شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی وڵاتی ئیتاڵیای كرد بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی كەرتی شوێنەوار لە هەرێمی كوردستان، بۆ گفتوگۆكردن و ڕاگۆڕینەوە و ئامادەكاری بۆ بە گەشتیاریكردنی پڕۆژەی تۆڕی ئاودێری سەنحاریب لە قەزای شێخان، هەروەها دروستكردنی ناوچەی شوێنەواری گەشتیاریی بە هاوبەشی لەنێوان زانكۆی ئودینە و سەنتەری لێكۆڵینەوەی نیشتمانیی ئیتاڵیا ماستەرپلانی بۆ دانراوە.
نوێنەری وەزارەتی دەرەوی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا و نوێنەری یونسكۆ و سەنتەری نیشتمانی ئیتاڵی و نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كونسوڵی ئیتاڵیا لە كوردستان بەشداری كۆنفرانسەكە بوون سەبارەت بە دروستكردنی پاركی شوێنەواری و ژینگەیی بۆ پڕۆژەی تۆڕی ئاودێری سەنحاریب كە لە شوێنەواری خنس بۆ شوێنەواری جەڕوانە درێژ دەبێتەوە و رووبەری لە 130 كم دووجا پێك دێت و كۆمەڵێك چالاكی جۆراوجۆری گەشتیاریی و ژینگەیی لەخۆدەگرێت.
هەر لەمیانەی ئەو سەردانەدا شاندی هەرێمی كوردستان رۆژی پێنجشەممە 30ی كانوونی دووەمی2020 لە وڵاتی ئیتاڵیا، خاتوو مەرینا سێرینی جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا پێشوازی لە شاندی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كرد.
مەرینا سێرینی پێشتر راوێژكاری هەرێمی ئومبریای ئیتاڵیا بووە، ئەندامی پەرلەمان و یەكێك لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری پارتی دیموكراتی ئیتاڵیا و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەو وڵاتەش بووە، ئێستاش جێگری وەزیری دەرەوە و سەرۆكی ئینستیتوتی ئینتەرناشناڵی كولتووریی كوردییە لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا.
لەمیانەی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی سەرەتا وێڕای سوپاسگوزاری بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە شاندەكەی وەزارەت كرا، سوپاسی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی گەیاندە گەل و حكوومەتی ئیتاڵیا بۆ ئەو هەموو هەماهەنگی و هاوكارییانەی پێشكەشی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستانییان كردووە، داواشی كرد هەماهەنگی و هاوكارییەكانی حكوومەتی ئیتاڵیا بۆ حكوومەت و گەلی كوردستان و پێشمەرگە بەردەوام بن.
تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە قسەكردن لەسەر كۆنفرانسی شوێنەوار كە لەلایەن زانكۆی ئودینەی ئیتاڵیاوە بەڕێوەچوو، هاوكات وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بانگهێشتی زانكۆكانی ئیتاڵیای كرد بە مەبەستی بایەخدان بە سێكتەری شوێنەوار سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ هەر هەماهەنگی و ئاسانكارییەك بۆ زانكۆكانی ئیتاڵیا كە لە بواری كەرتی شوێنەوار كار دەكەن، نیشان دا.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: پێویستە كۆمپانیاكانی بواری گەشتیاری و شوێنەواری ئیتاڵی هان بدرێن تا سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، بۆ پتەوكردنی هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی هەردوولایەنی هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا، ئاماژەی بە بواری شارەوانیش كرد بۆ ئەوەی هەماهەنگی لەنێوان شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا باشتر بكرێت.
له بەرانبەردا جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا خاتوو مەرینا سێرینی بە بایەخەوە جەختی لەوە كردەوە گەل و حكوومەتی ئیتاڵیا هەمیشە وەك هاوكار و پاڵپشتیی هەرێمی كوردستان دەمێننەوە بە تایبەتی گەلی كوردستان و پێشمەرگە رۆڵێكی بەرچاویان لە شەڕی دژی داعش و تیرۆردا هەبووە، خاتوو مەرینا سێرینی جەختی كردەوە حكوومەتی ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە بۆ بەرگریكردن لە هەرێمی كوردستان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا جەختیشی لەسەر پتەوكردنی هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی كردەوە لەڕووی ئابووری و شوێنەوار و سەربازی بە تایبەتی ئاوارەیەكی زۆر لە هەرێمی كوردستاندا هەن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی بە فەرمی بانگهێشتی خاتوو مەرینا سێرینی جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیای كرد سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و پێشنیاریی ئەنجامدانی كۆنفرانسێكی هاوبەشی لایەنی هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیاشی كرد لە بواری ئابووری و شوێنەوار و گەشتیاری، لە بەرانبەردا جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەو پێشنیارەی بە بایەخەوە وەرگرت و گوتی كاری جیدی لەسەر دەكرێت.









