دكتۆرە مەیادە نەجار❊
كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە یەكێكە لەكۆڕبەندە هەرە گرنگەكانی جیهان، چونكە بە بەشداری سەرۆكی دەیان وڵاتی زلهێزی جیهان و سەدان وڵاتی تر و ژمارەیەكی بەرچاو لە ئابووریناسان لە وڵاتی سویسرا لەمانگی كانونی دووەم بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی چەندان وڵاتی جیهان بەشداری دەكەن، لەم راپۆرتە شیكارییەدا دەستپێك و مێژووی كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس و رۆڵی هەرێمی كوردستان لە بەشداری كردن لەم كۆڕبەندە و كاریگەریی كۆڕبەندی داڤۆس لەسەر ئابووریی جیهان و لێكەوتەكانی بۆ قەیرانە جیاوازەكان بە وردی بۆ خوێنەران شی دەكەینەوە. داڤۆس شارێكی بچووكە دەكەوێتە سەر ڕووباری لاندویسر لە هەرێمی كانتون گراوبوندن لە وڵاتی سویسرا، بەڵام گرنگی خۆی هەیە لەسەر ئاستی جیهان نازناوێكی ئابووری هەڵگرتووە، وەك دەوترێت ناوەكەی هێندە ناسراوە لەسەر ئاستی جیهان لە ئاست رووبەری شارەكە زۆر گەورەترە، چونكە لەساڵی1971 كۆڕبەندێكی بەرفراوانی ئابووری لێ ئەنجامدرا، سەرەتا سەركردەكانی ئەو كاتەی ئەورووپا ناویان لێنا كۆڕبەندی بەڕێوەبردنی ئەورووپا كە ئامانجی سەرەكی لەم كۆڕبەندە بەڕێوەبردنی سیستەمی یەكێتی ئەورووپا و دروستكردنی هەماهەنگی لە نێوان وڵاتانی ئەورووپادا بوو تەنیا چالاكییەكانی كۆڕبەندەكە لە سنووری ئەورووپادا مابۆوە، بەدرێژایی ساڵانی حەفتاكان لەنێو كۆڕبەندەكەدا تەنیا وڵاتانی ئەورووپی دەبینران و زۆربەی تەوەرەكانی كۆڕبەندەكەش تایبەت بوون بە دروستكردنی هەماهەنگی لەنێوان وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا. ڕبەندی ئابووریی جیهان بێگومان گۆڕانی ستراتیژیەتی ئابووری و رامیاری جیهان كاریگەری خۆی لەسەر سیاسەتی ئابووریی ئەورووپا دروستكرد، وڵاتانی ئەورووپی ناچاربوون بۆ پرسی ئابووریی هەماهەنگی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بكەن، هەر لە دابینكردنی بازاڕ و هەوڵدان بۆ دەستەبەركردنی سەرچاوەكانی وزە، بە تایبەتی لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بە ئاشكرا ستراتیژی كۆڕبەندی بەڕێوەبردنی ئەورووپا گۆڕانكاری بەسەردا هات و بەهۆی گۆڕانكارییە بەردەوامەكانی جیهان و نزیكبوونەوەی وڵاتانی ئەورووپا لە یەكتری بەتایبەتی هەردوو بلۆكی ڕۆژئاوا و بلۆكی ڕۆژهەڵات و هەستی فراوانخوازی لەلایەن سەركردەكانی ئەورووپا بۆ ئەوەی هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا دروست بكەن، زیادبوونی ئامانجی كۆڕبەندەكە لە رووی سیاسییەوە لە ساڵی1987 ناوەكەی گۆڕدرا بۆ كۆڕبەندی ئابووریی جیهان. كۆربەندی داڤۆس و قەیرانەكان سەرەتا سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس (بۆرگ برێندا) ئەوەی خستەڕوو كە ئەركی ئەمساڵی كۆڕبەندەكەیان زۆر قورسە، چونكە چەندین پرسی هەستیاری وەك تێكچوونی كەشوهەوای گۆی زەوی و رێگاكانی چارەسەركردنی، مەترسییە تەندروستییەكان لەسەر ئادەمیزاد باس دەكرێت، بێجگە لەوەی هەریەك لە ناكۆكییە ئابوورییەكانی ئەمەریكا و چین ناكۆكییەكانی نێوان ئەمەریكا و وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا و مەترسیی سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئەمەریكا و ئێران و هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتننامەی ناوكیی وڵاتانی 5+1 و ئێران گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و ئەگەر هەیە كۆڕبەندەكە چەند پرسێكی تری وەك رێكارەكانی هێوركردنەوەی گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێت بخاتە نێو بەرنامەی كارەكانییەوە لەبەر ئەوەش ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی و تیمێكی بەهێز لە سەركردە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەشدار دەبن. ئەمساڵ كۆڕبەندەكە پرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گرنگی تاوتوێ دەكات بە تایبەتی پاراستنی ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەكانی كەنداوی عەرەبی و دەریای سوور و پرسی پاراستنی سامانی سرووشتی و دابنیكردنی وزەی درێژخایەن بۆ وڵاتە پیشەسازییەكانی جیهانیش باسێكی گەرمی نێو گۆنگرەكە دەبێت، بە تایبەتی ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بەشێكی گرنگە لە بازاری وزە لە جیهاندا و وەك پردێك وەهایە لەنێوان یەكێتیی ئەورووپا و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و چین و هیندستان كە ئێستا گەورەترین وڵاتانی بەكارهێنەری وزەن لەسەر ئاستی جیهاندا، لەبەر ئەم خاڵەش یەكێتیی ئەورووپا بەگرنگییەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات. دیدارە دیپلۆماسییەكان شایەنی باسە هەرێمی كوردستان چەندین ساڵە بەشدارییەكی كارا لەم كۆڕبەندە دەكات بەدرێژایی ساڵانی رابردوو هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی باڵا بەشداری كردووە و ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لەم كۆڕبەندەدا دیدارێكی دیپلۆماسی لوتكە لەگەڵ سەرۆكی ویلاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و ژمارەیەك لە سەركردە و وەزیران و بەرپرسانی باڵای جیهان ئەنجامداوە، هەروەها پێدەچێت لە درێژەی دیدارە دیپلۆماسیەكانی سەرۆكی هەرێمدا چەندین پرسی گرنگیی ئابووری تاوتوێ بكرێت بەتایبەتی ئەمساڵ كۆڕبەندی ئابووری بەقورسایی زۆرەوە بەڕێوە دەچێت و ژمارەیەكی بەرچاوی سەركردەكانی جیهان و سەرمایەدارە بەهێزەكان بەشداری دەكەن، لەوانە دوناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و كریستین لاغارد سەرۆكی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و چەندین كەسی تری دیپلۆماسی و ئابووریناس، ئەمەش وادەكات كە هەرێمی كوردستان بتوانێت لەم رێگەیەوە هەماهەنگی بەهێز لەگەل كۆمپانیا بە هێزەكانی جیهاندا زیاتر پەیدا بكات و گرێبەستی ئابووریی بەهێز لە بواری ئاوەدانكردنەوە و بەرهەمهێنانی سەرچاوەی وزە ئەنجام بدات. ئەوەشمان لەیاد نەچێت كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس زۆرجار وەك ناوەندێكی گرنگی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی دەردەكەوێت چونكە لەئەنجامی دیداری دیپلۆماسی لوتكەی نێوان سەرۆكەكان زۆرجار رێكەوتنامەی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە لەوانە لەساڵی 1988دا یەكەم دیداری دیپلۆماسی لەنێوان سەرۆكوەزیرانی یۆنان و توركیا لە كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس ئەنجامدرا و دواتر رێككەوتنامەیەكی ئاشتیان مۆركرد و كێشە دوورودرێژەكانی نێوانیان كۆتاییهات. هەروەها رێككەوتنامەی ئاشتی عەرەب/ ئیسرائیلیش لە ساڵی 1994دا لەنیوان شیمۆن پێرێز، وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئیسرایل و یاسر عەرەفات، سەرۆكی پێشووی فەڵەستین لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی جیهان ئەنجامدرا، واتا بەگوێرەی ئەو بەدواداچوونانەی كە دەكرێت ئەم كۆڕبەندە زۆر دیداری دیپلۆماسی گرنگی بەخۆیەوە بینیوە زۆر پرسی گرنگییان چارەسەركردووە. لە كۆتاییدا دەكرێت كۆڕبەندی ئابووری جیهان ئەمساڵ بۆ هەرێمی كوردستان گرنگیی زۆری دەبێت چونكە عێراق وەك وڵات لەوپەڕی شلەژان دایە و قەیرانەكان وڵاتەكەیان بەرەو نامۆبوون بردووە، لەلایەكی ترەوە ناكۆكی نێوان ئێران و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەئاستێكی مەترسیدار دایە، ئەمەش وادەكات مەترسی لەسەر بازاڕی وزەی جیهان پەیدابێت لەم كاتەشدا هەرێمی كوردستان یەكێك دەبێت لە سەرچاوە گرنگەكانی وەبەرهێنانی وزە بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە ماوەی داهاتوودا گرنگییەكانی ئەم كۆڕبەندە لەسەر ئابووریی جیهان و هەرێمی كوردستان دەردەكەوێت.
❊ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران










