سیامەند سێلكی
دووركەوتنەوەی مرۆڤ و كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە توندوتیژی و شەڕ و خوێنڕشتن، بەندە بە چەسپاندن و جێگیركردنی گیانی لێبووردەیی و یەكترقبووڵكردن و پێكەوەژیانی ئاشتیانە، لەنێوان ئەو فرەڕەنگی و فرە چەشنییەی لەپێكهاتەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا هەیە. بەم پێیە هەر كۆمەڵگایەك لەم جیهانە پان و بەرینەدا، لێبووردەیی و پێكەوەژیان بكاتە بنەما بۆ بنیاتنان و بەڕێوەبردنی ژیان، ئەوە دەتوانێت بەسەر هەموو سەختی و دژواری و نەهامەتییەكانی ژیاندا زاڵ بێت و ژییانێكی شایستە و ئارام و پڕ لە بەختەوەریش دەستەبەر بكات. لەم سۆنگەوە لێبووردەیی و یەكتر قبووڵكردن و پێكەوەژیانی ئاشتییانە، هەر لە سەرەتاوە وەكو بەشێكی گرنگ لە پەروەردە و فەلسەفەی فیكری و عەقائیدی بارزانییەكاندا جێگیر كراوە. ئەوەتا سەد ساڵ بەر لە ئێستا شێخ عبدولسەلامی بارزانی لەپێناو بەدیهێنانی بەختەوەری بۆ مرۆڤ و ئاڤاكردنی كۆمەڵگایەكی مرۆڤدۆست و پێشكەوتوو و سەردەمیانە، تێیدا بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی جێگیر و پارێزراو بن. گیانی لێبووردەیی و یەكتر قبووڵكردن و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی لەنێو خەڵكی دەڤەری بارزاندا جێگیر كرد. دوای ئەوەی كە ساڵی 1914 شێخ عەبدولسەلام بارزانی لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە بە بیانووی پارچەكردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان لەسێدارەدرا. شێخ ئەحمەد (خودانی بارزان) ئەم بنەما فیكریەی بەڕادەیەك چەسپاند و جێگیر كرد كە بووە بەشێك لە فەرهەنگ و كولتووری خەڵكی دەڤەرەكە. لە ژێر كاریگەری ئەم پەروەردە فیكریەدا گیانی برایەتی و یەكتر قبووڵكردن و پێكەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان پێكهاتە ئایینییەكانی دەڤەرەكەدا دروستبوو. بێ جیاوازی مافی بە جێگەیاندنی ئەركە ئایینییەكان بۆ موسڵمان و كریستیان و بڕوادارانی ئایینی جولەكە فەراهەم و دەستەبەركرا. بە هەمان شێوە هەر سێ پێكهاتە ئایینییەكە لە ئەرك و مافدا یەكسان كران و بوونە تەواوكەری یەكتر لە بنیاتنان و بەڕێوەبردنی ژیاندا. دوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بەڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر ئەم بنەما فیكریە (لێبووردەیی و یەكتر قبووڵكردن و پێكەوەژیانی ئاشتیانە) بووە بنەمایەكی نەگۆڕ و چەسپاو لە رێبازی بارزانیی نەمردا. لە هەموو وێستگەكانی بزووتنەوەی شۆڕشگێری كوردستاندا. بارزانیی نەمر لە چوارچێوەی بەرنامە و پلانێكی تۆكمەدا هەوڵیدا فەرهەنگی لێبووردەیی و یەكترقبووڵكردن و پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە هەموو ئەو ناوچانەی كوردستان جێگیر بكات كە لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە و شۆڕشدا بوون. بە تایبەتیش لە سەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا. بەم شێوەیە بارزانیی نەمر هەموو پێكهاتە جیاوازە ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەییەكانی كوردستانی لەژێر چەتری شۆرشی مەزنی ئەیلوولدا كۆكردەوە. دەیان و سەدان خەباتگێڕ و تێكوشەر لە هەردوو پێكهاتەی ئایینی ئێزیدی و كریستیان، تەڤلی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بوون و شانبەشانی كوردان خەباتیان كرد بۆ رزگاری و سەربەخۆیی كوردستان. بێگومان هەردوو شەهیدی سەركردە هورمز مەلك چەكوو فەڕەنسۆ هەریری و دكتۆر موشێ و دكتۆر حەنە ئەلقوشی و ئیشو ئەرەدنی و نیسان كانی بەلاڤی لە ئایینی كریستیان و شەهیدی فەرماندە مەحموود ئێزیدی و خوالێخوشبێت ئلیاس قاسم و دەیان خەباتگێڕی دیكە لە ئایینی ئێزیدی نموونەی فیداكاری و قوربانیدانی هەردوو پێكهاتە ئایینییەكەن. بێگومان سەرۆك مەسعود بارزانی چ وەكو سەرۆكی پارتی و چ ئەوكاتەی لە پێگەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا بوو، وەكو درێژەدان بە رێبازی خودانی بارزان و بارزانیی نەمر بەشێوەیەك پەرەی بە فەرهەنگی لێبووردەیی و یەكتر قبووڵكردن دا، تا بووە فەرهەنگی هەموو خەڵكی كوردستان. دیسان لە كاتی نووسینەوەی دەستووری عێراقیش سەرۆك مەسعود بارزانی بووە بەرگریكارێكی سەرسەخت لە ماف و ئازادییەكانی هەموو پێكهاتە ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەییەكان. بە هەول و ماندوووبوونی سەرۆك ماف و ئازادییەكانی كریستیان، ئێزیدی، شەبەك، توركمان..هتد. لە دەستووری عێراقدا جێگیركران. دیارە ئەوەی سەد ساڵ بەر لە ئێستا شێخانی بارزان لە بواری لێبووردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەدا كاریان بۆ كردووە و بەكردەوەش جێبەجێیان كردووە تازە بە تازە خەڵكێك هەم لە كوردستان هەمیش لە جیهاندا باسی لێوە دەكات. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو راستییەی روئیا و دونیابینی شێخانی بارزان بۆ ئاڤاكردن و بەڕێوەبردنی ژیان، لە هەموو سەردەمێكدا بەپێوەری زانستی و لە ڕوانگەی لۆژیكی عەقڵەوە داڕێژراوە و كاری لەسەر كراوە. هەڵبەت ئەو روئیاو دونیابینییەی لە بارزان بۆ چەمكی لێبووردەیی و پێكەوەژیان هەبووە و بەردەوامیشە. هاوڕا و تەبایە لەگەڵ جەوهەری دینی ئیسلام. واتە ئەو ڕوانینەی لە بارزان بۆ ئەو چەمكە هەبووە هەمان ئەو روانینەیە لە دینی ئیسلامدا هاتووە و داكۆكی لەسەر كراوە. وەكو ئەوەی لە هەردوو ئایەتی پیرۆزی “لكم دینكم و لی دین” و “لا اكراه فی الدین” هاتووە. بێگومان چەسپاندنی ئەم فەرهەنگە لە كوردستان و پابەندبوونی كوردستانیان پێیەوە. وێنەیەكی جوان و ناوازەی بە كورد و كوردستان بەخشیوە و بووەتە هۆی ئەوە لە هەموو جیهاندا بەڕێز و پێزانینەوە لێیبڕوانن.









