خەبات – هەولێر
یەكێك لەو پیشانەی كە تا ئێستاش وەكو كولتوور لە بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر ماوەتەوە، پیشەی دارتاشییە و ئەم پیشەیەش مێژوویەكی كۆنی هەیە و دارتاشان هەوڵیانداوە نەوەكانی دوای خۆشیان فێری پیشەكە بكەن و گرنگی بە كارەكەیان بدەن. دارتاشێك كە ماوەی 28 ساڵە لە یەكێك لە دوكانەكانی بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر خەریكی پیشەی دارتاشییە ئاماژە بەوە دەكات كە جگە لە هاووڵاتییانی هەرێم، خەڵكی بیانیش سەردانیان دەكەن و پرسیاری ئەوەیان لێ دەكەن كە كام كەلوپەل كاری دەستییە بۆئەوەی لەگەڵ خۆیان بیبەنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان.
دارتاش، زوهێر شاكر بەقاڵ كە نزیكەی 28 ساڵە خەریكی كاری دارتاشییە سەبارەت بە پیشەكەی گوتی: ماوەی 28 ساڵە لەم دوكانەدا خەریكی ئەم كارەم و كاتی خۆی باپیرم لە دوكانەكەی تەنیشتمەوە بوو، ئێمە خەریكی پیشەی دارتاشین و كارەكانمان هەمووی پەیوەستە بە دار، دارەكانیش چەند جۆرێكن بۆ نموونە داری خۆمان زیاتر دار گوێز، بێ و ئەسپیندارە، داری بیانیش ساج و جاوە كە لێرە بەكاری دەهێنین، بەڵام باشتریینیان دارەكانی خۆماڵین كە ئەسپیندارە چونكە نرخی هەرزانە و كاركردنیشی تیادا خۆشە”.
لەبارەی خواستی خەڵك سەبارەت لەسەر كڕینی كەلوپەل و پێداویستییەكان، زوهێر بەقاڵ گوتی: خواستی خەڵك وەكو جارانە، ئەو كەلوپەلانەی كە پێداویستی ماڵە هەمووی لێرە دەست دەكەوێت و خەڵك دەیكڕێت، لەگەڵ ئەوەیشدا هەندێك ئامێری دارتاشی هاتووە كە كارەكانی ئێمەی خێراتر كردووە و دەتوانین كەلوپەلەكان بە ماوەیەكی كورت دروست بكەین كە جاران بۆ دروستكردنی هەر كەلوپەلێك كارێكی ئێجگار زۆرمان پێویست بوو.
ئەو ئاماژە بەوەیش دەكات كە ئێستا خواست لەسەر هێرەگ هەیە و دەشڵێت هەتا لە ژیاندابم ئەو كارە دەكەم و پیشەكەی بە بەشێك لە كولتوور و مێژووی شاری هەولێر دەزانێت و لەمبارەیەوە گوتی: ئێستا زیاتر هێرەگ دروست دەكەم، ئەگەر بمەوێت دەتوانم رۆژانە 60 دانە هێرەگ دروست بكەم بە جۆرەكانییەوە كە هێرەگ بۆ ئارد، بێژین بۆ گەنم و ساوار، سەرەند بۆ نۆك و پاقلە بەكار دێت.
زوهێر شاكر گوتیشی: پیشەكەم ناسنامەی میللەتێكە، هەر بۆیەش هەوڵمداوە منداڵەكانم لە پیشەكەم بەردەوام بن و بۆخۆشم تا لە ژیاندابم لەسەر كارەكەم بەردەوام دەبم.
زوهێر شاكر باسی لەوەیشكرد كە جگە لە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، خەڵكی بیانیش سەردانی بازاڕی قەیسەری دەكەن و ئەو شتانە دەكڕن كە كاری دەستییە و لەلای ئەوانیش گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و لەمبارەیەوە گوتی: جگە لە هاووڵاتییان، خەڵكی بیانیش روو لە بازاڕی قەیسەری دەكەن و زیاتر ئەو شتانە دەكڕن كە كاری دەستی خۆمانە و لەلای ئەوان گرنگی تایبەتی هەیە و وەكو شتێكی جوانكاریی دەیكڕن و دەیبەنەوە وڵاتانی خۆیان، بەڵام ئێستا زیاتر كەلوپەلەكان لە رێگای كارگەوە دروست دەكرێن چونكە بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێت مڵاكێكی گەورە دروست بكەین، رۆژانە دەتوانین سێ دانە دروست بكەین و نرخەكەیشی سێ هەزار دینارە كە ئەمە وەڵامدەری ماندووبوونەكەی ئێمە نییە بۆیە لە رێگای كارگەوە دەتوانین ژمارەیەكی زۆر لە ماوەیەكی كورتدا دروست بكەین و كەمتر ماندوودەبین.
بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر دەكەوێتە بەرامبەر قەڵای هەولێر و كەوتووەتە نێوجەرگەی شار و مێژووی دروستكردنی بازاڕەكە بۆ زیاتر لە 200 ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە و رووبەرەكەی نزیكەی 50 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، سەدان دوكان لەخۆدەگرێت و رۆژانەش دەیان هەزار هاووڵاتی سەردانی بازاڕەكە دەكەن.









