئامادەكردووە، وەك ئەوەی بڵێی كەسی خانەنشینبوو بارگرانی و زیادە بوبێت ئەمە لەكاتێكدایە ئەو مرۆڤە سێ یەكی تەمەنی بەخشیوەتە خزمەتی خەڵك و كۆمەڵگەكەی و بەحەفتا ساڵ توانیویەتی سەرمایەكی قوڵ لەزانست و داهێنان كۆبكاتەوە لەگەڵ دنیایەك ئەزموون و لێكۆڵینەوەو تەنانەت ڕۆڵ و نەخشیشی هەبووە لە بریاری چارەنوسساز لەوڵاتەكەیدا، بەڵام چونكە بەها و گرنگی زانست و ڕوناكبیری لای هەندێك كەسانی بڕیار بەدەست لەدامەزراوە گرنگەكانی وڵات نییە، بۆیە دەبینین تەنانەت هەڵسوكەوت كردنیشیان لەتەك ئەو كەسایەتییانەدا شیاو و لەجێی خۆی نییە، بۆنمونە لەیەكێك لەدەزگاكانی هەرێمی كوردستان دوای ئەوەی دوو لەكەسایەتییە ناودارەكان و بەشاین و پسپۆر، تەمەنیان گەیشتە كاتی خانەنشینبوون لەبری ئەوەی بەرێوڕسمێكی فەرمی و شایستە ماڵ ئاواییان لێبكرێت بەداخەوە نەك هەرئەوە نەكرا بەڵكو بەر لەرۆیشتنیان پەراوێز خران و رێز لە شیان و توان و خزمەتی چەندساڵەی نەگێرا، دواتر كەل و پەلی ژوورەكانیان خستە ناو كارتۆن و بۆیان ناردنە ماڵەوە!. ئەمە لەكاتێكدا ئەو كەلوپەلانە گشتیان دۆكیۆمێنت و سەرچاوە و بابەتی زانستی و یاساییی و ئەكادیمی بوون كەلەكاتی خۆیدا هەوڵ و ماندوبونێكی زۆری مادی و مەعنەوی بۆ خەرج كراوە تابەدەست هاتوون.
ئەوكەسایەتیانە و بەڵگە و بەرهەمەكانیان سەروەتی نیشتیمانین چۆن دەكرێت بەو شێوە نادروستە هەڵسوكەوتیان لەگەڵ بكرێت. ئایا ئەمە بێ ڕێزی نییە لەبەرامبەر كەسایەتیانی وڵات دەكرێت؟ ئایا ئەمە نابەرپرسیاریەتی نییە كەسانێك بەحوكمی پێگەی ئەوڕۆی وەزیفیان بەرامبەر كەسانی گرنگی كۆمەڵگە دەیكەن؟ ئایا ئەمە دروستكردنی كولتوری بێڕێزی نییە كە خەڵكانێك بەمەزاجی شەخسی خۆیان سوكایەتی بە خەڵكیتر دەكەن؟ ئەم پرسیارانە پێویستە بریاڕبەدەستانی ئەم وڵاتە وەڵامی بدەنەوە. بۆیە پێویستە كولتوری یەكتر قبوڵكردن و رێزگرتن و بەهای نیشتیمانی و ڕەوشت بەرزی لە كۆمەڵگە دروست بكرێ و پەرەی پێ بدرێ نەك سڕینەوەی بەها جوان و پیرۆزەكانی ناو كۆمەڵگەی كوردەواری كەپڕیەتی لە ڕێزگرتن و خۆشەویستی و مرۆڤایەتی.










