دیمانە: هاوار مورتكەیی
لەم رۆژانەی رابردوو رووداویكی گرنگ لە دونیای شەترەنجی كوردستان روویدا، كاتێك بۆ یەكەمین جار كوردێك بەشداری یەكێك لە دیارترین و بەناوبانگترین پاڵەوانێتییەكانی جیهان دەكات كە ئەویش پاڵەوانێتی (تاتا ستیل)ە Tata Steel، تاتا ستیل هەموو ساڵێك لە مانگی كانوونی دووەم بەبەشداری پاڵەوان و بەناوبانگانی شەترەنج لە وڵاتی هۆلەندا بەڕێوەدەچیت، كە لە ساڵی 1938ەوە تاكو ئێستا بەردەوامی هەیە و كۆمپانیای بریتج شتیل سپۆنسەریتی.
شەرەفێكی گەورە
قاسم وەندی كە خەڵكی خانەقینە و ماوەیەكی زۆرە لە وڵاتی هۆڵەندا دادەنیشێت، تاكە كوردە كە تا ئێستا بەشداری لەو پاڵەوانیتییەدا كردبێت و ئەمساڵ ئەو شەرەفەی پێسپێردرا كە شان بەشانی پالەوانانی جیهانی وەك فابیانا كاروانا (پاڵەوانی تاتستیل 2020) و ماگنۆس پاڵەوانی جیهان، و 14 گراندماستەری بەناوبانگی جیهان لەو پاڵەوانیتییە ركابەری لەسەر نازناوەكەی تات ستیل دەكەن، ئەو ئەگەرچی هیچ راهێنەریكی نییە، بەڵام پشت بەخۆی دەبەستیت و لە رێگای خویندنەوە و سایتەكانەوە راهێنانی خۆی ئەنجام دەدات، لەم دیمانەیەدا تیشك دەخەینە سەر ژیانی وەرزشی و ئەو دەسكەوتانەی لە بواری شەترەنج بەدەستی هێناون.
چۆن شەترەنج فێربوو؟
قاسم وەندی كە لە ساڵی 1963 لە شاری خانەقین لەدایك بووە، لەتەمەنی 13 ساڵیدا فێری یاریی شەترەنج دەبێت كاتێك هەندێ لە خزمانی لە وڵاتی ئێرانەوە دەگەڕێنەوە لەوانەوە فێری ئەو یارییە دەبێت، هەروەك خۆی دەڵێت: لەبەر ئەوەی باری داراییمان زۆر باش نەبوو، نەمتوانی شەترەنجێك بكڕم، ئەوەبوو چوومە نێو بازاڕی بەرگدرووان و هەندی بەكرەم كۆكردەوە و بەچەقۆ شێوەی بەردەكانی شەترەنج لێدروستكردن، پارچە مقەبایەكم هێنا و چوارگۆشەكانی شەترەنجم لەسەر درووستكرد، لە كۆڵانەكەمان یارییەكە باو بوو بەردەوام ئەو یارییەمان دەكرد، كەس نەیدەتوانی لێم بباتەوە، لە ساڵی 1979 كاتێك ناوم لە ناوەندی فێركردنی پیشەسازی پیشەیی لە بەعقوبە ناوم دەرچوو، لەوێ پالەوانێتییەك بەناوی پاڵەوانێتی پیشەسازی شەترەنج كرایەوە و توانیم پلەی دووەم بەدەستبهێنم، لە ساڵی 1981 پاڵەوانێتی بەشە ناوخۆییەكان كرایەوە و توانیم پلەی یەكەم بەدەست بهێنم، لە ساڵی 1990 كاتێك ئاوارەی ئێران بووم لەوێ یاریزانی زۆر بەهیز هەبوون یارییان دەكرد، منیش چەند كتێبێكی تایبەت بەشەترەنجم كڕی و راهێنانم لەسەر كرد، لە ساڵی 1997 كاتیك وومە ئەورووا و لە هۆلەندا گیرسامەوە، رۆژێك سەردانی یانەیەكی شەترەنجم كرد و كاتێك زانیان شەترەنجزانم داوایان لێكردم ببمە ئەندامێك لەو یانەیە بەناوی یانەی moira-dom toren و تا ئێستا لەو یانەیە بەردەوامم، لە ساڵانی 2013 و 2015 پالەوانێتی شاری ئوتریختی هۆڵەندیم بەدەستهێنا.
پاڵەوانێتی تاتا ستیل
دواتر ئەو شەترەنجزانە نێودەوڵەتییەی كورد لەبارەی پاڵەوانێتی تاتا ستیل گوتی: چیز گوندێكی بچوكە لەسەر دەریای یاشووری هۆلەندا، هەموو ساڵێك لەمانگی یەك پاڵەوانێتییەكی شەترەنج لەو گوندەی سەر دەریا بەڕێوەدەچێت، هەر ساڵەی زیاتر لە 650 شەترەنجزانی جیهانی بەشداری تێدا دەكەن و لەنێویاندا ژمارەیەك گراند ماستەر و گەورە شەترەنجزانانی جیهان بەشداری تێدا دەكەن، ئەو شەترەنجزانانە بەسەر 70 تیپ دابەش دەكرێن و هەر تیپیك لە10 شەترەنجزان پێكدێت و هەر شەترەنجزانێكیش 9 یاری ئەنجام دەدات.









