خەبات: تریفە ئازاد:-
لە گەڕی ئەمساڵی كۆڕبەندی داڤۆس،7پرسی جیهانی تاوتۆ كران: گەرمبوونی گۆی زەوی، ئەگەرەكانی سوتانی دارستانەكانی ئوسترالیا و ئەمازۆن، گرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران و پرسی رێككەوتننامەی ئەتۆمی وڵاتانی 5+1 و ئێران، خستنەخوارەوەی فڕۆكەی مەدەنیی ئۆكرانی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران، پرسی ئابووری نێوان ئەمریكا و چین، ناكۆكییەكانی نێوان ئەمریكا و وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا، هەڕەشە تەندروستییەكان لەجیهاندا.لە كۆڕبەندی ئەمساڵدا نزیكەی 224پانێڵ و دیدار و كۆبوونەوەی ئەنجام دەدرێن و 774 بەشداربووی كۆربەندەكە بە وتار و بەشداری پانێڵ و كۆبونەوە قسە دەكەن. شایانی باسە ئەمساڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆڕبەندەكەبوو و لەگەڵ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا كۆبووەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا و چۆنیەتی هێوركردنەوەی گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵوێستی هەرێم دەربارەی پرسە هەرێمی و جیهانییەكان تاوتوێ كرا. ئەم كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و دۆناڵد ترامپ لە لایەن میدیاجیهانی و كوردستانی و عێراق رەرز و گرنگ نرخێنرا، چونكە دەرەنجامەكانی ئەم كۆبوونەوەیە سیاسەت و نەخشەرێگای رۆژهەڵاتی ناوەراست وێناكرا. شایانی باسە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پانێڵێكدا بە ناونیشانی “رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناسەقامگیر” باس لە قەیران و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرا، كە بوونەتە سەرچاوەی ترس و نیگەرانییەكی گەورەی جیهانی و ناوچەیی. هەروەها نێچیرڤان بارزانی لەم پانێڵەیدا تیشكی خستە سەر كاریگەرییەكانی قەیرانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەراست لەسەر ئاشتی و سەقامگیری كەنداو، عێراق و سووریا.
هەرێمی كوردستان دەتوانێت ئەو ئەكتەرە بێت كە جێگەی عێراق بگرێتەوە بۆهێزەكانی ئەمریكا

د.پەروێز رەحیم، قادر مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و دیپلۆماسی لە كۆڵیژی زانستە سیاسییەكان ــ زانكۆی سەلاحەدین لە بارەی بەشداری كردنی ڕێزدار نێچرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی جیهانی داڤۆس لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: بانگهێشتكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرێز نێچیرڤان بارزانی بۆ كۆڕبەندی جیهانیی ئابووریWEF یاخود داڤۆسكە نزیكەی 2800 سیاسەتمەدار لە 50 وڵاتی جیهان و هەروەها نوێنەرانی
رێكخراوەكانی كۆمپانیا و كۆمەڵگەی مەدەنی و زانا و هونەرمەند و كەسانی ناسراوی 117 وڵاتی جیهانی بەشداریان تێدا كردووە لەم كاتەدا بەچەندین هۆكار گرنگی تایبەتی هەیە:بەرێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە پێشوازی لێدەكریت و بەجیا لە سەرۆك كۆماری عێراق دادەنیشن و گفتوگۆ دەكەن لەپاڵ دانانی ئاڵای كوردستان كە لەرووی سیمبۆلی و دیپلۆماسییەوە بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە.دیداری سەرۆك ترامپ و سەرۆك هەرێمی كوردستان دەرخەری ئەوەیە كە لەلایەك هەرچەندە كوردستان دەوڵەت نییە بەڵام هەرێمی كوردستان پێگەیەكی بەرزی لە ستراتیژی ئەمریكا لە ناوچەكەدا هەیە و لەلایەكی تریشەوە پەیامێكە بۆ عێراق كە هەرێمی كوردستان دەتوانێت ئەو ئەكتەرە بێت كە جێگەی عێراق بگرێتەوە بۆ ێزەكانی ئەمریكا و هەروەها پاداشتی ئەوەیە كە بەشداریان لە دەنگدان لەسەر بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی هێزە سەربازییەكانی هاوپەیمانان بە گشتی و ئەمریكا بە تایبەتی نەكردووە و بۆیە دیانپارێزین. بەتایبەتی لەپاش ئەوەی كە ئێران چەند مووشەكیكی ئاراستەی بنكەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە هەولێر كرد.
گرنگیپێدانی راگەیاندنە نێودەولەتییەكان بەگشتی و میدیای ئەمریكا بەم دانیشتنە دیوێكی تری گرنگیی ئەم دیارەی سەرۆكی هەریمی كوردستانە
د.پەروێز رەحیم، هەروەها گوتی: كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان لەم كۆڕبەندەدا دووبارە دەرخەری رۆڵ و پێگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هەروەها پێگەی ستراتیژی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشە جیۆسیاسیەكانی عێراق و ناوچەكەیە. هەروەها دەرفەتێكیشە بۆ هەرێمی كوردستان كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەكتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان توندوتۆلتر بكات و دەرچەی نۆی بۆ هەماهەنگی و هاوكاری لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا ببینێتەوە. لەلایەكی تریشەوە ئەم كۆڕبەندە و گرنگییەكەی لەرووی ئابوورییەوە دەتوانێت دەرفەتێك بێت بۆ هەرێمی كوردستان كە لەگەڵ كۆمپانیا و وڵاتانی تر پەیوەندی بەهێز ببەستێت و سەرەنجیان بۆ وەبەرهینان لە كوردستان رابكێشێت كە ئەمەش جگە لە لێكەوتەی ئابووری كاریگەری لەڕووی سیاسییەوە دەبێت.،پێشوازی ئاست بەرزی سەرۆكی ئەمریكا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی هەرێمی كوردستان بوو لەرێگەی دووبارەكردنەوەی هاوپەیمانی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان كە بەهۆی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 لە ئە
مریكا نیگەران ببوون. لەلایەكی تریشەوە پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سوپاسكردنی ئەمریكا بۆ پاڵپشتی كوردستان لەرووی دیپلۆماسییەوە گرنگی تایبەتی هەیە بۆ ناوەندەكانی دروستكردنی برێار و رای گشتی ئەمریكا. جگە لەمانەش جەختكردنەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر تێكشكاندنی داعش بە هاوبەشی كورد و ئەمریكا خاڵی زێرینی پەیام و وتەكەی بەرێز نێچیرڤان بارزانییە.،بەشداری بەرێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پانێلێكی تایبەت سەبارەت بە ئاسایش و سەقامگیری و پرسەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕی ئەوەیە كە رۆلی هەرێمی كوردستان لە چارەسەركردنەكان و هەروەها ڕوانگەی هەرێمی كوردستان گرنگی تایبەتی هەیە بۆ وڵاتان و لەپاڵ ئەمەش وتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەی دووپاتكردەوە كەبەبێ كورد عێراق سەقامگیر نابێت و پێویستە لە عێراق بەشداری راستەقینە بۆ هەموو پێكهاتەكان هەبیت بۆ ئەوەی كیانێك بە ناوی عێراق بەردەوام دەبێت و ئەمەش پەیامێكی دیپلۆماسییە بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق و هەروەها وڵاتانی دراوسی و ئەكتەرە نیودەوڵەتییەكان كە سیاسەتی دەسەڵاتدارانی عێراق ناتوانن بە هەمان سیاسەتی ڕابردوو بەردەوام بن.پێداگری بەرێز سەرۆكی هە
رێمی كوردستان لەسەر دەستێوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆیی عێراق لەلایەن وڵاتانی تر لەلایەك و پێداگری لەسەر مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا بۆ پاراستنی عێراق لە جەنگی دژە تیرۆر دەرخەری سیاسەت و ستراتیژی هەرێمی كوردستانە لەهەمبەر ئەو رووداوانەی ئەم دواییەی عێراق.لە كۆتاییدا ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان جوولەیەكەی دیپلۆماسی گرنگە لە بەستنەوەی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە ئاسایشی ناوچەكە و ئاسایشی نێودەوڵەتی و پاشان پێداگرییە لەسەر رۆڵی بكەرایەتی هەرێمی كوردستان وەكوو ئەكتەرێكی نا-دەوڵەتی كاریگەر لە هاوكێشە ئاسایشییەكانی عێراق و ناوچەكە.
كۆڕبەندی جیهانیی داڤۆس و كاریگەرییە ئابورییەكانی
هۆشمەند رەفیق، مامۆستای زانكۆ شارەزار لە بواری كاروباری ئابوری لە بارەی بەشداری كردنی ڕێزدار نێچرڤان بارزانی لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: بەشداری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك سەركردەیەكی دیارو كاریگەری كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە كۆڕبەندی ئابووریی لە زستانەهەواری داڤۆس لە سویسرا، لەو كاتەدا مانای زۆر دەبەخشێت، ئەگەرچی لە ڕووی سیاسییەوە گوزارشتی زۆر هەڵدەگرێت، بە جۆرێك مانای كاریگەری كورد لە هاوكێش
ە سیاسییەكانی ناوچەكە دەگەیەنێت، لە سەرووی هەموو ئەوانەشەوە پێشوازییە ئاست بەرزەكەی سەرۆكی ئەمەریكا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ڕووی پرۆتۆكۆلییەوە كە ئاڵای كوردستان لە تەنیشت ئاڵای ئەمەریكا و عێراق وەك پێشوازی سەرۆكی دەوڵەتێك بوو، هەڵبەتە هەموو جوڵە سیاسییەكان لە جیهان ئامانجی ئابووری لە پشتەوەیە، بۆیە وەك دەڵێن ئابووری و سیاسەت دوو ڕووی یەك دراون، بۆیە دەكرێت چ ڕاستەوخۆ لە پانێڵەكان یا لە پەراوێزی كۆڕبەندەكەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەركردە سیاسیی و ئابوورییە كاریگەرەكانی جیهان كۆ بۆتەوە باس لە ئابووری هەرێمی كوردستان بكات، قسە لەسەر بەشداری كۆمپانیا بیانییەكان لە پڕۆسەی وەبەرههێنان لە هەرێمی كوردستان بكات، چونكە یەكێك لە تەوەرە هەرە گرینگەكانی كۆڕبەندەكە ناكۆكییە ئابوورییەكانی ئەمریكا و چین و رەوشی ئابووری جیهانە، بۆیە ناكرێ قسە لەسەر ئابووری كوردستان نەكرێت كە لە ئێستادا هەرێمی كوردستان چۆتە سەر نەخشەی جوگرافیای نەوتی جیهانی و لە یارییە سیاسییەكانی ناوچەكەش بەشداری پێدەكرێت، بۆیە دەرفەتێكی گرینگ بوو كە كۆبوونەوەكان بقۆزرێنەوە بە ئامانجی ڕاكێشانی سەرمایەی بیانی بۆ هەرێمی كوردستان، لە پێناو بوژانەوەی كەرتە ئابوورییەكان بە گشتی، بێگومان ئەگەر پەراوێزی كۆبوونەوەكاندا یاداشتنامەی لە یەكگەیشتن یا رێككەوتنامە واژووكرا بێت لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەو سەركردەی ئەو وڵاتانەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵیان كۆبۆتەوە یا لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەو كۆمپانیایانەی لەگەڵی كۆبونەتەوە ئەوە دەبێتە هۆی هاتنی سەرمایەی بیانیش بۆ هەرێمی كوردستان و ئاستی داهاتی تاك بەرز دەكاتەوەو ڕێژەی بێكاری كەمدەبێتەوەو رادەی گەڕخستن زیاد دەبێت و درەفەتی كار زیاد دەكات، ئەمەش بە قازانجی كوردستان تەواو دەبێت، ڕەنگە ئەو بەشدارییە ڕەنگدانەوەكەی خێرا نەبێت و ماوەیەكی بووێت، بەڵام لە داهاتوودا ئەگەر هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی ئارام و سەقامگیر بمێنێتەوە، ئەوا هانی كۆمپانیا بیانییەكان دەدات وەبەرهێنان ئەنجام بدەن.









