خەبات:
هەولێر بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاو سەربە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەكرەم ئەحمەد دەڵێت: بۆ 12 بەنداوی بچووك و مامناوەند و یەك بیر، 33 ملیار دینار تەرخانكراوە، بۆ بەنداوە گەورەكانیش بوودجەی پێویست تەرخانكراوە. بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاو سەربە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەكرەم ئەحمەد رایگەیاند كە لەهەرێمی كوردستان، 17 بەنداو و 100 حەوزی بچووك هەیە، كە سەرجەمیان توانای گڵدانەوەی 10 ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە، ئاشكرایشی دەكات وەك ماستەرپلان، 249 بەنداو دیاریكراوە لەو ژمارەیەش چوار بەنداوی گەورە هەیە كە ئێستا لەژێر جێبەجێكردندان. ئەكرەم ئەحمەد گوتی: لە هەرێمی كوردستان 17 بەنداومان هەیە لەو ژمارەیەش سێ-یان بەنداوی گەورە و 14یان بەنداوی بچووك و مامناوەندن، نزیكەی 100 پۆند (حەوز)یشمان هەیە، سەرجەمیان توانای گڵدانەوەی نزیكەی 10 ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە. بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاو سەربە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی دروستكردنی پۆند و بەنداو لە پلانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو گوتی: “وەك ماستەر پلان، شوێنی 249 بەنداومان دیاریكردووە كە لەو ژمارەیە 18یان بەنداوی گەورەن، ئەوانی دیكە بەنداوی بچووك و مامناوەندن، چوار بەنداوی گەورە و 13 بەنداوی بچووك و مامناوەند لەژێر جێبەجێكردندایە. ئەكرەم ئەحمەد گوتیشی: بەنداوە گەورەكان، هەریەك لە بەنداوی باسەرە و زەلان لە سنووری سلێمانی، باوەنوور لە گەرمیان و گۆمەسپان لە هەولێر كە ئێستا لەژێر جێبەجێكردندان. بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاو سەربە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی گوژمەی پێویست بۆ تەواوكردنی بەنداوەكان رایگەیاند “بۆ 12 بەنداوی بچووك و مامناوەند و یەك بیر، 33 ملیار دینار تەرخانكراوە، بۆ بەنداوە گەورەكانیش بوودجەی پێویست تەرخانكراوە”. لەبارەی وادەی گڵدانەوەی ئاو لە بەنداوەكانیش، ئەكرەم ئەحمەد گوتی: “ساڵانە لە مانگی 11 دەست بە گڵدانەوەی ئاو دەكرێت بەپێی وەرزی بارانبارین تا كۆتایی مانگی پێنج و پاشان بەردانەوەی ئاو دەستپێدەكات، ساڵی پار ئاوێكی زۆرهات و بەنداوەكان پڕ بوون”. بەنداوی دوكان بەگەورەترین بەنداو هەژمار دەكرێت لە هەرێمی كوردستان كە توانای گڵدانەوەی شەش ملیار و 800 ملیۆن مەتر سێجا ئاو هەیە و لەگەڵ بەنداوی دەربەندیخان تاكە سەرچاوی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبان، ئەمساڵیش ئاو لە بەنداوی دوكان كەمییكردووە و سەبارەت بە هۆكاری كەمكردنی ئاو لە بەنداوی دوكان، ئەكرەم ئەحمەد گوتی: “ئەمساڵ وەزارەتی كارەبا داواكاریی زۆرە بۆ ناوچەكانی راپەڕین و سلێمانی و بەردانەوەی ئاومان زیاتر بووە و بارانیش كەمتر بووە”. یەكێك لەو بەنداوانەی كە بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانی بەركەوتبوو، بەنداوی دەربەندیخان بوو، سەبارەت بە نۆژەنكردنەوەی ئەو بەنداوەش بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاو سەربە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەكرەم ئەحمەد گوتی: “زۆربەی كێشەكانی بەنداوی دەربەندیخان چارەسەركراون، حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بڕە پارەیەكیان تەرخانكرد و كێشەكان چارەسەری كرا، بەڵام بە گشتی نۆژەنكردنەوەی بەنداو ساڵانە ئەگەر كێشەیەكی گەورە نەبێت دیاریی ناكرێت، مەگەر كێشەیەك رووبدات ئەوكات دەست بە نۆژەنكردنەوە دەكرێت. ئەكرەم ئەحمەد گوتی: پێشبینی دەكەین بەنداوە بچووكەكان هەمووی پڕ ببن، بەڵام چاوەڕوانی توانەوەی بەفریش دەكەین بۆ ئەوەی ئاستی ئاو لە بەنداوەكان دیاری بكەین.









