تەیب زرار شێروانی
رێكخراوی ئابووری جیهان رێكخراوێكی نێودەوڵەتی بێلایەن و قازانج نەویستە، گرنگی دەدات بە بەرەوپێشبردنی ئابووریی جیهان و سیاسەتی ئابووری و ئاسایشی ئابووری، ئەویش لە رێگەی هاندانی وەبەرهێنان و پیشەسازی و بازرگانی بە رێگەی زانستی. ئەم رێكخراوە لە ساڵی1971 دامەزراوە و ساڵانە كۆڕبەندێك ساز دەكات لە شارۆچكەی داڤۆسی رۆژهەڵاتی سویسرا كە هەوارگەیەكی گەشتیاریی زستانەیە لەزنجیرە چیاكانی ئەلپ. ئەم ساڵ یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی رێكخراوەكەیە و لە 21-24/1/2020 لەژێر ناونیشانی (لەپێناو جیهانێكی خۆڕاگر و گەشەسەندنی بەردەوام) كۆڕبەندەكە بە بەشداری نزیكەی3000 كەس لە118 وڵاتی جیاواز لە سەرۆكی وڵات و سەرۆك وەزیران و وەزیر و نوێنەری 1000 كۆمپانیا گەورەكانی جیهان و كەسایەتی بەناوبانگ دەستبەكارەكانی دەكات. لە كۆڕبەندی ئەمساڵدا175 پانێڵ و گفتوگۆی تایبەت لەسەر7 بواری سەرەكی بەڕێوەدەچن كە ئەمانەن: چۆنیەتی رزگاركردنی زەوی، كۆمەڵگە و ئایندەی كار، بەكارخستنی تەكنەلۆژیا بۆ خزمەتی خەڵك، باشتركردنی چالاكییە بازرگانییەكان، زامنكردنی ئایندەیەكی باشتری تەندروستی، لەگەڵ دووتەوەری گرنگی جیۆسیاسی. ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری لە كۆڕبەندەكە دەكات و چەندین دیدار و كۆبوونەوەش لە رۆژانی بەڕێوەچوونی كۆڕبەندەكە ئەنجامدەدات، لەنێویاندا بڕیارە لەگەڵ هەریەكە لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و گۆتیریس سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆدەبێتەوە. هەروەها سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری لە پانێڵێك دەكات لەژێر ناونیشانی (ناجێگریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، سەرنجی پانێڵەكە لەسەر عێراق و گرژییەكانی ئەم دواییەی ناوچەكەیە، هاوكات باس لە قەیرانەكان و پرسی سەقامگیری و ئاشتی ئێستای عێراق دەكرێت. جگە لە گرنگی پانێڵ و گفتوگۆكانی كۆڕبەندەكە لە پەراوێزی كۆڕبەندەكە دیدار و كۆبوونەوەی زۆر گرنگ ئەنجام دەدرێت و چەند رۆژێك چانسێكی باشە بۆ ئەوەی سەركردە بەشدارەكان زۆرترین دیدار لە ماوەیەكی كەمدا ئەنجامبدەن و ئەم بۆنەیەش بقۆسترێتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتە هەڵواسراوەكانیان، هەر لەم روانگەوە دەبینین لە ساڵی 1994دا شیمۆن پێرێز وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئیسرائیل لەگەڵ یاسر عەرەفات، سەرۆكی پێشووی فەڵەستین لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی جیهان گەیشتنە رێككەوتنی ئاشتی. پێشتریش لە ساڵی 1988دا سەرۆكوەزیرانی یۆنان و توركیا هەر لە پەراوێزی ئەم كۆڕبەندە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر كرد. بۆیە بەشداری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەم بۆنەدا كاریگەری خۆی هەیە و ئاستی بەشداری سەرۆكی هەرێم لە ئاستی بەشداری سەرۆكی وڵاتان دەبێت لەڕووی پرۆتۆكۆڵی، ئومێد دەكەین دیپلۆماسییەتی سەرۆك و دیدارەكانی بەخێر و خۆشی بۆ هەرێمەكەمان رەنگدانەوەی هەبێت بە تایبەتی لە ڕووی پەرەپیدانی پەیوەندی كوردستان لەگەڵ وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە كاریگەرەكان و كۆمپانیا زەبەلاحەكانی جیهان كە ئێستا كاریگەرییان لەسەر سیاسەت و بڕیاری سیاسیی وڵاتان و جیهاندا هەیە.










