ڕاژان عەبدولرەحمان پیرۆ
خەبات و تێكۆشانی بارزانی سەدەی ڕابردوو تا ئەمڕۆ لە ناو چەقی ڕوژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە گەرمەی شەڕی سارددا واتە لە ئان و ساتێكدا كە كورد و ناسنامەكەی هەڕەشەی لە ناوچوونی لەسەربوو، بارزانی چەندین شۆڕشی بەرپا كرد و لە لوتكەی نائومێدیدا هیوای بۆ كورد گەڕاندەوە و تاكی كوردی لە بێ هیوایی ڕزگار كرد، ئەمە لە كاتێكدا بوو هەروەك ئاماژەم پێدا كە دۆخی سیاسیی كورد گەلێك دژوار و ناهەموار بوو لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و نێوخوی كوردستاندا، بەڵام بارزانی بە خوێندنەوەیەكی ورد و لۆژیكیانە هەنگاو بە هەنگاو لە گەڵ پێشهاتە سیاسییەكاندا توانی جارێكی تر ماڵی كورد ڕێك بخاتەوە لە چوارچێوەی ڕێكخراوێكی سیاسی وەك پارتی دیموكراتی كورد- كوردستاندا، ئامانجی سەرەكی بارزانی باوك گێڕانەوەی شكۆ و ئیڕادەی سیاسیی تاكی كورد بوو لە پێناو بەرگری كردن لە مانەوەی كورد و ناسنامەكەی، بارزانی لەوە تێگەیشتبوو كە هەتا كورد یەكڕیز و یەكدەنگ نەبێت دوژمنان و داگیركارانی كوردستان زاڵ دەبن بەسەر كورددا و كورد لە نێو قەڵەمڕەوی خۆیاندا دەتوێننەوە ، كەوابوو تا هەتا هەتایە ناوی كورد و كوردستان دەسڕێتەوە، بۆیە هەموو هەوڵەكانی خۆی چڕكردەوە و لە زاخۆ تا خانەقین كوردی لە ژێر یەك چەتردا كۆكردەوە. لەوانەیە زۆرجار ئەم پرسیارە بكرێت كە چۆن بارزانی باوك لەو هەلومەرجە دژوارەدا توانی مەزنترین شۆڕش بەرپا بكات لە كاتێكدا كە دونیا گشتی نەیاربوو لە گەڵ دۆزی كورد؟ لە وەڵامدا دەڵێم هەر ئامانجێك ئیڕادەی سیاسی گەلەكەی لە پشت بێت سەردەكەوێت، شۆڕشی ئەیلولی مەزن بۆ ماوەی نزیكەی چواردە ساڵ بەردەوام بوو، ڕووبەڕووی هەموو تەحەددایەكی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و عێراقی بوویەوە و توانی چۆك بە ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕدا بێنێت و دۆزی كورد بە هەموو جیهان بناسێنێت وەك دۆزێكی نەتەوەیی ڕەوا، ئەمە خۆی لە خۆیدا دەسپێكی سەركەوتنی دۆزی كورد بوو، چونكە یەكەم جار بوو ڕەوایەتی دەستوری وەرگرت و چووە نێو دۆكیۆمێنتە نێودەوڵەتییەكان، خۆ بە خاوەن زانینی بارزانی باوك و هەروەها بەردەوامیدان بە ڕێبازە پیرۆزەكەی لە لایەن سەرۆك “مەسعود بارزانی”یەوە تاكو ئەمڕۆ ئەم كوڵنەدانە بەردەوام بووە، هۆی ئەوەی كە هاوشانی گۆڕانكارییە سیاسییەكان هەنگاو بە هەنگاو دۆزی كورد بە تایبەت لەم بەشەی كوردستان واتە باشوری كوردستان قۆناغگەلێكی باشی بڕیوە سەرەڕای هەموو ڕێگری و ئاستەنگەكان لە سەر ئاستی ناوەوە و دەرەوە. گەوڕەترین سەركەوتنی كورد لەم قۆناغەی ئێستاماندا ئەنجامدانی ریفراندۆمی باشوری كورستان بوو لە ساڵی 2017 كە سەرۆك بارزانی پاڵپشت بە ئیرادەی سیاسیی گەلی كوردی سەربەخۆخواز تەحەددای هەموو لایەنێكی نێودەوڵەتی و هەرێمی و عێراقی و نێوخۆیی كرد و پڕۆسەكەش سەركەوت، كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا شۆڕشێكی شارستانی گەورە و بەهێز بوو و پەیامی ڕاستەقینەی كوردی بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی عێراقی گەیاند و تا هەتایە وەك تاپۆیەكی ڕەش كەوتە نێو گیرفانی هەر تاكێكی كوردی سەربەخۆخواز، بۆیە لە كۆتاییدا گەلێ جار وتومانە كوردستان لە دەستێكی ئەمین دایە، مادام كوردیش خاوەنی بارزانی بێت دۆزە ڕەواكەشی لە ئەمن و ئەماندایە و هیچ كات سازشی لە سەر ناكرێت.









