بەدواداچوون‮: ‬فاتیح بەرزنجی
ماوەماوە نرخی‮ ‬مریشكی‮ ‬زیندوو لە بازاڕەكانی‮ ‬كوردستان‮ ‬گران دەبێت و زۆرجاریش هیچ روونكردنەوەیەك لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكان نابینین،‮ ‬هاوكات ئەو گرانبوونەیش گلەیی‮ ‬و گازاندەی‮ ‬هاووڵاتیان بەدوای‮ ‬خۆی‮ ‬دێنێت و بە وتەی‮ ‬هاونیشتیمانیان بەشێكی‮ ‬زۆری‮ ‬مریشك بۆ شارەكانی‮ ‬ناوەڕاست و باشووری‮ ‬عێراق دەڕوات،‮ ‬بۆیە نرخەكەی‮ ‬گران دەبێت‮. ‬لەبەدواداچوونێكدا وەك‮ ‬ڕۆژنامەی‮ ‬خەبات ئەو‮ ‬ڕاپۆتەمان ئامادەكرد‮:‬
هاووڵاتیان‮:‬
تێناگەین بۆچی‮ ‬لەناكاو نرخی‮ ‬مریشك گران دەبێت؟
مام مەجید لە گەڕەكی‮ ‬فەرمانبەران گوتی‮:‬‮ ‬پێشتر نرخی‮ ‬مریشك هەرزان بوو،‮ ‬بەڵام ماوەیەكە نرخەكە بۆتە سێ هەزار و‮ ‬ 250 دینار،‮ ‬بەردەوامیش نرخی‮ ‬ئەو خۆراكە سەرەكییەی‮ ‬دانیشتووانی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان گرانی‮ ‬و هەرزانی‮ ‬بەخۆیەوە دەبینێت،‮ ‬هیچ كەسیش خۆی‮ ‬بە بەرپرس نازانێت و هاووڵاتیش لەوە تێناگات ئەو گرانبوونە بۆچی‮ ‬و هۆكارەكانی‮ ‬چین‮..‬؟
كەریم عەبدولقادر هاووڵاتییەكی‮ ‬دانیشتووی‮ ‬گەڕەكی‮ ‬ژین بوو گوتی‮: ‬بەپێی‮ ‬قسەی‮ ‬مریشك فرۆشەكان هۆكاری‮ ‬گرانبوونی‮ ‬مریشك بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەناردەی‮ ‬شارەكانی‮ ‬ناوەڕاست و باشووری‮ ‬عیراق دەكرێت،‮ ‬بەڵام ئەوەیان ئەركی‮ ‬ئیدارەی‮ ‬خۆجێیی‮ ‬هەولێرە كە نەهێلێت‮ ‬یەكێك لە سەرەكیترین خۆراكەكانی‮ ‬دانیشتووان هەناردەی‮ ‬دەرەوە بكرێت،‮ ‬لە كاتێكدا هێشتا پێداویستی‮ ‬ناوخۆی‮ ‬پڕ‮ ‬نەكردۆتەوە‮.‬
‮ ‬لە زۆرترین گەڕەكەكانی‮ ‬ناوشاردا شوێنی‮ ‬مریشك فرۆشتن بەرچاو دەكەوێت و لەبەرگران بوونی‮ ‬نرخەكەی‮ ‬جەنجاڵی‮ ‬لە مریشك فرۆشەكان و گەرموگوڕی‮ ‬مریشك فرۆشتن كەم بۆتەوە هۆكارەكەی‮ ‬بۆ گرانبوونی‮ ‬نرخەكەی‮ ‬دەگەڕێتەوە لەو‮ ‬ڕاپۆرتەدا ژمارەیەك مریشك فرۆشمان بەسەر كردەوە‮.‬
بەختیاری‮ ‬مریشك فرۆش لە گەڕەكی‮ ‬فەرمانبەران گوتی‮: ‬بەشێكی‮ ‬زۆری‮ ‬هاووڵاتیان خواردنی‮ ‬سەرەكیان مریشكە لەبەر ئەوەی‮ ‬نرخەكەی‮ ‬گونجاوەو خواردنێكی‮ ‬بەتاموچێژەو ئەوكاتانەی‮ ‬كە نرخەكەی‮ ‬هەرزانە مریشك لەبازاڕدا پڕ‮ ‬فرۆشترین خواردنە،‮ ‬بەڵام ئەو كاتانەی‮ ‬كە نرخەكەی‮ ‬گران دەبێت كڕیار كەمتر دەبێتەوەو خەڵكیش حەز بەمریشكی‮ ‬گەورە دەكەن نەوەك بچووك،‮ ‬داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین كە چیتر نەهێڵن مریشك بۆ شارەكانی‮ ‬خوارووی‮ ‬عێراق بڕوات تا نرخەكەی‮ ‬گرانتر نەبێت‮.‬
‮ ‬وشیار خاوەنی‮ ‬دوكانێكە بەناوی‮ ‬جیهانی‮ ‬مریشك گوتی‮: ‬گرانبوونی‮ ‬نرخی‮ ‬مریشك بۆ چەندین هۆكار دەگەڕێتەوە،‮ ‬وەك‮ ‬ڕۆیشتنی‮ ‬مریشك بۆ شارەكانی‮ ‬خوارووی‮ ‬عێراق و لەوەرزی‮ ‬زستان و هاوینیش هەندێ جار نرخەكەی‮ ‬گران دەبێت،‮ ‬لە وەرزی‮ ‬هاوێن بەبیانووی‮ ‬كەمی‮ ‬كارەباو گەرماوە،‮ ‬لە وەرزی‮ ‬زستانیش بیانوویان ئەوەیە كە تێچووەكەی‮ ‬زۆرە،‮ ‬لەگەڵ چەندین بیانووی‮ ‬دیكە كێڵگەكانی‮ ‬پەلەوەر نرخەكە گران دەكەن لەسەر مریشك فرۆشەكان،‮ ‬بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە لایەنە پەیوەندیارەكان بۆچی‮ ‬لێكۆڵینەوە لەگرانبوونی‮ ‬نرخی‮ ‬سەرەكیترین خۆراكی‮ ‬هاونیشتیمانیان ناكەن.؟
هەر لەم بەدواداچوونەدا ژمارەیەك لە خاوەنی‮ ‬پڕۆژەی‮ ‬پەلەوەر قسەیان بۆ كردین و ئەوان قسەی‮ ‬دیكەیان هەیە و هۆكارەكانیش باس دەكەن‮.‬
زریان مستەفا خاوەنی‮ ‬پڕۆژەی‮ ‬پەلەوەر گوتی‮:‬‮ ‬ئێمەی‮ ‬خاوەنی‮ ‬كێڵگەكانی‮ ‬پەلەوەر تا مریشك بەخێو دەكەین تووشی‮ ‬چەندین زەحمەتی‮ ‬دەبین و بەخێوكردنی‮ ‬مریشك ماندووبوونێكی‮ ‬زۆری‮ ‬دەوێت و مەسروفاتی‮ ‬زۆری‮ ‬تێدەچێت و هەمیشە نزا دەكەین كە زەرەرمەند نەبین،‮ ‬لەكاتی‮ ‬وەرزی‮ ‬زستان پێویستیمان بە گەرمكردنی‮ ‬هۆڵەكان هەیەو بەغاز هۆڵەكان گەرم دەكەین،‮ ‬كە پارەیەكی‮ ‬زۆریش خەرج دەكەین و هیچ كاتیش هەوڵی‮ ‬ئەوە نادەین نرخەكان گران بكەین،‮ ‬بەڵام حەقوایە وەزارەتی‮ ‬كشتوكاڵ هاوكاری‮ ‬و هەماهەنگی‮ ‬تەواومان بكات،‮ ‬چونكە ئێمە خۆمان باجی‮ ‬زەرەرەكان دەدەین،‮ ‬كە زۆرجاریش تووشمان دەبێت‮.‬
ئەحمەد تەها خاوەنی‮ ‬پڕۆژەی‮ ‬پەلەوەر گوتی‮:‬‮ ‬دیارە بەخێوكردنی‮ ‬مریشك هەم زەحمەتەو هەمیش قازانج و زیانیشی‮ ‬دەبێ،‮ ‬ئێمە ئەگەر زیان بكەین كەس باجەكەی‮ ‬نادات،‮ ‬بەڵام ئەگەر نرخەكەی‮ ‬گران بێت ئەوكاتە خەڵكی‮ ‬باسی‮ ‬گرانكردنەكە دەكەن،‮ ‬بەخێوكردنی‮ ‬مریشك شێوەكەی‮ ‬دیار نییە،‮ ‬مریشك هەموو كاتێك خواردنی‮ ‬سەرەكی‮ ‬هەموو ماڵێكەو بەشێكی‮ ‬هەرە زۆری‮ ‬خەڵك حەز بەخواردنی‮ ‬دەكەن و پزیشكەكانیش ئامۆژگاری‮ ‬خەڵك دەكەن كە مریشك بخۆن و خواست لەسەر مریشك گەلێك زۆرە،‮ ‬هەندێ خاوەن كیڵگە زەرەرێكی‮ ‬زۆریان كردووەو كەس لێیان ناپرسێتەوە،‮ ‬بۆیە هەقوایە وەزارەتی‮ ‬كشتوكاڵ ئاوڕ‮ ‬لە كێڵگەكانی‮ ‬پەلەوەر بدەنەوەو بە دابینكردنی‮ ‬پێداویستییەكانیان هاوكاریان بكەن‮.‬
‮ ‬بۆ بەدواداچوونی‮ ‬زیاتر و وەرگرتنی‮ ‬راوبۆرچوونی‮ ‬دیكەش سەبارەت بە هەڵبەز و دابەزی‮ ‬نرخی‮ ‬مریشك لە بازاڕەكانی‮ ‬كوردستاندا،‮ ‬سەردانی‮ ‬كۆمەڵەی‮ ‬كوردستان بۆ بەخێوكردنی‮ ‬پەلەوەرمان كرد لە هەولێر،‮ ‬لەوێدا سەروەت عەبدوڵڵا سەرۆكی‮ ‬كۆمەڵەكە بەخەباتی‮ ‬ڕاگەیاند‮: ‬ئێمە وەكو كۆمەڵە سەربەستی‮ ‬خۆمان هەیەو ئازادین لە ئیشوكارەكانمان و‮ ‬ڕۆژانە خەریكی‮ ‬ئیشوكاری‮ ‬پڕۆژەكانی‮ ‬پەلەوەرین و هەوڵ دەدەین ئاسانكاریان بۆ بكەین،‮ ‬كاری‮ ‬سەرەكی‮ ‬ئێمە بەخێوكردنی‮ ‬پەلەوەرەو‮ ‬ڕۆژانە خاوەنی‮ ‬پڕۆژەكانی‮ ‬پەلەوەر سەردانیمان دەكەن‮. ‬دیارە لە ژیانی‮ ‬ڕۆژانەی‮ ‬هەموو كەسێكدا خواردنی‮ ‬مریشك بۆتە ژەمێكی‮ ‬سەرەكی‮ ‬تاكەكانی‮ ‬كۆمەڵگە،‮ ‬ئێمە هاوكاری‮ ‬و هەماهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی‮ ‬كشتوكاڵ و بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی‮ ‬ئەو وەزارەتە هەیە،‮ ‬ڕۆژانە لەهەوڵداین كە بەرهەم زیاد بكەین و هانی‮ ‬خاوەن كێڵگە پەلەوەریەكان بدەین تا بەرهەمی‮ ‬مریشك زیاد بكەن‮.‬
گوتیشی‮: ‬هەموو خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان سەردانیمان دەكەن جگە لە خاوەنی‮ ‬ئەوانەی‮ ‬كە كێڵگەی‮ ‬پڕۆژەی‮ ‬دایكانەی‮ ‬هەیە‮ ‬یاخود كارگەی‮ ‬ئالیكیان هەیە،‮ ‬هەموو ئەوانە پەیوەندیان لەگەڵ كۆمەڵەكە هەیە،‮ ‬هەروەها ئەندامین لە لیژنەی‮ ‬دابینكردنی‮ ‬پێداویستی‮ ‬شاری‮ ‬هەولێر و مانگانە كۆبوونەوە سازدەكەین لەسەر دابینكردنی‮ ‬پێداویستی‮ ‬شاری‮ ‬هەولێر تا لە نزیكەوە بزانین بەرهەمی‮ ‬ناوخۆ چەند هەیە‮.‬
سەروەت عەبدوڵڵا دەشڵێت‮:‬‮ ‬لە شاری‮ ‬هەولێر و دەوروبەری‮ ‬نزیكەی‮ ‬ 600 پڕۆژەی‮ ‬بەخێوكردنی‮ ‬پەلەوەر هەیە،‮ ‬جا ئەو پڕۆژەیە بە وزەی‮ ‬ 12 هەزار تا‮ ‬ 100 هەزار وزەی‮ ‬كاركردنی‮ ‬پلەوەر هەیە و هەر پڕۆژەو بەجۆرێك پەلەوەر بەخێو دەكات،‮ ‬هەر خاوەن كێڵگەیەك بە پێی‮ ‬توانای‮ ‬خۆی‮ ‬كار دەكات و هەندێ پڕۆژە هەیە هەر لەساڵی‮ ‬هەشتاكانەوە كار دەكات تا ئێستا،‮ ‬ژمارەیەك پڕۆژەش هەیە لە ساڵی‮ ‬ 2010و ساڵی‮ ‬2012 وە كار دەكات،‮ ‬پڕۆژە بۆ پڕۆژە جیاوازی‮ ‬هەیەو بۆ ئەوەی‮ ‬كار بۆ دابینكردنی‮ ‬بەرهەم‮ ‬بكەین مانگانە كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی‮ ‬سامانی‮ ‬ئاژەڵی‮ ‬دەكەین لە بەڕێوەبەرایەتی‮ ‬گشتی‮ ‬كشتوكاڵی‮ ‬هەولێر بەئامادەبوونی‮ ‬بەڕێوەبەری‮ ‬ڤێتەرنەری‮ ‬هەولێر و تیایدا باس لە چۆنیەتی‮ ‬بەرهەم و زیادكردن و كێشەو گرفتەكان دەكەین،‮ ‬باس لە ئاماری‮ ‬پڕۆژەكانی‮ ‬پەلەوەرو پێداویستیەكانی‮ ‬شاری‮ ‬هەولێر لە مریشك و هێلكە دەكرێت،‮ ‬هەروەها باس لەوە دەكرێت كە شاری‮ ‬هەولێر پێویستی‮ ‬بە چەند مریشك و بەچەند بەرهەمی‮ ‬مریشكی‮ ‬هاوردە هەیە و‮ ‬ڕۆژانە لە بەرهەمی‮ ‬مریشك و‮ ‬نرخەكەی‮ ‬دەپرسین،‮ ‬ئێمە هەموو هەوڵێكمانداوە كە مریشكی‮ ‬كێڵگەكانی‮ ‬خۆمان زیاتر گرنگی‮ ‬پێ بدەین و مریشكی‮ ‬هاوردەش كەم بكەینەوە ئەویش هەر لەساڵی‮ ‬2018 ‮ ‬تا ساڵی‮ ‬2019 ‮ ‬تا چیتر پاڵپشتی‮ ‬لە بەرهەمی‮ ‬ناوخۆ بكەین و دەبێتە هاندەرێكیش بۆ خاوەنی‮ ‬پڕۆژەكانی‮ ‬پەلەوەری‮ ‬ناوخۆ لە كوردستان و پاك و خاوێنی‮ ‬بەرهەمی‮ ‬ناوخۆ و كەمبوونەوەی‮ ‬بەرهەمی‮ ‬مریشكی‮ ‬هاوردە تا هاووڵاتیان زیاتر‮ ‬ڕوو لەبەرهەمی‮ ‬ناوخۆ بكەن و مریشكی‮ ‬ناوخۆ فرێشەو لەبەرچاوی‮ ‬خۆت سەردەبڕدرێت و مادەی‮ ‬حافیزەی‮ ‬تیانییە و مریشكی‮ ‬هاوردە تا دەگاتە دەست خەڵكی‮ ‬ماوەی‮ ‬چەند مانگی‮ ‬پێ دەچێت،‮ ‬بەڵام بەرهەمی‮ ‬مریشكی‮ ‬ناوخۆ دەمودەست و بە خاوێنی‮ ‬دەگاتە دەست هاووڵاتیان‮.‬
هۆكاری‮ ‬گرانبوونی‮ ‬مریشك
دواتر سەروەت عەبدوڵڵا سەرۆكی‮ ‬كۆمەڵەكە گوتی‮:‬‮ ‬هەموو جۆرە كەلوپەلێك چ خواردن بێت‮ ‬یا هەر شتێكی‮ ‬دیكە خواست و داواكارییە و هەر كاتێك مریشك خواستێكی‮ ‬زۆری‮ ‬لەسەر بێت ئەوا مریشكی‮ ‬زیاتر ساغ‮ ‬دەبێتەوە لەبازاڕەكان ئەو كاتەش نرخەكە گرانترو خواستی‮ ‬زیاتر دەكەوێتە سەر مریشك بەڵام ئەو كاتانەی‮ ‬كە خواست لەسەری‮ ‬كەم بێتەوە نرخیش دادەبەزێت،‮ ‬ئێمە ئەگەر سەیری‮ ‬بەرهەمی‮ ‬خۆمان بكەین پێویستە سەیری‮ ‬تێچووی‮ ‬بكەین وەك لە وەزری‮ ‬زستاندا مریشك لە نرخی‮ ‬1900 – ‮ ‬دوو هەزار كەمتر بفرۆشرێت ئەوا خاوەنی‮ ‬كێڵگەكە زەرەرمەند دەبێت لەبەر ئەوەی‮ ‬لەوەرزی‮ ‬زستان تێچووی‮ ‬گەرم كردنەوەی‮ ‬هۆڵەكانی‮ ‬پەلەوەر‮ ‬زیاتر دەبێت ولەوەرزی‮ ‬هاوینیشدا ساردكەرەوەی‮ ‬دەوێت پێویستە هاووڵاتیان ئەوە بزانن،‮ ‬كە نرخی‮ ‬مریشك گران نییە لەچاو پێداویستیەكانی‮ ‬دیكەی‮ ‬ڕۆژانە بۆ نموونە نرخی‮ ‬یەك نەفەر كەباب بە‮ ‬10 ‮ ‬هەزار دینارەو‮ ‬یەك كەس دەیخوات،‮ ‬بەڵام‮ ‬مریشكێكی‮ ‬دوو كیلۆو نیو خێزان دەیخوات و نزیكەی‮ ‬هەشت تا نۆ هەزار دینار دەكات بە بەراورد لەگەڵ نرخی‮ ‬مریشكەكە هەرزانترە و ئێمە لەگەڵ گرانبوونی‮ ‬نرخی‮ ‬مریشك نین و هەموو كاتێك لە نرخەكەی‮ ‬دەكۆڵینەوە،‮ ‬ئەگەرچی‮ ‬بەخێوكردنی‮ ‬پەلەوەر هەروا ئاسان نییە ئەوەی‮ ‬كە هاووڵاتیان تێی‮ ‬دەگەن و لەوەرزی‮ ‬سەرماو گەرمادا مریشكیش تووشی‮ ‬نەخۆشی‮ ‬دەبێت و زۆرجار خاوەنی‮ ‬كێڵگەكانی‮ ‬پەلەوەر تا مریشك بەخێو دەكەن تووشی‮ ‬چەندین زیانی‮ ‬مادی‮ ‬دەبن،‮ ‬بەڵام هەرگیز هانی‮ ‬ئەوە نادەین كە نرخەكان گران بێت پێویستە هاووڵاتیانیش ئەوە بزانن كە بەخێوكردنی‮ ‬مریشك زەحمەتی‮ ‬زۆری‮ ‬تیایە،‮ ‬ئەگەر تێچووی‮ ‬مریشكێك بگاتە‮ ‬1900 ‮ ‬دینار ئەی‮ ‬خاوەن كێڵگە بەچەند بیخاتە بازاڕەكان و هەمیشە بە خاوەنی‮ ‬كێڵگەكانمان‮ ‬ڕاگەیاندووە كە هەوڵی‮ ‬گرانكردنی‮ ‬مریشك نەدەن ئەو هەڵبەزو دابەزینەی‮ ‬مریشك كاتییەو چاك دەبێت‮.‬