خەبات: هەولێر
ژیان بەبێ توانای بیستن كارێكی قورسە چونكە كەسی نابیست زۆر بە ئەستەم دەتوانێت گفتوگۆ و را گۆڕینەوە لەگەڵ كۆمەڵگا ئەنجام بدات، بۆیەش زۆرجار ژمارەیەكی چەند كەسی لە نابیستان لە شوێنێك كۆدەبنەوە و بە زمانی ئاماژە گفتوگۆ و تاوتوێی ژیان و گوزەران و بابەتەكانی دیكەی رۆژ دەكەن.
هەرچەندە نابیستان حەز ناكەن لە كۆمەڵگا جیابكرێنەوە و دەیانەوێت وەك هەر كەسێكی دیكەی ئاسایی سەیر بكرێن، بەڵام بێكاری یەكێك لە هۆكارەكانی جیابوونەوە و دابڕانی كەسانی نابیستە لە كۆمەڵگا و هەر ئەمەیش وایكردووە لە رێگای ئامێرەكانی پەیوەندییەوە، بە زمانی ئاماژە گفتوگۆ لەگەڵ یەكتر بكەن و شوێنێك بۆ كۆبوونەوە و دانیشتن دەستنیشان بكەن كە زۆرجاریش پارك یان چایخانەكان هەڵدەبژێرن.
سەرۆكی كۆمەڵەی نابیستان، ئیبراهیم عەبدولڕەحمان محەمەد، بەزمانی ئاماژە گوتی: ئێمە لە ساڵی 1992 كۆمەڵەكەمان دامەزراوە، نزیكەی 600 تا 700 ئەنداممان هەیە، سەرەتا كار و چالاكییەكانمان باش بوو تا هاتنی تیرۆریستانی داعش، دوای ئەوە بارودۆخی ئێمەیش وەكو كۆمەڵە خراپ بوو، كێشەی بێكاری زۆر بوو، ئەو بڕە مووچەیەی كە ئێستا وەریدەگرین بەشی پێداویستییەكانی رۆژانە ناكات، ئەمەیش وا دەكات كە كێشەی خێزانی دروست بێت.
ئیبراهیم عەبدولڕەحمان محەمەد ئاماژە بەوەیش دەكات كە نابیستان ژیان و گوزەرانیان خراپە و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە ئەگەر نابیستان بەكاربخرێن ئەوا دەتوانن بژێوی ماڵ و منداڵییان دابین بكەن و گوتیشی: نابیستان دەستیان رەنگینە لە بوارەكانی كاری دەستی، بەڵام بەهۆی نەبوونی وەرشەیەك بۆ كاركردن، زۆربەی كاتەكانییان بە خەو یان چایخانەكان بەسەر دەبەن، ئێمە چەند جارێك لەگەڵ لایەنی حكوومەتدا قسەمان كردووە، بەڵام هیچ شتێكمان بۆ نەكراوە.
سەرۆكی كۆمەڵەی نابیستان ئاماژەی بەوەیشكرد كە چینی نابیست، توێژێك نین كە ئەرك بن بەسەر كۆمەڵگاوە و گوتی: هەموو نابیستان دەتوانن پشت بەخۆیان ببەستن و ئەوان ئەرك نین بەسەر كۆمەڵگا و لە زۆر بواردا دەست رەنگینن و ئەگەر شوێنكاریان بۆ دابین بكرێت دەتوانن لە بوارەكانی بەرگدروویی، ئاسنگەریی، دارتاشی و چەندین بواری دیكە كار بكەن و لە هەمانكاتدا سوودیان بۆ كۆمەڵگاش دەبێت.
پسپۆڕێكی زمانی ئاماژە كە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە لەگەڵ نابیستان كار دەكات، ئاماژە بەوە دەكات كە نابیستان جیاوازن لەخاوەنپێداویستی تایبەت و ئەوان توێژێكن دەتوانن پشت بەخۆیان ببەستن بەهۆی دەستڕەنگینییانەوە، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە ئەگەر شوێنكارێك بۆ نابیستان دابین بكرێت ئەوا دەتوانن جگە لەخۆیان سوودیان بۆ دەورووبەریش هەبێت بەهۆی حەز و ئارەزوویان لە كاركردن.
پسپۆڕی زمانی ئاماژە، شنۆ تاهیر جوامێر گوتی: ماوەی 21 ساڵە كار لەو بوارەدا دەكەم، كێشەی سەرەكی نابیستان نەبوونی كارە و ئەمەیش كاریگەری خراپی كردووەتە سەر ژیانیان، نابیستان جیاوازن لە خاوەنپێداویستی چونكە ئەوان دەتوانن پشت بەخۆیان بەستن بە دابینكردنی شوێنێكی كاركردن و دەخوازن مووچەكەیان بدرێت بە كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بۆخۆشیان كار بكەن.
لەبارەی تایبەتمەندییەكان و جیاوازییەكانی نابیستان لەگەڵ كەسانی دیكە، شنۆ تاهیر گوتی: جیاوازییەكی وا نییە لەنێوان كەسی ئاسایی و نابیستان، ئەوان خەمی گەورەیان دابینكردنی بژێوی ژیانییانە بۆ خێزانەكانیان، حەز دەكەن لە كۆمەڵگا جیا نەكرێنەوە و دەیانەوێت تێكەڵ بە كۆمەڵگابن.
لەبارەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیش، شنۆ تاهیر گوتی: نابیستان زیاتر هاوسەرگیری لەگەڵ خۆیاندا دەكەن و هەر ئەمەیش سەركەوتووترە تا ئەوەی لەگەڵ كەسێكی دیكەی دا بیكەن و ئەوانەی لەم كۆمەڵەن هەموو هاوسەرەكانییان نابیستە، بەشێكی زۆریان كێشە لە منداڵەكانیاندا نییە، بەڵام خێزانی ئاواش هەیە كە هەم دایك و باوكەكە و هەم منداڵەكان نابیستن.
بەگوێرەی داتای یەكێتی جیهانیی نابیستان لەسەرتاسەری جیهاندا، 72 ملیۆن نابیست هەیە، 80%ـ? ئەو ژمارەیە لە وڵاتە هەژارەكان دەژین و زیاتر لە 300 زمانی ئاماژە بەكاردەهێنن.
زمانی ئاماژە، زمانێكی سرووشتی تەواوكەرە، سەرباری جیاوازی لەگەڵ زمانی قسەكردن كە شانبەشان لەگەڵ یەكدا دەژین، زمانی ئاماژەی نێودەوڵەتی ?ەیە كە نابیستەكان بەكاریدەهێنن لەكاتی گەشتكردنیاندا.
كۆمەڵەی گشتی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە 19ـی كانوونی یەكەمی ساڵی 2017، بڕیاریدا 23ـ? ئەیلوولی هەموو ساڵێك ببێت بە رۆژی نێودەوڵەتی زمانی ئاماژە لەپێناو بایەخدان و گرنگیپێدان بە زمانی ئاماژە.










