هەورامان عەلی تۆفیق
لە سێپتەمبەری ساڵی 2019 عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی وڵاتی چینی كرد و هەشت لێك تێگەیشتنی واژۆكردووە بۆ ئامادەكاری ڕێككەوتنێكی 20 ساڵە، لایەنە شاراوەكانی ئەم ڕێككەوتنە و پێشهاتە خراپەكانی بۆ ئابووری و ئایندەی سیاسیی عێراق جێگای مشتومڕی زۆری سیاسییەكانی عێراقە و پێچەوانەی لێدوانەكانی حكوومەت لەو بارەیەوە قسە دەكرێت.
عێراق خاڵبەندی ئەو ڕێككەوتنەی هێشتا بەدیار نەخستووە بەو مانایەی لە چ بوار و چ پڕۆژەیەكدا كۆمپانیا چینییەكان كار دەكەن، ئەوەی عێراق باسی لێوە دەكات گەیشتنە ڕێككەوتن و لەیەك گەیشتنە لەگەڵ وڵاتی چین لەسەربنەمای بنیادنانەوەی ژێرخانی ئابووری عێراق لە بواری گەیاندن و پیشەسازی و لایەنی ئەمنی و وزە دایە بە بەهای زیاتر لە 500 ملیار دۆلار لە ساڵێكدا، بەم پێیە عێراق ناچاری قەرزێكی زۆر دەبێت و لە 20 ساڵی داهاتوودا كەرتی نەوتی ئەم وڵاتە دەبێتە بارمتە، بەو پێیە عێراق دەبێت ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی چین بكات، لەگەڵ زیادەی ئەو قەرزانە بۆ دانەوەیان بە چین. ناڕوونی لە ڕێككەوتنەكە و ئەو وەڵام نەدانەوەی حكوومەت بۆ ئەو ڕوونكردنەوانەی پەرلەمانی عێراق و ڕای گشتی لە خواستی خستنەڕووی ڕێككەوتنەكە، پەڕلەمانی عێراق ناچاربووە لە ڕێگای بانگهێشتی باڵوێزی چین داوای ڕوونكردنەوە بكات. بە پێی ئەو زانیارییانەی ناوە ناوە لە بەرپرسانی حكوومییەوە ئاشكرا دەبێت ئەم ڕێككەوتنە گۆڕینەوەی نەوتە بە پڕۆژە، واژۆ نەكردنی ئەو ڕێككەوتنە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بڕیارێكی لەو شێوەیە عێراق پێویستی بە ڕەزامەندیی ڕێكخراوی ئۆپێكە. ئەم هەنگاوەی عێراق لە دواوی ئەو ناڕەزاییە بەردەوامەی هاوڵاتیانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ باشتر بوونی گوزەرانیان لە بێكاری و بێ خزمەتگوزاری و گەندەڵی و زۆر لەو كێشانەی هاووڵاتی عێراقی تێیدا دەژیت، ئەمەش دونیایەكی خەیاڵاوی بۆ زۆرێك دروست كردووە بەو پێیەی ئەم هەنگاوە دەبێتە فریادڕەسی عێراق لەو كێشانەیدا.
بڕیاری تاكلایەنەی شیعە بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی و دەنگی ناڕەزایی سەدر لەو بارەیەوە و خۆپیشاندانە ملیۆنییەكەی، پێشهاتی مەترسیداریان هەیە و لەنێوخودی شیعەدا هۆشداری لەو بارەیەوە دراوە، بەڵام لایەنە توندڕەوەكان گوێ بەوە نادەن و سوورن لەسەر ناڕەزایەتییەكانیان.
تێگەیشتنی ئەمریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەجدییەتی هەڵوێستەكانی كورد و ڕووی ڕاستی سیاسییەكانی عێراق و روون بوونەوەی ئایندەی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لەم ناوچەیە.
لەم لێك تێگەیشتنە بەناڕازی بوونی ئەمریكا لەو شێوە ڕێككەوتننانە دەست بۆ ئێران درێژ دەكرێت لەوەی دەستی لەم هەنگاوەی عێراقدا هەبێت، لە بنەماشدا حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق بەپێی یاسا مافی واژۆكردنی لەم شێوه ڕێككەوتنە چارەنوسسازانەی نابێت.









