دیمانە: وریشە عومەر
زۆرێك لە شیعرەكانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەكانی عەرەبی و فارسی هەندێك ئینگلیزی هەروەها چەندین كۆڕی شیعری و ئەدەبی لەناوەو دەرەوەی وڵات سازداوە و بەشداری لە كۆنفرانس و سیمینارو ڤیستیڤاڵە ئەدەبییەكان كردووە. چالاكوانێكی كارایەو داكۆكیكارە لە مافی ژنان،ئەندامە لە ئەكادیمیای سیاسەت و هزری دیموكراسی، لە دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی سیروانە بەزمانی كوردی و عەرەبی وە پەیامنێری ڕۆژنامەی سیروانە لە هەولێر،ئەندام و كارگێڕی ناوەندی ڕۆشنبیری شاعیرانی كوردە،ئەندامی تۆڕی نەوایە بۆ چالاكییە مرۆییەكان، دوو كتێبی شیعری چاپكراوی هەیە بەناوی (هەناسەكانی ژنێك) و (تاسەكانی عیشق) بڵاوبۆتەوە وەچەندین بەرهەمی دیكەی ئامادەیە بۆ چاپ. ئەم وتانەی سەروە دەستپێكی ئەوقسانە بوو كە خاتوو سرەوە بۆی كردین، لەم دیمانەیە بۆچوونەكانی دەربارەی دنیای شیعر بخوێنەوە: ❊ بۆ شیعرت هەڵبژارد ؟ ــ منداڵ بووم باوكم چێژی شیعری وەك بانگ دا بەگوێمدا، لەوەوە خولیای شیعر بووم، شیعری كەڵە شاعیرەكانی كوردم خوێندەوە. قۆناغی هەرزەییم خەونم بە بەیانەوە دەبینی، لە مێشكمدا چەقی و ویستم ئەو حەزە وەك كەزییەكانی ئەو سەردەمەم بهۆنمەوە و بیانكەم بەشیعر. تا قۆناغی ئامادەیی دڵم چۆڕاو مەرەكەبی خامەم ڕژایە سەر لاپەڕەكان. سەرەتا هەرزەییانە بوو، دڵ، هەست، ژیان، خێزان، نەتەوە و لەسەرو هەموویانەوە ئەو باگراوندە بەرفراوانە مەزنەی هەموو مرۆڤێك دەهەژێنێ هەر پلەیەكی هەبێ كە خۆشەویستییە كردمی بە شاعیر. ❊ لەزمانی شیعریتاندا وشەگەلێكی ناسك و چیرۆك ئاسای ڕۆمانسی بەدی دەكرێت، ئاخۆ ئەمە زادەی خەیاڵی سیحری خۆتانە، یان پەیوەستە بەژیانی واقعیتانەوە؟ ــ خەیاڵی سیحری بوونی نییە، بەڵكو ئەندێشە هەیە هەڵقوڵاوی ناخی خۆتە، كاتێ مرۆڤ دەڕوانێتە خۆی خوتیلكەی حەز لەگەڵ دڵ لەتەمەنی هەرزەییدا فامیدەو نەفام دەهێنێتە سەر ئەوین و لەوێوە بەرەو باخچەكانی خۆشەویستی بۆ سوبوونی مرۆڤ. وشە خۆی لای خامەدار لە ناسكییەوە هەنگاو دەنێ، تەنانەت گەر زەبەلاحترین ژان و كردەی ژان وێنا بكەی ناسكە، چونكە لەكوانوەكەوە هەڵدەقوڵێت كە دڵە. ماڵی دڵم ئاواكرد، بۆ ژیان بۆ تێكەڵی بۆ ئەدەب بەسەرجەم بوارەكانییەوە ئنجا كۆمەڵگەو نەتەوە و ئەو زامە هاوتەریبیانەی بۆتە باڵایەك بۆ تاك بەتاكی كورد. بەڵێ شیعر سەردێكە لە شاعیرەوە بە چەشنی پەخشان و چیرۆك و ڕۆمانە، وێژەیی خۆی نمایش دەكات، ڕۆمانسییەت سۆنگەی ئەوین و ئەشقە. بۆیە مرۆڤ بەڕۆمانسییەت لەگەڵ خۆی و دەوروبەر ئاشت دەبێتەوەو درێژە بەژیان دەدات. بەڵێ شیعرەكانم كۆپڵەكانم زادەی واقیعی خۆمە، هەر خۆشم هاوڕۆح و هاودڵ و هاوڕێی پێ هەڵدەبژێرم و درێژەی پێدەدەم. ❊ لەزەتی شیعری و ڕیتمی شیعر لەلای ئێوە زیاتر لەشیعری ئازاد یان كلاسیك بەرجەستە دەبێت بۆچی؟ ــ ڕۆچوون بە شیعردا و لەزمانی وێژەییدا چێژە لە بوحرانی ئەدەب لەسەرجەم بڕگەكانیدا بەرجەستە دەكرێت و ژیان و ئەدەب ڕەنگاڵەیی دەكات، دەنا هەموو مرۆڤێ دەدوێ و دەنووسێ، لێ شاعیر لە تێڕوانینی خۆیەوە بە نمایشكردنی هزرو دڵ و هەستی خۆی بە ئاستی توانای ئەدەبی لە دەرگاكانی خۆشەویستی دەدا چ بۆ دوو كەس بێ یاخود بۆ نیشتمان یا بۆ خودی ئەدەب. هیچ كامیان جیاوازییان نییە شاعیرانی كلاسیك ئێستاش خوێنەریان سەرسام كردووە، شاعیرانی سەردەم و مۆدێرن و نووسەرانی شیعری ئازاد بەگوێرەی قۆناغ كاریگەرییان بەسەر خوێنەرەوە هەیە. ❊ ئیلهامی زۆرێك لەشاعیران خۆشەویستەكەیانە یان دایكە یان نیشتیمانە ئیلهامی شیعری ئێوە چیە؟ ــ سروەی بەیان ناونرا بەو پێیەی سروەی هاووڵاتی وەك خوڵقەتی خۆی ئاواتەخوازبووە هەمیشە مژدەیەكی ڕۆح سووك بێ و ئەو ویستوویەتی هەم سروەیی هەم چرپەیی بە دڵ و گوێی مرۆڤە مرۆڤدۆستەكاندا بچڕێنێ. هەربۆیە دەڵێم بەڕاشكاوی خۆشەویستی جیهانێكی ئەفرێندراوە لەبەر ئەوە بەچەشنی دڵ لێدەداو تەنها بۆ مەعشوقێكە لە دڵا بمێنێتەوە بۆ تا هەتایە ..دایك و باوك خوشك و براو هاوسەرو نیشتمان سەرچاوەی ئیلهامی منن. جیاوازی تەنها لەوەدایە ڕیزبەندی دەكرێ هەر كیانێ لەو ناونراوانە خانەی خۆی هەبێ . دایك و نیشتیمان لای سروەی بەیان پیرۆزترینن، بەڵام خۆشەویستترینیان ئەو جوامێرەیە لە گەنجینەكەی سینەمدا جێم كردۆتەوە. ❊ تائێستا چەند دەقی شیعریتان كراوەتە گۆرانی؟ ــ زۆرێك لەدەقە شیعریە شۆڕشگێڕییەكانم وەكو سروودی نیشتیمانپەروەری لە خۆپیشاندانەكان لە دەرەوەی وڵات و ناوەوەی وڵات بوونە دروشم. دەقێكم بەناوی (شەڕڤان ناسنامەی كوردانە ) لەلایەن هونەرمەندی دەنگ خۆش حەمە بەكر لەدەرەوەی وڵات كرا بەگۆرانی و لاوانەوە و بەدەسخۆشیەوە ڤیدیۆكەشی بۆ ناردمەو. هەروەها دەقێكی ترم لەلایەن سەنتەری عەلی مەردان لەكەركوك پرسم پێكرا و هەڵبژێردرا ببێ بەگۆرانی، بەڵام نازانم بەچی گەشتووە. ❊ لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە شیعرەكانت كێشەیان بۆ دروست نەكردوویت؟ ــ وێڕای ڕێزم بۆ سەرجەم خوینەرانم پرسیارەكە ئاراستەی خۆتان دەكەمەوە. گەر لەسەدا یەكیش بێت بێگومان ئازاردەرە. زۆرن ئەوانەی پێیانوایە ژنە شاعیر گەر شیعری عاشقانەی بڵاوكردەوە ئیتر دەرگای عەشقی بۆ هەموان كردۆتەوە، لێ هیچ مرۆڤێ نەك تەنها شاعیر، بێ عەشق نابێ بنووسێ ، چونكە شیعر هاندەری بكوژیی نییە، بە پێچەوانەوە مەودای ژیان فراوان دەكات و ئەوە خۆشەویستیە دەبێتە بنەمای پێكەوە ژیان. ❊ شیعرت بۆ سەربەخۆیی گوتووە، چی دەڵێیت لە بارەیەوە؟ - بەڵێ، بەر لە هەڵوێستی بیركردنەوەو شڕۆڤەی ژیان بە بوونییەوە، شیعرم بۆ بەرخودان و سەربەخۆیی و قوربانییەكانی نوسیووە و جەختم لەسەر تەوەری ژن كردۆتەوە بە شیعر. كە ژن هاوتایەو دەبێ لەم پڕۆسەیەدا جێ دەستی دیاربێ. گەلانی پێشكەوتوو بە ژنەوە مێژوویان تۆماركردووە، ژن لەوڵاتاندا چۆتە سەر مانگ و لە زۆرینەی بوارەكاندا وەك پیاو ڕۆڵی هەبووە. هیواخوازم بە نووسینی شیعری بەرخودان ببمە سیمبولی ژنانی ئازادیخواز لەنێو كورد دا. ❊ حەز بەشیعری چی دەكەیت ڕۆمانسی یان نیشتیمانی بۆ؟ ــ یەك بە یەكیان پڕ بە حەز و بە گوێرەی ئەكشنی خۆیان لە دیدی پێویستییەوە بۆم نوسیوون و حەقی تەواوم داونەتێ. جوانترین بەڵگە كتێبێكی شیعریمە بەناوی تاسەكانی عیشق لە 45 كۆپلەی ناسك و ڕۆمانسی پێكهاتووە. هەر هەموو كۆپلەكانی بەوشەی خۆشەویستم دەسپێدەكا لەهەمان كاتیشدا بۆ شیعری نیشتیمانپەروەریم نووسیوە لەو بڕوایەدام كەم ژن هەن لەو بوارە بوێرانە هاتبنە مەیدان وەكو سروەی بەیان. ❊ پێشمەرگەو شەهیدان لەكوێی شیعرەكانی تۆدان؟ ــ لە زۆرجێ جەوهەری دەربرینی سروەی بەیان پێشمەرگەو گەریلا و شەڕڤان جوامێرانن كە گەشمردانی گەلەكەمانن. سروە وەك هەر تاكێكی ئەم كۆمەڵگەیە خاوەن قوربانیم لە ڕێی نیشتمان بە هزر و فیكر و مرۆییەوە. لەبەر ئەوە من خۆم لە ڕیزی بەهرەداراندا دادەنێم. ئەوان هەردەم لە هزرو دڵ و ویژدانی سروەی بەیان، دان. ❊ چی ئاوێتەی شیعردەكەیت بۆ ڕازاندەوەی؟ ــ سەو مژدەیەیە مرۆڤایەتی پێ دەژێیتەوە. دڵ، نمایش، جوڵە، ئەشق، سەرد و سیناریۆ و خۆم دەبمە ئەكتەر و دەقەكانمی پێدەڕازێنمەوە.گەر بۆ مەعشوقە ئەندێشییەكەم بڵێم ئەو ئاواز و من سەمام، ئەو شانۆیەو من ئەكتەرو بینەرو گوێگرم، ئەو شاخوێنبەرە من دڵەكەم، ئەو گوڵدانە و من گوڵەكە، ئەو هەنگەو من هەڵاڵەكەم بە قاچە وردەكانی دەپیتێم. ئاوا سروە شیعر دەڕازێنێتەوە. ❊ پرۆژەی داهاتووت چیە؟ ــ لە هەوڵدام بەم نزیكانە نەك بە شیعر بەڵكو بە ڕۆمان یاخود وەرگێڕان بێمە خزمەت خوێنەرانم. ئەمە بێ لە بەردەوام خولیای شیعری سروەی بەیان. بەو هیوایەی بوار هەبێ.
سهرهتا هزرو هونهر ژنە شاعیر سروەی بەیان: هیواخوازم بە نووسینی شیعری بەرخودان ببمە سیمبولی ژنانی...









