خەبات: ڕۆشنا عەلی:-
پەروەردە بە گشتی تاچەند جێگای بۆ پەروەردەی دەروونی كردۆتەوە؟ ئەگەر جێگایەك نییە بۆی چۆن دەروونزانی بئاخنینە ناو كۆی گشتی فەلسەفەو پڕۆسەی پەروەردەوە؟ بە چ میكانیزمێك و كێ دەیكات؟ ئەم زانستە چۆن بگاتە تاك و كێ بیگەیەنێت؟ كێن بەرو پیری دەچن ؟ ئایا ئەگەر لە قوتابخانەو باخچەكانەوە دەروون ئارامی بۆ قوتابی دروست نەكرێت لەكوێ ولەچ قۆناغێك دەگاتە دەروون ئارامی ؟ ئایا پڕۆسەی پەروەردە ئەوەنەی كاریگەری خراپی هەیە لەسەر دەروونی قوتابی ئەوەنە دەروون ئارامی بۆ دابینكردووە؟ بە تایبەتی لە قۆناغەكانی ئامادەیی ؟ ئەمانەو چەندین پرسیاری تر لە كۆنفڕانسێكی زانكۆی صەڵاحەدین لەبارەی پەروەردەی دەروونی كەبەبەشداری 17وڵات ئەنجامیدا پرسیاری ئێمە بوون لە هەندێك شارەزایانی ئامادەبووی كۆنفڕانسەكە.
شوێنگەیەك بۆ كۆكردنەوەی ئەكادیمستان
یەكەمین كۆنفڕانسی نێو دەوڵەتی هاوبەش بۆ زانستە دەرونییەكان ئامانج لێی چییەو دەیەوێت چی بخاتە سەر خەمانی زانستی دەروونی لە كوردستان؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە د. دیار جەباری ئاماژەی بەوەدا كە ئامانجی ئەم كۆنفڕانسە ئەوەیە ئاسایشێكی دەروونی لای هەموو تاكێكی كورد و عێراقی دروستبكات ئەو لەمبارەیەوە وتی ” كۆنفڕانسەكە زیاتر لەسەر پەروەردەی دەرونییە وەك دەزانین بارودۆخێكی خراپ دروستبووە دوای شەڕی داعش كەبۆیە كۆنفڕانسەكە ئامانجێتی ئارامییەكی دەروونی ئاسایشیكی دەروونی لای هەموو تاكێكی كورد و عێراقی دروستبكات بۆیە لە كۆنفڕانسەكە زیاتر لە 17 وڵات بەشداری كردووە جگە لە هەموو سەرۆك زانكۆكانی عێراق تێیدا بەشداربوون ئێمە وەك ڕایەڵەیەكی پەیوەندی لە نێوان زانكۆكانی عێراق و عەرەبییەكان و بیانییەكانیش دروستبكەین لەكۆلێژی پەروەردە كە دەبێتە شوێنگەیەك بۆ كۆبوونەوەی ئەو هەموو توێژەرە ئەكادیمستانەی كەلە وڵاتان هاتوون.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەم كۆنفڕانسە چی دەخاتە سەر پەروەردەی ئێمە لە ئەنجامدا د. دیار وتی : لەكۆتاییدا كۆنفڕانسەكە كۆمەڵێك ڕاسپاردەی دەبێت دڵنیایی لەوە دەكرێتەوە كە بەهەماهەنگی زیاتر بكرێت لە بواری پەروەردەو فێركردندا بێگومان كۆمەڵێك ڕاسپاردەی باش دەبێت بۆ بواری پەروەردەو فێركردن و خوێندنی باڵا.
توێژینەوەكان
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەم توێژینەوانە تاچەند نوێن بۆ زانستی دەروونی و ئەتوانێت چۆن كاریگەری لەسەر پەروەردەی كۆمەڵگاو سیستەمی پەروەردە دروستبكات ، د. وەلید بابان بەڕێوەبەری یەكەمین كۆنفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی بۆ زانستی پەروەردەی دەروونی لە زانكۆی صەڵاحەدین لەم بارەیەوە وتی: پاش ئەوەی بەرپرسیارێتی بەڕێوەبەرایەتی ئەم كۆنفڕانسەمان گرتە ئەستۆ 147 توێژینەوە پێشكەشی كۆنفڕانس كراون كە ڕۆژانی ئەنجامدانی كۆنفڕانسەكە تەنها دوو ڕۆژە ناچار بووین ژمارەیەكی كەمتر هەڵبژێرین كەسانی ئەكادیمین و ئەوانەن كەلە سەنتەرە ئەكادیمییەكانن، ئەو گرفتانەی باس دەكرێن دابەش بۆتە سەر چوار تەوەری سەرەكی لەپێش هەموویانەوە ئەو ململانێیەی كە هەیە و بۆتە هۆكارێك بۆ دەركەوتنی بیری توندڕەوی و بارگرانییەك بۆسەر تاك و كۆمەڵگە تەوەرێكی تری باسكردنە لە پەروەردە و فێركردن وە گەیاندنی بیری دروست لای تاك كەلە پەروەردەوە دەست پێدەكات.
ئایا گرفتی ئێمە لە لایەنی دەروونی بەتایبەتی لە بواری پەروەردە ئەم جۆرە كۆنفڕانسانە دەتوانێت لایەنێكی ئەو كەلێنە پڕبكاتەوە و چارەسەری پێبێت ؟ بەڵێ لایەنە دەرونییەكە بەشی یەكەم و تەوەری سەرەكییە لەم بوارە كە دوو تەوەرن وەك سەقامگیری دەروونی و ئاشتەوایی دواتر لەلایەنی پەروەردەیی جەخت دەكاتە سەر دواكەوتنی فێركردن و پەروەردەی تاك.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا بانگهێشتكردنەكە تەنها لەبواری توێژینەوەیە لەو بارەیەوە هیچ هاوكارییەكی ڕاستەوخۆی هەرێم ناكرێت لەلایەن ئەو سەنتەر و ڕێكخراوانەی لێرە بانگهێشكراون ؟ لەمبارەیەوە پڕۆفیسۆر د. سەعید عومەر ئیبراهیم ڕاگری كۆلێژی پەروەردە سەرۆكی لیژنەی ڕێكخستنی كۆنفڕانس بۆ خەبات وتی : كە بیرمان لە ڕێكخستنی ئەم كۆنفڕانسە كردەوە لەگەڵ ئەو سەنتەرە كە سەنتەرێكی توێژینەوەی كۆمەڵایەتییە لە لەندەن كە تایبەتمەندە بە ئیرهاب و پەروەردە و دەروون كەلەو بوارانە چەندین كۆنفڕانسی ئەنجامداوە بە پێویستمان زانی ئەم كۆنفڕانسە ئەنجامبدەین لەسەر ئاستی پەروەردەو كۆمەڵگا یەكێك لە تەوەرەكانی لەسەر فكری ئیرهاب و پەڕگیرییە و چۆن نەهێلین خەڵك بەرەو توندو تیژی بڕوا وە یەكێكی تر لەو تەوەرانە ئەوەیە كە چۆن لە مناڵییەوە دەروونی مناڵ بپارێزین تا نەگاتە ئەو قۆناغەی توشی لادانێكی گەورە بێت راسپاردەكانی پەیوەندیدارە بە زۆریك لەوەزارەتەكان وەك وەزارەتی پەروەردە ئەوقاف كاروباری كۆمەڵایەتی بەڵام ئەوان تەنها بۆ ئەم بوارە بانگهێشت كراون و هاوكاری ڕاستەوخۆناكەن تەنها لەو بوارە كاردەكەن.
قۆناغی بنەڕەتی
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا تاچەند بیر لە پەروەردە كراوەتەوە بە تایبەتی قۆناغی بنەڕەتی و تاچەند دەروون ئارامی لەم قۆناغەدا هەیە بەپێی ئەو قۆناغەی كە منداڵ پێیدا تێپەڕ دەبێت د. كازم ئەحمەد زرار مامۆستای زانكۆی صەڵاحەدین پسپۆڕی كەسایەتی تەندروستی دەروونی وتی: گومانی تێدا نییە كاتێك تۆ لە ناو ژینگەیەك دا دەژیت نەك هەر لە ناو خۆ بەڵكو لەهەر چوار دەورتەوە بەردەوام لە كێشەو ئاژاوەو بوونی چەندین ڕووداوی لەناكاو هەر لەسەردەمی ڕژێمی بەعسەوە تا دوای ڕووخانی و دوای هاتنی داعش بۆیە ئێمە كارتێكراوین و وابەستەیەن لەو بارە دەروونییەی ناوچەكە تیایدا دەژی لەپڕ دەوترێ ئێران و ئەمریكا كێشەیان هەیە یەكەم كەس كە دەروونی تێك ئەچێ میلەتەكەی ئێمەیە ، چونكە پێشتر كارەساتی بینیوە كە ئەمانە شتە سادەكانن منداڵێك كە یەكەم جار لە سكی دایكیایەتی باری دەروونی ناجێگیرە و موعاناتی هەیە تا دێتە سەر دنیا و دەگاتە باخچەو قوتابخانە و زانكۆ لەوانەیە بە سەدان سەدەماتی نەفسیدا تێپەڕێت كە مناڵێكی تر لە وڵاتێكی تر پیایدا تێپەڕنابێت تۆ كەسایەتییەكی نادروستم بۆ دروست ئەكەی لەهەمانكاتدا ئەگەر هۆشیاری دەروونی نەبێت و كۆڕو كۆنفڕانس نەبەستی تۆ چۆن ئەتوانی ئەو ژینگەیەو ئەو منداڵانە دەرباز بكەی؟ هەتا ئێستاش لە قوتابخانەكانی ئێمە هەرچەند وەزارەتی پەروەردەش كاری لەسەر كردووە بەڵام تا ئێستاش قوتابخانەكان زۆربەبیان ڕێنمایكاری دەروونییان نییە لە گەورەترین بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوە كەڕۆژانە 200 -300 كەس سەردانی دەكات ڕێنمایكارێكی دەروونییان نییە كە ئەو پاڵە پەستۆ دەروونییەیان لەسەر كەمبكاتەوە.
بەڵام لە زۆرێك لە قوتابخانەكاندا هەن و ڕۆڵی پێویستییان نیییە؟ لەبەر ئەوەی ئەو ئەكادیمستانەی لە قوتابخانەكان دانراون بەپێی پێویست نین دەرچووی كۆمەڵناسی ناونراوە توێژەری دەروونی دەرچووی جوغرافیا كاری دەروونی پێدراوە دەبێت جیابكرێنەوە توێژەری دەروونی جیاوازەو توێژەری كۆمەڵایەتی جیاوازە هەریەكەو دەبێت بە كاری خۆی هەستێت دایك و باوكێك كاتێك بڕیاریان دا مناڵێك بێننە سەر دونیا ، بەڵام ئامادە باشییان نەبوو بۆ ئەوەی بە ڕۆڵی دایك و باوكایەتی هەڵبسن ئەو منداڵە وێران دەبێت لە هەر پۆلێكی قوتابخانە 40 منداڵ دانراوە ڕێنمایكار نییەو یان بەپێی پسپۆڕی خۆی نییە.
وەك مامۆستایەكی زانكۆ ئاستی پەروەردەی دەروونی لە ئێستادا بە هەموو خراپییەكانی چۆن ئەبینی بەبەراورد بە ساڵانی پێشتر ؟ من دەتوانم بڵێم لە ئاستی خوار مامناوەندە؟ كەواتە چی بكرێت ؟ دەبێت لە یاسای وڵات ئەوە جێگیر بكرێت لە هەموو دام و دەزگاكانی میری فەرمی و نافەرمی پێویستە گرنگی بەلایەنی دەروونی بدرێت چ لە دامەزراندنی كەسایەتی كە هەڵبستێ بە ڕۆڵی ڕاوێژكاری دەروونی لێهاتوو لە سادەترین دام و دەزگای میری تا گەورەترینییان لەدەرەوەی دام و دەزگاكانیش ، لە خێزانەوە دووەم بەهەند وەرگرتنی كۆمەڵیك شت ئێمە لە راگەیاندنەكان هاوار دەكەین ئەوانەی كە بڕیاردەری وڵاتن پێویستە خەڵك وشیار بكرێتەوە كە سەردانیكردنی دكتۆری دەروونی بەمانای ناتەواوی تۆ نییە ، بەڵكو خەڵك لە كێشەدایە ئێمە دەبێت جیاوازی بكەین لە نێوان كێشەی دەروونی و نەخۆشی دەروونی هەموومان كێشەی دوەروونیمان هەیە دەبێت خەڵك تێبگات و سەردانی ڕێنمایكاری دەروونی بكات واتە تۆ لە وڵاتێكا بژی بەردەوام سەدەماتی دەروونیت هەبێت و كەسێك نەبێت چارەسەر بكات و ڕۆژانە بەسەدان كەس ئاوارە دەبێت لەژینگەكەی تۆ تێكەڵاو بووە نەباری دەروونی ئەو جێگیرە نەباری دەروونی تۆ یان لەوڵاتێك كە لە ناوەڕاستی سەیركردنی فلمێك كە مناڵەكەت تەماشای دەكا كارەباكەی ئەبڕێت، ئەو منداڵە هەڵدەچێت رق دروست دەبێت ئەگەر شتێیەك نەبێت هادیئی بكاتەوەو تێی بگەیەنێت كە خەتاكە لە ئێمەو تۆ نییە ژینگەكەت وایە بۆ ئێمە لە خوارئاستی مامناوەنداین ، وشیاری فكری لەڕووی وشیاری دەروونییەوە لە پەروەردەو خێزانیشا هەمان شتە چونكە پەروەردە ڕەنگدانەوەی خێزانەو خێزانیش ڕەنگدانەوەی پەروەردەكەمانە تۆ منداڵێكی دروست پەروەردە مەكە ئەو منداڵە فڕێ دەدەیتە باخچەیەك یان قوتابخانەیەك ئەو ڕەوزەو قوتابخانەیەت بۆ تێك دەدات تەنها باس لە مامۆستا ناكەم لە پەروەردە بەڵكو ، بۆ تەندروستی و سلكەكانی تریش هەمان شتە تا ئێستا زۆرێك لە دكتۆرەكانی ئێمە فێری تەندروستی دەروونی نەبوون كاتێك تۆ نەخۆشێك هەیە توشی نەخۆشییەك هاتووە ناكرێت بە سەدمە ڕاستەو خۆ پێی بڵێت تۆ فڵانە نەخۆشیت هەیە و ڕەنگە بمری، بەڵام لەوڵاتان خودی دكتۆر دەست دەگرێت قسەت بۆ دەكات كە تۆ زۆر ساغی ئەگەر واش بێت دكتۆر ئەوەندە دڵنیای دەرونیت ئەداتێ و قسەت بۆ ئەكات وا هەست دەكەی كە نەخۆشییەكی سادەت هەیە ، لە كاتێكدا هەمووان كۆرسی دەروونی دەخوێنن پزیشكمان هەیە تەنها لەڕووی مادییەوە سەیری كارەكەی ئەكات ڕۆژانە 40 نەخۆش دەبینێت لەكاتێكدا فیتەرێك ناتوانێت لە چوار سەیارە زیاتر ببینێت ڕۆژانە بۆیە ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێك هەیە لەو بوارە بەتایبەتی لە مەسەلەی تەندروستی دەروونی كەلە وڵاتەكەمان جێگیر بكرێت.









