خەبات: هاوار مورتكەیی
رۆژی 2/2/2020 لە شاری هەولێر هەڵمەتی بڕینی زێدەڕۆیی سەر تۆڕەكانی كارەبا دەستی پێكرد، دوای ئەوەی هەڵمەتەكە لەلایەن وەزیر كارەبا و وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێرەوە راگەیەنرابوو، هەڵمەتەكە لە هەردوو گەڕەكی مامۆستایان ( ئەمین عامەكان) و گەڕەكی (وەزیران) دەستی پێكرد، كە پێشتر راگەیەنرا كە هەڵمەتەكە لەو گەڕەكانەوە دەست پێدەكەن كە قەبارەی خانووەكانیان گەورەیە و لەناو كۆمەڵگەدا بە دەستڕۆیشتوو ناو دەبرێن.
پێكهینانی لیژنە
بەر لە دەستپیكی هەڵمەتەكەش چەندین كۆبوونەوە لە دیوانی پاریزگا بەڕێوەچوو و لیژنەی تایبەتی بۆ پیكهێنرا بۆ ئەوەی هەڵمەتەكە بەسەركەوتوویی بەڕێوەبچێت، لیژنەكەش بەسەرپەرستی خودی پاریزگار و ئەندامێتی وەزارەتی كارەبا و ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای هەولێر و پۆلیسی كارەبا و زێرەڤانی و ئاسایش پێكهات و لە دوای تەواوبوونی وادەكەش، ئەو هەڵمەتە دەستیپیكرد، و هەروەك بڕیاردرابوو هەڵمەتی بڕینی زیادەرۆییەكانی سەر تۆڕەكانی كارەبا لەو گەڕەكانە دەستپیبكات كە رووبەری خانووەكانیان زۆرە و بەگەڕەكی دەسترۆیشتوو ناودەبڕین.
دادپەروەری لە دابەشكردنی كارەبادا
لە دەستپێكی ئەو هەڵمەتەشدا نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر و ئەندازیار حوسین حەمەد قادر بەڕێوەبەری گشتی كارەبای هەولێر و بەڕێوەبەرانی كارەبای یەك و دووی هەولێر و ژمارەیەكی بەرچاو لە كارمەندان و ئەندازیارانی كارەبا و هێزەكانی ناوخۆ ئامادەیبوون، قایمقامی هەولێرلە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی لە ئامانجی سەرەكی هەڵمەتەكە كرد و رایگەیاند كە بۆ باشكردنی دۆخی كارەبا و زیادبوونی كاتژمێرەكانی كارەبایە بە هاوڵاتیان و هەروەها جێبەجێكردنی دادپەروەرییە لەدابەشكردنی كارەبادا، هەورەها گوتی: بۆیە سەرەتای هەڵمەتەكەشمان لەو دوو گەڕەكە دەستپیكرد تا ئەو پەیامە بە هاوڵاتیان بگەیەنین ئێمە لە بڕینی زیدەرۆیی سەر تۆڕەكانی كارەبادا جیاوازی ناكەین و چاوپۆشی لەهیچ بەرپرس و پلەداریك ناكەین كە ئەگەر زیدەرۆیی كردبێت لە سەر تۆڕەكانی كارەبادا، چونكە ئەو هەڵمەتە بە رێنمای خوودی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەریمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، خۆشبەختانەش لەیەكەم رۆژی ئەو هەڵمەتەدا كارەكان بەسەركەوتوویی بەڕێوەچوون و هیچ كێشەیەك نەهاتە پێش.
سوود وەرگرتنی هاوڵاتیان لە وادە دیاریكراوەكە
لەلایەن خۆشیەوە ئەندازیار حوسێن حەمەد قادر بەڕێوەبەری گشتی كارەبای هەولێر سوپاسی ئەو هاوڵاتیانەی كرد كە لەماوەی دوو مانگی رابردوودا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانی كارەبایان كردووەو گرفت و كێشەكانی كارەباكانیان چارەسەر كردووە و بەدەنگ داواكەمانەوە هاتن و ژمارەیەكی زۆر سەردانیان كردین و سەرپێچییەكانیان لادران، هەروەها رایگەیاند لەدوو مانگی رابردوودا بە هەزارەها هاوڵاتی كە خانووەكانیان سەرپێچی بووەو پێوەریان نەبووە سوودیان لەو بڕیارە وەرگرتووە كە پێوەری كارەبایان بۆ دانراوە ئەمە وێڕای ئەوەی سەدان هاوڵاتی كە گرفتی پێوەریان هەبووە گرفتەكانیان چارەسەر كراوە.
رێوئوینی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیكاران
نوێنەری وەزارەتی كارەبا كە یاوەری ئەو هەڵمەتە بوو لای خۆیەوە رایگەیاند:
هەڵمەتی بڕین و نەهێشتنی سەرپێچیەكانی كارەبا لەهەرسێ پارێزگاكانی كوردستان و ئیدارەی گەرمیان دەست پێدەكات، دوای ئەوەی لەماوەی دوو مانگی رابردوودا كارئاسانی بۆ ژمارەیەكی زۆری ئەو هاوبەشانەی كارەبا كرا كە كێشەو گرفتیان لە پێوەرەكانی كارەبادا هەبوو، لەلایەكی دیكەوە كۆمەڵێك رێوشوێنی یاسایی و دارایی بەرامبەر ئەو كەسانە دەگیرێتەبەر كە بەزێدەڕۆیی كارەبایان راكێشاوە یاخود دەسكاری پێوەرەكانیان كردووە.
هێزەكانی زێڕەڤانی پۆلیس
جێی باسە لەو هەڵمەتەدا هێزەكانی زێڕەڤانی و پۆلیس و پۆلیسی بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای هەولێر یاوەری تیمەكانی بڕینی سەرپێچی سەر تۆڕەكانی كارەبا بوون و لەیەكەم رۆژیشدا چەندی حالەتی جۆراوجۆری زیدەرۆیی كارەبا تۆماركران و كارەبا له خوودی سەرپێچیكارەكە بردرا و دواتر ناوی تۆماركرا بۆ گرتنەبەری رێوشوینی یاسایی بەرامبەر ئەوانە و سەرچاوەیەكیش لە هەڵمەتەكە پێی راگەیاندین كە بەدواداچوون بۆ ئەوانە دەكریت كە سەرپێچیان كردووە جا سەرپێچییەكە لەسەر تۆڕەكانی كارەبادا بێت یاخوود مۆری سەعاتەكەی دەستكاری كردبیت وە یان لە بن سەعاتەوە كارەبای راكێشابیت، ئەگەر هاتوو سەرپێچیكار دووبارە زێدەرۆیی كردەوە ئەوا دەدریتە دادگا.









