سوورە مەرگەیی
دوای پیلانە شوومەكەی جەزائیر و نەخۆش كەوتنی بارزانی نەمر و دواتر كۆچ كردنی، ئەركی دەست پێكردنەوە و بەردەوامی شۆڕش و وەڵامدانەوەی ئەو پیلانە نێودەوڵەتی و فرە جەمسەرە كەوتە سەرشانی دوو هەڵۆی بەرزە فڕی ئاسمانی كوردایەتی و راهێنراوی ناو لانەی شۆڕشگێڕی، ئەوانیش كاك ئیدریس و سەرۆك بارزانی بوون، ئەو دوو برایە كە دوو گەنجی تێگەیشتوو لە كوردایەتی و پێگەیشتووی ناو قوتابخانەی پڕ لە ورەی بەرەنگاری و چەمكی تازەی شۆڕشگێڕی بارزانی نەمر بوون، ئەو دوو برایە برایانە ئەو ئەركەیان گرتە ئەستۆ و گەورەترین ئامانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیان لە بارزانی باوك وەرگرت، ئەوە لە كاتێكدا بوو هەندێك لە بەرپرسانی ئەوكاتی شۆڕش بۆ راكردن لە بەرپرسیارێتی، هەوڵیان دەدا وەستانی كاتی شۆڕش بە شكست ناوبەرن و شكستەكەش بخەنە ئەستۆی بارزانی نەمر، بەشێكی تریش كە لە شۆڕش و كوردایەتی یاخی ببوون هەوڵیان دەدا لە كانیاوی ئەو وەستانە كاتیەی شۆڕش جوانكاری سیاسی و شۆڕشگێڕی بۆ رابردووی پڕ لە خراپەكاری خۆیان بكەن و هەر بەو جوانكاریەوەش خۆیان نمایش بكەن، هەر چوار داگیركارەكەی كوردستانیش لەسەر ئەوە كۆك و هاوڕا بوون كە شۆڕش و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد لە بازنەی ئەو وەستانە كاتیەدا گەمارۆ بدەن و رابەرایەتی شۆڕش لە دەستی رابەری راستەقینەی كورد دەربێنن و رادەستی دەست و پیوەندە شاراوەكانی خۆیانی بكەن.
داگیركارانی كوردستان و ئەو بەشەی كە لە بەرپرسیارێتی رایان دەكرد و ئەو بەشەش كە جوانكاری سیاسییان بۆ خۆیان دەكرد، هەموو خاڵە ناكۆكەكانی نێوان خۆیان وەلادەنا و لە خاڵی دوور خستنەوەی ماڵباتی بارزانی نەمر لە شۆڕش و بەرخودان یەكتریان دەگرتەوە، بەڵام پێچەوانەی چاوەڕوانیەكان كاك ئیدریس و سەرۆك بارزانی بە شاندانە بەر بەرپرسیارێتی جیا لەوەی گەمارۆی هەر چوار داگیركارەكەی كوردستانیان كردە پێخوستی شۆڕشگێڕی خۆیان، چاوەڕوانی نەیارانی ناوخۆشیان كردە خەونێكی بەدی نەهاتوو و بە دۆست و دوژمنیشیان گوت: ئەوە ئێمەین خاوەنی راستەقینەی شۆڕش و وەڵامدەرەوەی پیلانی داگیركارانی كوردستان، ئەوە ئێمەین بڕیاری بەردەوامیمان داوە و بەردەوامیش دەبین تا بەدیهێنانی خواست و ئامانجە نەتەوەییەكان.
هەر كەسێك بۆ تەنیا جارێك بە دیداری ئەو زاتە شۆڕشگێڕ و كوردپەروەرە گەیشتبێ و ئامۆژگاری و هەڵوێستە نەتەوەییەكانی بێنێتەوە پێش چاوی خۆی، دەزانێ كۆچی دوایی كاك ئیدریس لە رۆژی 31ــ1ــ1987 جیا لەوەی بۆشاییەكی گەورەی لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد جێهێشت، ئەركی سەرۆك بارزانیشی كردە دوو بەرامبەر، بەڵام ئەگەر دوور لە سۆز و رقی سیاسی هەڵوێستە نەتەوەییەكانی سەرۆك بارزانی بە بێژینگی شۆڕشگێڕی و كوردپەروەریدا بكەین، دەگەینە ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرەی كە سەرۆك بارزانی بە پابەند بوونی بە رێبازی بارزانی نەمر، هەم توانی ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە كە كۆچی دوایی كاك ئیدریس خستیە ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد، هەمیش ئەركە دوولایەنەكەی سەركەوتووانە ئەنجام بدات.
ئەوەی سەرۆك بارزانی كردی و ئێستاش دەیكات دوور بوو لە چاوەڕوانی و پێشبینییەكانی دوژمنان و داگیركارانی كوردستان، چونكە هەرچی دوژمنان بوون بۆ درێژەدان بە سیاسەتی داگیركاری پشتیان بە هێز و زەبروزەنگ و پیلانگێڕی دەبەست و پێیانوابوو بە گرتنەبەری ئەو سیاسەتە دەتوانن شۆڕشگێڕانی كورد ببەزێنن، هەرچی سەرۆك بارزانیش بوو لە رووبەڕوو بوونەوەی هێز و زەبروزەنگی ئەوان هێزی لە ئیرادەی شۆڕشگێڕان و سەربەخۆخوازان وەردەگرت و لە وەڵامدانەوەی پیلانگێڕیەكانیش پشتی بە رێبازی بارزانی نەمر دەبەست، بۆیە لێرەوە بە دۆست و دوژمن دەڵێم: ئەوەی لە رووی دوژمنان هێزمان پێ دەبەخشێ و هەموو بۆشاییەكانی ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردیش پڕ دەكاتەوە، ئەوەی گوڕوتینی بەردەوامیمان پێ دەبەخشێ و بە دوا ئامانجی سەربەخۆییمان دەگەیەنێ، گردبوونەوەمانە لەناو رێبازی بارزانی نەمردا، چونكە ئەو رێبازە بۆتە سیستەمی شۆڕشگێڕی و كورد تا بەو سیستەمەوە پابەند بێ، هیچ هێز و پیلانگێڕییەكی دوژمنان ناتوانێ كاروانی رووە و سەربەخۆییمان بوەستێنێ، بۆیە لە ساڵیادی كۆچی دوایی كاك ئیدریس بارزانیدا دەڵێم: باشترین وەفا و پاداشت و رێز گرتن لە خەبات و ماندووبوونی ئەو زاتە شۆڕشگێڕەی ناو بزاڤی رزگاریخوازی كورد، پابەند بوونە بە رێبازی بارزانی نەمر و هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانی سەرۆك بارزانی.









