ساسان دەرویش-هۆڵەندا:
ساڵێك لەمەوبەر، میر تەحسین بەگ میری ئێزیدیانی كوردستان و جیهان رۆژی دووشەممە 28ی كانوونی دووەمی 2019 لە نەخۆشخانەیەكی شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا لە تەمەنی 86ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، ژمارەی كوردانی ئێزیدی لە جیهاندا زیاتر لە یەك ملیۆن كەس دەبن و لەو ژمارەیەش نزیكەی 600 هەزاریان لە باشووری كوردستان نیشتەجێن. لەسەر راسپاردەی سەرۆك بارزانی تەرمەكەی لە ئەڵمانیاوە گەڕێندرایەوە كوردستان و سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە 4/2/2019 بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە ئەوكات سەرۆكوەزیرانی كوردستان بوو، هەروەها ژمارەیەكی دیكە لە بەرپرسانی هەرێم و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و جڤاتی روحانی لە ڕێوڕەسمێكدا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازیی لە تەرمی خوالێخۆشبێت میری كوردانی ئێزیدی لە كوردستان و جیهان كرا و هەر هەمان رۆژ بەرەو قەزای شێخان بەڕێكرا، لە 5/2/2019 لە ڕێوڕەسمێكی ئاپۆرای جەماوەری بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی نوێنەری سەرۆك بارزانی لەسەر وەسیەتی خۆی میر تەحسین تەرمەكەی لەنێو باخچەی ماڵەكەی خۆیدا لە قەزای شێخان بەخاكسپێردرا و بۆ ماوەی حەوت رۆژیش پرسەی بۆ دانرا، وێڕای ئەوەی پێشتر لە رۆژانی 28-29-30ی2019 پرسەی بۆ داندرا لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا بە ئامادەبوونی بەڕێز دڵشاد بارزانی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان. بۆ یەكەم ساڵیادی كۆچی دوایی و ناشتنی تەرمی میر تەحسین، دەمەوێت تیشك بخەمە سەر دیمانەیەكی میر لەگەڵ رۆژنامەنووسی سویدی توردڤالسترۆم كە لەپەرتووكی شاخەكان تاقە دۆستی ئێمەن كە لە ساڵی 1974 لەگەڵی ئەنجامداوە، لەنێو شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، ناوەڕۆكی پەرتووكەكە بریتییە لە 230 لاپەڕە و بەشێوەیەكی گێڕانەوە و چەندین دیمانەی كورت لەگەڵ كەسایەتییەكانی ناو شۆڕشی ئەنجامداوە و لە بەشێكی ئەم وتانەی میر تەحسین هەیە لە چەند لاپەڕەیەكیدا بۆ زیاتر ئاشنابوون بە دڵسۆزی و پشتگیری بۆ شۆڕش لەم یادكردنەوەیدا خستمەڕوو. نووسەری سویدی توردڤالسترۆم لە پەرتووكی شاخەكان تاقە دۆستی ئێمەن دەڵێت: لە چوارچێوەی دیدار و گفتوگۆكانم لەنێو شۆڕش و سەنگەری پێشمەرگە دژ بە رژێمی عێراق و بە ئامانجگرتنی كورد لە مافەكانیان، چوومە لای تەحسین بەگ میری ئێزیدیان، من پێشتر قەت ناوی ئێزیدیانم نەبیستووە، كاتێك لێرە خەریكی نووسینی ئەم كتێبە بووم، لە فەرهەنگێكدا بەدوای وشەی ئێزیدیدا دەگەڕام نووسرابوو: ئێزیدی كوردن لە عێراق لە سنووری مووسڵ، هێندێكیان لە كێوەكانی كوردستان، باكووری رۆژاوای مووسڵ و هێندێكیشیان لە شاخەكانی سنجاردا نیشتەجێن، ئایینەكەیان تێكەڵاوێكە لە مەسیحییەت، جولەكە و موسڵمان و هێندێك ئایینی كۆنی ناوچەكە. ئەو رۆژنامەنووسە دەشڵێت: میر تەحسین دوای ئەوە پێوەندیی بە شۆڕشەوە كرد لە چۆمان ژیا و من لەو شوێنەی كە بەشێوەی كاتی بۆی سازكرا بوو بینیم، زۆر نەجیب بوو ئینگلیزیەكی جوان قسەی دەكرد. میر لە دیمانەكەیدا بەو رۆژنامەنووسەی گوتووە كە میر كۆمەڵێك ئەركی لەسەر شانە وەك ئەوەی چاودێریی جێبەجێكردنی یاسا ئایینییەكانی خۆیان دەكات، ئەگەر كەسێك سنووری یاساكانی بەزاند ئەركی میرە حوكمی بەسەردا بدات، بۆ نموونە پێوەندیی زایەندی لە ژیاندا، یان كەسێك حاشا لە بوونی خوا بكات، شتی لەم چەشنە بەلادانی گەورە دێنە ژمارە. رۆژنامەنووسە سویدییەكە دەشڵێ: ئێزیدی چەند هۆزی جیاوازن و ژیانێكی ساكار دەبەنە سەر، پێشتر بە زۆری كۆچەر بوون، بەڵام ئێستە نیشتەجێن و لە شار و گونداندا دەژین، بە گوتەی ئەو رۆژنامەنووسە میری ئێزیدییەكان كاتی خۆی پێی گوتووە، ئەو بڕوای بە بناغەكانی ئەم شۆڕش هەیە، بەڵام ئەمە هیچ پێوەندیی بە ئایینەوە نییە و هەموو ئێزیدییەكانیش كوردن. میرتەحسین پەیوەندیەكی بەهێزی لەگەڵ بارزانیی نەمر و خانەوادەكەی هەبوو، بە تایبەتی سەرۆك بارزانی و كاك ئیدریسی جوانەمەرگ، پاڵپشتی خۆی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەردەبڕی و بە بەشێكی گرنگی دەزانی. میر تەحسین كوڕی سەعید بەگ كوڕی عەلی بەگ كوڕی حوسێن بەگ، لە رۆژی 15ی ئابی ساڵی 1933 لە ناوچەی باعەدرێی سەر بە قەزای شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆك لە دایكبوو. لە ساڵی 1944 كاتێك میر تەحسین بەگ تەمەنی نزیكەی 11 ساڵان بوو، بەهۆی كۆچی دوایی باوكییەوە، لەسەر وەسیەتی مایان خاتوونی دایكی میر تەحسین بۆ پۆستی میری كوردانی ئێزیدی بەربژێركرا لە هەرێمی كوردستان و عێراق و جیهان. پشتیوانی لە شۆڕشی ئەیلوولی كردووە و لە 1959ـش بە هۆی جوڵانەوەی عەبدولوەهاب شەواف لە مووسڵ دەستگیركراوە و رەوانەی عەمارە و دیوانییە لە باشووری عێراق كراوە و دواتر خراوەتە ژێر ئیقامەی جەبرییەوە لە بەغدا، تا ئەو كاتەی مستەفا بارزانی، رابەری شۆڕشی رزگاریخوازیی ئەیلوول بڕیارەكەی بە حكوومەتی ئەوكاتی عێراق هەڵوەشاندووەتەوە. لە ساڵی 1970 پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە كردووە، لە ساڵی 1975 بەرەو بەریتانیا رۆیشتووە و بۆ 7 ساڵ لە لەندن ماوەتەوە.









