خەبات: فاتیح بەرزنجی
بەگوتەی دكتۆر سەرهەنگ جەلال جامباز بەڕێوەبەری كاروباری تەندروستی هەولێر نەخۆشی ئەنفلۆنزا نەخۆشیەكی تازە نییەو لەمێژە ئەو نەخۆشیە بەربڵاوە، ئەویش بەهۆی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزاوە مرۆڤ تووشی دەبێت كە جۆرەكانی ( A. B. C) هەیە، بەڵام زیاتر جۆرەكانی( A. B) زیاتر تووشی مرۆڤ دەبێت، دیارە جۆری (A) ە توندترە لە جۆری ( B) یەكە و هەموو ساڵێك لە زۆر وڵات سەرهەڵدەدات.
د. سەرهەنگ جامباز دەڵێت: زیاد بوونی رێژەی تووشبووان لە وەرزی كۆتایی پایز و سەرەتای وەرزی زستان دەستپێدەكات، لە مانگەكانی 11و 12و هەتا مانگی یەك ودووش هەندێجار ئەو پەتایە ژمارەكەی بەرەو زیادبوون دەچێت، دواتر كەمدەبێتەوە، دیارە ئەمساڵیش وەكو ساڵانی پێشتر رێژەی تووشبووان لە رێژەی ئاساییدایە و هیچ زیادەیەكی ئەوتۆی تیا تۆمار نەكراوە و رێژەی تووشبووان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق و رۆژ هەڵاتی ناوەڕاست كە ئێمە بەشێكین لێی، لەسەر ئاستی جیهانیش هەر لە رێژەی ئاساییدایە، ئەوانەی كە تووش دەبن وەكو زیادبوونەكەی لە وەرزی زستان دواتر بەرەو كەمیدەچێت.
وەزارەتی تەندروستی ئامادەكاری كردووە
دواتر (بەڕێوەبەری كاروباری تەندروستی هەولێر) روونیكردەوە: ئێمە وەكو (وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر) پلانی تایبەتی ساڵانەمان هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی نەخۆشیەكانی هەناسە كە ئەنفلۆنزای پێدەڵێن و بەشێكە لەو نەخۆشیانە و كۆبوونەوەی (لیژنەی باڵای وەزارەتی تەندروستی و لیژنەی باڵای بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر) كۆبوونەوەی خۆیان كرد بۆ پەیڕەو كردنی ئەو پلانەی كە دانراوە و جێبەجێكردنی لەسەر ئاستی (هەرێمی كوردستان و پارێزگای هەولێر)یش، دیارە لە (نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری)ش بۆ ئەم مەبەستەش هۆڵێكی تایبەتمان لەنەخۆشخانەی هەولێری فێركاری هەیە بۆئەو نەخۆشانەی كە گومانی ئەو نەخۆشییەیان هەیەو رەوانەی ئەوێیان دەكەن، تا چارەسەری پێویستیان بۆ بكرێت و لە تاقیگەش كاریان بۆ دەكرێ تا بزانرێ ئایا ئەو نەخۆشیەیان هەیە؟ لەنەخۆشخانەكانیش چارەسەری تەواو هەیەو لە(نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری)ش چارەسەری پێویست هەیە بۆ ئەوانەی كە گومانیان لێدەكرێت تا بە زووترین كات داو و دەرمانی پێویست وەرگرن، دواتر سەبارەت بە (ڤاكسینی ئەنفلۆنزا) ئەو ڤاكسینە لەسەر ئاستی جیهانیش ساڵانە دەگۆڕێت، لەبەرئەوەی ساڵانە ڤاكسینی تازە دروستدەكرێت، ئەگەرچی پێشتر هەركە ڤاكسینەكە دەگەیشتە لای ئێمە لە سەرەتای مانگی 10، ئەمساڵ ڤاكسینەكە درەنگ گەیشتە لامان دەبێ هاووڵاتیان ئەوە بزانن كە كڕینی ڤاكسین لە ئەستۆی (وەزارەتی تەندروستی هەرێم) نییە، بەڵكو (وەزارەتی تەندروستی عێراق) ڤاكسین دابیندەكات، دیارە دواكەوتنی ڤاكسینەكە لەوێ بوو نەوەك لەلای ئێمە و درەنگ گەیشت، هەركە گەیشت ئێمەش دابەشمان كرد و دەستمانكرد بە كوتانی ئەوانەی كە پێویستە بكوترێن كۆمەڵی مەترسیداریان پێدەڵێن و تەمەنیان لە 65 ساڵ زیاترە و ئەوانەی كە تەمەنیان لە پێنج ساڵ بچووكترە لەگەڵ ئافرەتی دووگیان و ئەو كارمەندە تەندروستیانەی كە كاری راستەوخۆیان لەگەڵ ئەو نەخۆشانە هەیە لەنەخۆشخانەو بنكە تەندروستیەكان و ئەوانە كوتران و تا ئێستاش بەردەوامین لەسەر بەرنامەی كوتانەكان بۆئەو كۆمەڵەیە.
هۆشیاری و رێنمایی گرنگ بۆ هاووڵاتیان
دواتر “دكتۆر سەرهەنگ جەلال جامباز”دەربارەی هۆشیاری و رێنمایی تەندروستی بۆ هاووڵاتیان روونیكردەوە: گرنگترین وتەمان ئەوەیە كە ئەنفلۆنزای وەرزی هەموو ساڵ پەیدا دەبێت، بەڵام هەندێجار لەكۆمەڵەی مەترسیدار هەندێ توند دەبێت، ئەو كاتەی كە توندیش بوو تووشی ماكەكان دەبێت، لەوانەیە رەوانەی نەخۆشخانە بكرێت و هەندێجاریش لەوانەیە كەسەكە گیان لەدەستبدات، بەتایبەتی ئەوانەی كە نەخۆشی درێژ خایەنیان هەیە پێویستە بەزوویی چارەسەر وەربگرن، ئەو كەسەی كە تووشی ئەنفلۆنزا دەبێ پێویستە بۆ ماوەیەك لەماڵەوە پشوو بدات و نەچێتەدەرەوە و وریای خۆی بێت و ژوورێكی تایبەتی بۆ جیا بكرێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵكی دیكەیش لێیەوە تووشی ئەنفلۆنزا نەبێت، ئەوانەی كە لەماڵەوە لەگەڵیدان و هەوڵی خواردنی هاوسەنگ بدات و شلەمەنی زۆر بخواتەوە، ئەگەر زانی نەخۆشیەكەی تووند بوو دەبێ زوو سەردانی نەخۆشخانە بكات تا پزیشك لەنزیكەوە بیبینێ و پشكنینی بۆ بكات، ئەگەر هاتوو نەخۆشیەكەی تووند بوو ئەوا پزیشكی تایبەت مەند بەزوویی چارەسەری پێدەدات، جگەلەوە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین كە لە وەرزی زستان و سەرماو لەو كاتەی كە وەرزی هەبوونی ئەنفلۆنزا بوو، هەوڵبدات نەچێتە شوێنی قەرەباڵغ و جەنجاڵ و لەكاتی چوونە دەرەوەشی پێویستە دەمامك ببەستێ و لەكاتی گەڕانەوەشی بۆ ماڵ پێویستە دەستی بەپاك و خاوێنی بشوات، چونكە پاك و خاوێنی زۆر گرنگە و ئەوەی كە نەخۆش بێت پێویستە لەخەڵكی زۆر نزیك نەبێتەوە و دووری نێوان هاووڵاتی و نەخۆش نابێ لە یەك مەتر كەمتر بێت، لەبەر ئەوەی لەگەڵ كۆكە و پژمین ئەو ڤایرۆسە دەگوازرێتەوە و بۆ ماوەیەك لە هەوا یاخود لەسەر شت و مەك دەمێنێ و لەكاتی كۆكەو پژمیندا دەتوانێت كلینیكس بە لووتەوە بگرێت و نابَی ئەو كلینیكسە فڕێبدرێتە دەرەوە، بەڵكو فڕێ بدرێتە شوێنی تایبەت.
سهرهتا چاوپێكهوتن بەڕێوەبەری كاروباری تەندروستی هەولێر: بۆ نەخۆشی ئەنفلۆنزای وەرزی هۆڵێكی تایبەت ئامادەكراوە










