بەكر كەریم حەسەن
نیگار كێشی بەناوبانگی هۆڵەندی ڤان كۆخ دەلێ: گەر مرۆڤ ویستی لەسەر هەق و راستی بژی، پێویستە كار بكات و بوێر بێت.
گەشەسەندن و پەرەسەندنی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن پێویستی بە بنیاتنانی توانای تاكەكان هەیە، كە لە پرۆسەی پەروەردە كاردەكەن. بێگومان پێشكەوتن و سەركەوتنی میللەتان بەندە بە پێشكەوتن و سەركەوتنی لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، ئەوەش بەدی نایەت ئەگەر هاتوو كۆی كارەكتەرەكانی ناو پرۆسەكە بە بوێری و دڵسۆزی كار نەكەن، بۆ ئەوەی سەرجەم كارەكتەرەكان لە مامۆستای قوتابخانە بگرە تا دەگاتە كاربەدەستانی وەزارەت بە دڵسۆزی و بوێری كار بكەن، پێویستە هەڵسەنگاندنێكی ووردی هەمە لایەنە هەبێت بۆ تواناكان و بەرهەمەكان، ئەوەش پێویستی بە بوونی سیستەمێك هەیە كە هەڵسەنگاندنی هەمووان بكات، بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنەكان لە سەر بنچینەی كار كردن و دڵسۆزی و ویژدان بێت، پێویستە هەگبەی چالاكی پەروەردەیی بۆ هەموو كاراكتەرەكان ئامادە بكرێت، بۆ نموونە هەموو مامۆستایەك هەگبەیەكی چالاكییەكانی پەروەردەیی هەبێت، كە هەموو چالاكییەكانی لە بەشداری كردن لە خول و پەرەپێدانی تواناكان و هەر چالاكییەكی پەروەردەیی و فێركردن كە ئەنجامی دەدات بە درێژایی ساڵ لە 2/1تا31/12ی هەر سالێك لە خۆ بگرێت بە دۆكیۆمێنتاری پەسند كراو و پشتگیری كراو لەلایەن كارگێڕی قوتابخانەكەی لە سەرەتای هەر سالێك هەڵسەنگاندن بۆ هەریەك لە مامۆستاكان بكرێت لەلایەن لیژنەیەكەوە كە لە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاكە پێك دەهێنرێت لە دوو سەرپەرشتیاری كارگێڕی و بەرێوەبەری قوتابخانەكە، بە هەمان شێوە هەموو بەرێوەبەر و یاریدەدەرەكانیش هەمان هەگبەی پەروەردەییان هەبێت لەلایەن بەرێوەبەری پەروەردە و سەرپەرشتیاری یەكەم و سەرپەرشتیارێكی كارگێڕی هەڵسەنگاندنی پێویستیان بۆ بكرێت، هەروەها ئەو هەڵسەنگاندنە سەرجەم سەرپەرشتیارانیش بگرێتەوە لەو ساڵە دا كام چالاكی و كاری پەروەردەییان ئەنجام داوە لەلایەن لیژنەی بەرێوەبەری سەرپەرشتیاری پارێزگا و سەرپەرشتیاری یەكەمی قەزاكە و یاریدەدەری بەرێوەبەری سەرپەرشتیاری هەڵسەنگاندنیان بۆ بكرێت.
ئەو پرۆسە هەڵسەنگاندنە پێویستە ساڵانە ئەنجام بدرێت بە پێی پێوەری پەروەردەیی تەندروست نمرەیان بۆ دابنرێ و بە پێی هەڵسەنگاندنی لیژنەكان بۆ هەگبەی چالاكی هەر یەكەیان پێوانە و هەڵسەنگاندنی پێویستیان بۆ بكرێت، بەهەمان شێوە بۆ بەرێوەبەر و سەرپەرشتیاری یەكەمیش لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی سەرپەرشتیاری ئەنجام بدرێت و بۆ بەرێوەبەری پەروەردەكانیش لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاكان ئەنجام بدرێت، بە هەمان شێوە ئەو هەڵسەنگاندنە سەرجەم بەرپرسی هۆبە و بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتییەكانیش بگرێتەوە، بۆ ئەوەی لە هەڵسەنگاندنەكان دادپەروەر بین پێویستە لەلایەن بەرێز جەنابی وەزیری پەروەردە و ئەنجومەنی وەزیرانی بەرێزان هەڵسەنگاندنی وورد بە پێی پێوەری زانستی و پەروەردەیی هەڵسەنگاندن بۆ بەرێوەبەرانی گشتی پارێزگاكان و بەرێوەبەرانی گشتی وەزارەت و راوێژكاران و شارەزاكانیش بكرێت، ئەوانیش هەمان هەگبەی كاروچالاكی پەروەردەیی ساڵانەیان هەبێت تا هەڵسەنگاندنەكان لە سەر بنچینەی هەگبەی كاروچالاكییەكان بێت و بە دۆكیۆمێنتاری بسەلمێندرێت كە بە درێژایی ساڵ هەر بەرێوەبەرێكی گشتی و راوێژكارێك هێندە كاروچالاكی و پرۆژە و داهێنانی هەبووە و دڵسۆزانە و خۆنەویستانە كاری كردووە لە پێش خستن وسەرخستنی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، هەروەكو سەركردەی بە ناوبانگی میسری سەعد زەغلول دەلێ پیاو بریتییە لە راشكاوی لە گوتن و دڵسۆزی لە كار.
❊ بەرێوەبەری گشتی چالاكی وەرزش و هونەر.










