شەنگە هاوار كاكەیی❊
بە مەبەستی پتەوبوونی پەیوەندییە دیبلۆماسی و ئابوورییەكان ساڵانە لە وڵاتی سویسرا و لە شارۆچكەی داڤۆس كۆربەندێك بەناوی داڤۆس دەبەسترێت، ئەم رێكخراوە قازانج نەویستە كە لە ساڵی 1971 دامەزراوە هەر لەسەرەتای پەیدابوونیەوە ئامانجە سەرەكییەكەی دروستبوونی پردی پەڕینەوەی پەیوەندییەكان و بۆ دیالۆگە گەرمەكانی ئابووریناسان بووە بۆ باشتركردنی رەوش و شێوەی پێكهاتەكانی جیهانەوە لە رێگەی كۆكردنەوەی زۆرترین كەسایەتییە كاریگەرەكانی جیهان و سەرۆكی وڵاتان. بۆ ئەمساڵیش 35 سەرۆك وڵات لە میتینگەكاندا بەشداربوون، دۆناڵد ترەمپ یەكێكك بوو لە بەشداربووان. لە میانەی كۆڕبەندەكەدا چەندین پانێڵ و دیداری هەمەچەشن و گرنگ هاتنە بەر بارس و لێكۆڵینەوە، لەوانە پرسە تایبەتییەكانی پیسبوونی ژینگە و سووتاندنی دارستانەكانی ئوسترالیاو ئەمازۆن بوو، چوونكە ژینگەو گەردوون ئارامی لەدەستداوە بەهۆی نالەباری كەشیی سروشتی و تەبەقەی ئۆزۆن. بۆیە دەكرێ بڵێین دیدارەكە دیالۆگی بەهێزكردنی پرسە ئابوورییەكانی وڵاتان بوو لە رێگەی پەڕینەوەی ئەو پردە ستراتیژییەتەدا بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەسەر بۆ كریزە گرنگەكانی جیهان. هەڵبەتە لە رێگەی گەشانەوەی تۆخكردنی پرسە رامیارییەكاندا كە بوونی هەیە و كاریگەریی و دەرهاوێشتەكانی رۆڵیان هەبوو لە پیادەكردنی ئەم هەنگاوانەی لە كۆڕبەندی داڤۆس لەسەر ئاستی جیهان دەستیپێكرد. ئەو پەیوەندییە دیبلۆماسی و هەوڵە جدییانەی لە داڤۆس بۆ ماوەی چوار رۆژ لە حەوت پاكێجی گرنگدا رێكخران، هەرچەندە وتووێژە سەرەكییەكان شتێكی تازەش نییە، بگرە بەرنامەیەكی مەدروسی ئەم رێكخراوە قازانج نەویستە جیهانییەیە، بەڵام ئەوەی تازە بوو و بۆ ئێمەی گەلی كورد مەفاد بوو، چاوپێكەوتنی دۆناڵد ترەمپ بوو بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكی عێراق د. بەرهەم ساڵح لەیەك ئان دا و ناودێركردنی رێزدار نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی كوردان بۆ ئێمەی كورد خاسیەتی هەڵگرتنی ئەم ناونیشانە لەم هەلومەرجەدا هەڵگری پرسیاری زۆرە؟ هەرچەندە ئەمەریكا و سیاسەتی ئیدارەی ئەمەریكا دەرهەق بە گەلی كورد زۆر روون و ئاشكرا نەبووە بەرامبەر بە پرسی كورد و چارەنووسی كورد و هەرگیزیش ئەم ئیدارەیە جێگای باوەڕ و متمانە نەبوونە، چوونكە روئیاو دیدگایەكی روونیان نەبووە بەرامبەر دەرهاوێشتە سیاسییەكان، تەنها ئەوە نەبێ كە باڵانسی هاوكێشەكانیان راگرتووە بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكاو بۆ بیرە نەوتییەكان بووە. بەڵام ئێماژی ئەمجارە جیاوازە، چوونكە هەلومەرجی تازە هاتووەتە ئاراوە، لەوانە كوشتنی قاسم سولێمانی و خۆپیشاندانەكانی شیعەكان بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق و هەڵگیرساندنی فتیلی شەڕ نێوان ئێران و ئەمەریكا، لە سەرووی هەموو ئەوانەش داكۆكیكردنی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ پرسی سەربەخۆیی. جا لەم وێستگە تازەیەدا داڤۆس چی لەهەگبەدا بووە بۆ كورد؟ وەڵامی ئەو پرسیارە لەم نزیكانەدا بە روونی وێنا دەكرێت، چوونكە زمانی سیاسەت فڕێدانی كارتە، كارتی ئەمجارەش ئەم هاوتەریب بوونەیە، ئەم بەئاوێتە بوونە تازەیەو تێكەڵكردنی بە پرسە یونیڤێرسەڵەكانیش، وێستگەیەكی تازەی سیاسەتی ئەمەریكایەو بەهیوای ئەوەی ئایندەیەكی گەش بۆ كوردو بۆ پرێزێنتی كوردان.
❊ ماستەر لەیاسای گشتی، زانكۆی حیكمە بەیروت









