خهبات: عەلی بانیشاری:-
لە كۆی 150 تانكەری گواستنەوەی غاز لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ بەهۆی تەقە لێكردنەوە تائێستا 22 تانكەریان لەكارخراون. ئەندامێكی لیژنەی سامانە سروشییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت” پلانەی تەقە لێكردنەكە بۆ ئەوەیە ژمارەیەكی زیاتری تانكەر لەكار بخرێت و گواستنەوەی غاز كێشەی بۆ دروست بێت”. لە روونكردنەوەیەكیشدا كۆمپانیاكانی دانەغاز و كریسنت پترۆڵیۆم رایدەگەیەنن بەرهەمهێنانی غاز لە كێلگەی غازی كۆرمۆر بەتەواوی تواناوە دەستیپێكردووەتەوە.
بەختیار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری كارگەی غازی هەولێر دەڵێت: لەڕووی بڕەوە كێشەی نەبوونی غاز چارەسەر بووە، ئەو بەشە غازەی داوامانكردبوو رۆژانە دەگاتە دەستمان و ئێمە دابەشی دەكەین”. دەشڵێت” رۆژانە و بە بەردەوامی غازی ماڵان دەگاتە سەرجەم ناحییە و قەزاكانی پارێزگای هەولێر و سەنتەری شاریش “.
ئەندازیار بەختیار عەبدوڵڵا گوتیشی” كەمبوونەوەی غاز بەشێكی پەیوەندی بە زۆری خواست هەیە، چونكە ئێستاش هەر هەمان ئەو بڕەمان بۆ دێت كە لە وەرزی هاویندا دەهات”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا بەهۆی رەوانە نەكردنی غاز بۆ ماوەی 5-6 رۆژ بۆشاییەك دروست بووە و بە رۆژێك ئەو بۆشاییە پڕ ناكرێتەوە. ئەوەشی گوت” ئێستا غاز بەسەرپەرشتی بریكارەكان و ئەنجوومەنی گەڕەكەكان دابەش دەكرێت”. رۆژی هەینی لەشكر حامید، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند” لە هەموو گەڕەكەكانی شاری سلێمانی غاز دابەش دەكرێت”. گوتیشی” لە چەند رۆژی رابردوودا رۆژانە 16 هەزار بتڵ غاز بەسەر فرۆشیارەكانی غازدا دابەش دەكرا، بەڵام ئەمڕۆ 12 هەزار بتڵ غاز دابەش كراوە”.
پێشەوا هەورامانی، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە خەباتـی راگەیاند:»لە نێوان ئەو كۆمپانیا و دانا غاز هیچ كێشەیەك نییە، كۆمپانیاكە بە رێكەوتنەكەوە پایەند بووە«. لیژنەی سامانە سروشتییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن تائێستا 22 تانكەری گواستنەوەی غازی ماڵان تەقەی لێكراوە. ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان گوتیشی” پێمان وایە پلانی تەقەكردن لە تانكەرەكان بۆ ئەوەیە ژمارەی لە كارخستنی تانكەرەكان زیاد بكرێن”. پێشەوا هەورامانی دەشڵێت: ئەو 22 تانكەری بەر تەقەكردن كەوتوون جارێكی تر ناتوانن كار بكەنەوە، چونكە لە تاقیكردنەوە سەلامەتی ئۆتۆمبێل دەرناچن”. ئەوەشی گوت” حكوومەتی هەرێم ئەو گەرەنتییەی لە كۆمپانیا وەرگرتووە كە غازی ماڵان بە 7500 بدرێت بە خەڵكی و زیاد نەكرێت”. ئەو ئەندامەی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان هەروەها گوتیشی” ئەگەر لە ماوەی هەفتەیەكدا لە 100 تانكەر 50 تانكەری لەكار بخەیت ئەمە كێشەی گەورە بۆ كۆمپانیاكە دروست دەكات و وادەكات غاز نەگاتە تەواوی شارەكانی كوردستان “.
رۆژی پێنج شەممە لە روونكردنەوەیەكدا هەردوو كۆمپانیای دانەغاز و كریسنت پترۆڵیۆم لە رایانگەیاند: رۆژی پێنجشەممە بەرهەمهێنان لە وێستگەی غازی كۆرمۆر بە تەواوی توانای خۆیەوە دەستی پێكردووەتەوە، دوای ئەوەی شەوی 4/2/2020 ئاگر لە وێستگەكە كەوتەوە”. هەردوو كۆمپانیاكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوت ئاگركەوتنەوەكە بەهۆی كێشەیەكی تەكنیكیەوە ڕووی داوە. هەر هەمان رۆژ و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر شێخ بەكر سدیق، خاوەنی كۆمپانیای سوورگاز گوتی: لە 72 كاتژمێری داهاتوودا بریكارەكانی غاز بەهەمان نرخی پێشوو غاز بە هاونیشتمانیان دەفرۆشن بەبێ ئەوەی یەك دینار زیاد بكرێت”.










