فاخر عەلی عارف
بیرمەند و ئەدیبی گەورەی كورد (ئەحمەدی خانی) بۆ گەیاندنی پەیامی مافخوازی و نەتەوەیی و نیشتمانی كورد بە جیهان و هەڵكردنی ئاڵای ئەدەب و وێژە و رۆحی لێبوردەیی و جوانی پێكەوەژیانی كلتوری كوردی لە بانی گەردوون، تەنیا دەبەستێتەوە بەهەبوونی لێڤەگەڕێكی حەكیم، دانا، لێهاتوو و دادپەروەر بە ناوی (خودان). تەنانەت رێكخستنەوەی ناوماڵی كورد و یەكدەنگی و ئیتیفاق و قەدرزانینی زانست و هۆنەر و رۆناكبیری، بە حەسرەت و ئارەزووی بوونی هەمان “خودانێتی” بۆ نەوەكانی داهاتووی ئەم نەتەوەیە بە میرات هێشتۆتەوە.
چەمكی خودانی كردن و خودانێتی لای ئەحمەدی خانی بریتییە لە هاوسەنگیی نێوان تێڕوانینی ئایدیالی و تێگەیشتنی ماتڕیالی و سروشتی، بە بونیاتنانی پردێكی بەهێزی ئەدەبی لە نێوان عەشقی مەجازی و عەشقی حەقیقیدا. لە لایەكی ترەوە خەبات و بزاڤی نەتەوەیی و كومەڵایەتی بۆ چارەسەری كێشەی نەتەوەیەكی بەشخوراو، هەروەها سەركەوتن بەسەر تەواوی بەربەست و ئاستەنگی ئەنجامی داگیركاری و ستەمكاری دوژمنانی ئەم نەتەوەیە، بە بوونی خودانێكی كەرەمدار و دادپەروەر و دانا، مەرجدار دەكات ، وەكو دەفەرموێ:
گەر دێ هەبووا مە ژی خودانەك
عالی كەرەمەك لەتیفەدانەك
علم و هونەر و كەمال و ئزعان
شعر و غەزەل و كتاب و دیوان
ئەڤ جنس ببا ل با وی مەعموول
ئەڤ نەقد ببا ل نك وی مەقبوول
من دێ عەلەما كەلامێ مەوزوون
عالی بكرا ل بانێ گەردوون
دیارە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورد، لە رووی پێكهاتەی سەركردایەتی بەرخودان و خەباتی نەتەوەییدا، لە قۆناغی جیاجیادا ئەم بیرۆكەیەی خانی بە هەند وەرگرتووە، تەنانەت لە سەرەتای سەدەی بیستەم لە چوارچێوەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بە ناوی بزووتنەوەی بارزان، نەزەریەی خانی لە مەیدانی پراكتیكدا بە هێزێكی تایبەتی مەعریفەی عیرفانی و نیشتمانی كەوتە واری جێبەجێ كردنەوە بۆ هەمان مەبەستی یەكدەنگی و یەك هەڵوێستی كورد و كوردستانی، لە پێناو چارەسەرییەكی مەدەنیانەی كێشەی نەتەوەی كورد.
هەر بە پێی ئەم پرینسیپە بە درێژایی مێژووی خەباتی نەتەوایەتی و نیشتمانی سەرباری تەواوی كۆسپ و پیلانی میژوویی، بزووتنەوەی كورد لەم پارچەی باشووری كوردستان پێشڤەچوون و دەسكەوتی مێژوویی بەدەست هێناوە، وەكو رۆڵی ئێستای هەرێمی كوردستان لە هاوكێشە سیاسی و نێودەوڵەتی و هەرێمیدا، بەتایبەت دەوری خۆڕاگری و بەرەنگار بوونەوەی پێشمەرگەی كوردستان بە رابەری سەرۆك مەسعود بارزانی لە بەرامبەر بیر و هێڕشی توندكاری داعش، كە لە سایەی هەڵگری كلتوری لێبوردەیی و پێكەوەژیاندا، كورد ئیعتبارێكی جیهانی بەدەست خست و ئەنجامەكەشی سەركەوتنی ریفراندۆمی كوردستان لەسەرووی هەموویانەوەیە.
چەكی كلتوری لێبوردەیی و پێكەوەژیان، لە گرینگترین ئەو چەكانەیە كە كۆمەڵگای كوردی هەڵگریەتی و دروست بوونی ئەم جۆرە كلتورەش بێگومان دەگەڕێتەوە بۆ بونیاتی هزر و بیری خودانیەتی كردنی ئەم گەلە ستەم لێكراوە، ئەمەش بۆتە گرینگترین چارەسەری ئەو كێشەیەی لە بەرامبەر بیری توندڕەوی كە جیهان تێیكەوتووە. چونكە بەشداری لە رووبەڕووبوونەوەی داعش چەندە خۆی لە چەندایەتیدا دەبینێتەوە دوو ئەوەندەی لە چۆنایەتیدا خۆی دەبینێتەوە. ئەویش بە هۆی هەڵگری كلتوری بیری توندڕەوی هەندێ لایەنی وەكو هێزەكانی میلیشیای شیعەی توندڕەو هەربەو ئەندازەی كە بیری توندڕەوی داعش بۆتە مەترسی بەسەر ئاشتی جیهانی، دوو ئەوەندە بیری توندڕەوی هەندێ میلیشیای شیعە ئێستا بوونەتە هەمان مەترسی بەسەرئاشتی جیهانییەوە بەڵكو مەترسیدارتریش.
رابەرایەتی كاریزمای كەسایەتی سەرۆك بارزانی لە خودانیەتی كردنی كلتور و فەلسەفەی ناتوندوتیژی بۆتە مایەی سەرنجی جیهانی، هەروەها بە هۆی ئەزموونی دەوڵەمەندی رابەرایەتی لە سایەی خودانیەتێكی مەیدانی بە رەهەندی كومەڵایەتی و رۆحی و نەتەوەیی لە چوارچێوەی تەمەنێكی پڕبەها لە خەبات و تێكۆشانی نیشتمانی و نەتەوایەتیدا، بۆتە هیوای سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی و عێراقی بۆ رزگاركردنی وڵات لەو قەیران و گێژاوە سیاسییەی بە هۆی عەقڵییەتی توندڕەوی هەندێ لە میلیشیای شیعی و مەترسیی كلتوری توندڕەوی داعش كە ئیستا تێكەوتووە. هەربۆیە نوێنەرانی راستەقینەی بیری توندڕەوی بە بوونی بیری ئاشتەوایی و ناتوندوتیژی و كلتوری پێكەوەژیانی پێشمەرگەی كوردستان بە نوێنەرایەتی گەلی كوردستان و بە خودانیەتی جەنابی مەسعود بارزانی، هەست بە مەترسی و سەرلێشێواوی زۆر دەكەن لە ئایندەی گێچەڵخوازیی خۆیان لەوانە حەسەن لە نەسرلادای لوبنان.
هۆكار و ئامانجی حەسەن نەسروڵا لە دەربڕینە لەرزۆكەكانی لەوەدا دەردەكەوێ كە تۆڵەی قاسمی سولەیمانی لە كاتی ناشتنی تەرمەكەیدا، بە دەنگی زەینەب خانمی كچی سولەیمانی ئاوێزانی ملی میلیشیا شیعەكانی 6 وڵاتی سوریا، لوبنان، عێراق، یەمەن، غەزە و ئەفغانستان كرا، كە لە نێویاندا حەسەن نەسروڵای بە مامەی خۆی ناوبرد، دیارە ئەم مجاملەیە ئەركی سەرشانی مەلا حەسەنی قورستر كردووە، كاتێ ئەم داخوازییەی زەینەب خانم بە هۆی گیرخواردنی لە قوڕاوی دۆخی سیاسیی لوبنان بۆی مومكین نیە، لە لایەكی ترەوە مەلا حەسەن ئامانجیەتی لەسەر حسابی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق خواستی برازا شۆخەكەی بەجێ بهێنێ، بەڵام لە هەرلایەكەوە رووبەڕووی رۆڵی ئاشتەوایی و كاریگەریی هەرێمی كوردستان بە رابەرایەتی جەنابی مەسعود بارزانی دەبێتەوە و لە هەوڵەكانیدا تووشی بێ ئومێدی و سەرلێشێواوی ئەخلاقی بووە، كە لە دەربڕینە ناماقوڵەكانیدا بەرجەستە دەبوون.
بێڕێزییەكەی حەسەن لە نەسرلادا چەند وەڵامێكی فەرمی لە لایەن دامەزراوەكانی باڵای هەرێمی كوردستان وەكو سەرۆكی هەرێم و حكوومەت و پەرلەمان بە دوای خۆدا هێنا، ئەگەرچی ئەم وەڵامانە لە راست بێ ئەدەبییەكەی كابرادا زۆر بەجێ و ڕێ بوون، بەڵام لە راست كەسایەتی كاریزمایی و رۆڵی مێژوویی رابەرایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورد جەنابی مەسعود بارزانی كوتایی ناهێ، چونكە ئەم وەڵامانە لە ئاست مافی بەهای خوێنی شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورد پێویست بە بەردەوامی دەكات، بەڵكو تەنیا وەڵامی كە رۆحی شەهیدان و قوربانییەكانی خەباتی گەلی كورد زیاتر پێ شاد بێتەوە، هەمان لە دەست نەدانی دەرفەتی راگەیاندنی دامەزراوەی باڵای خودانێتی كوردستانییە بە پێشەوایەتی جەنابی مەسعود بارزانی.
لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتمانی و هەروەها ئەركی ئەخلاقی و كوردایەتی وا پێویست دەكات، لە زەمینەیەكی رەخساوی سیاسی هەنووكەییدا دەرفەت و فورسەت حەرام نەكرێن و بە شێوەیەكی كەتواربینانە لە پێناو راگەیاندنی خەون و رێگە چارەی كوتایی كە بیرمەندی مەزنی كورد ئەحمەدی خانی هیوای بۆ خواستوو، بە میكانیزم و ئالییەتی شەرعی وەكو پەرلەمانی كورستان، لەبەر تیشكی خوێندنەوەی زانستی و ئاكادیمیانەی نەزەریەی خانی لە لایەن ناوەندی دیراسات و لێكۆڵینەوەی ئیستراتیژی لە چوارچێوەی پانێل و لێكدانەوەی ئاكادیمی، كار بۆ دامەزراوەی پێشەوایی و رابەری جەنابی سەرۆك بكرێ. چونكە ئەم دۆخە ئاڵۆزەی كە رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهان تێیكەوتووە، پێگەی ئاشتیخوازانەی هەرێمی كوردستان زۆر بە هێزەوە لای كومەڵگای دەولی حسابی بۆ دەكرێ. بە گوێرەی پێشهات و رووداوەكانی تایبەت بە پەیوەندییە ئاڵۆزەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا و ئەوروپا چاودێران وا مەزەندە دەكەن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هەر دۆخێكی نەخوازراوی پەیوەست بە ئاسایشی ناوچەكە، هەرێمی كوردستان بە گرینگترین پەناگای تەنا و هێمن لای كومەڵگای نێودەوڵەتی هەژمار دەكرێ. هەربۆیە حەسەن لە نەسرلاداكان لە نیشانە گرتنی گەوهەری بونیاتنەری ئەمن و ئاسایشی هەرێمی كورردستان، لەرز و تایان گرتووە.
ئەوەیە كە لە پەراوێزی وەڵامەكانی دامەزراوەی باڵای هەرێمی كوردستان و یەك هەڵوێستی و هاوئاهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی، دەرفەتێكی زێڕین دەخاتە پێش، بە مەبەستی كاركردنێكی هەمەلایەنە بۆ گونجاوترین وەڵامی مێژوویی لە پێناو بەجێ هێنانی خەون و مەرجی ئەحمەدی خانی بۆ بەرزكردنەوەی ئاڵای پیرۆزی ئامانجە باڵاكانی نەتەوەی كورد لە نەتەوە یەكگرتووەكان، واتە بانی گەردوون.










