ئا: سەرهەنگ نەجمەدین
لەهۆتیلی شیراتۆن لەشاری هەولێر بەئامادەبوونی ئەحمەد ریاز وەزیری وەرزش ولاوان و عەدنان درجال و نەشئەت ئەكرەم یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و سەرجەم ئەندامانی یەكێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراق كۆبوونەوەیەكی فراوان ئەنجامدرا، لەكۆبۆنەوەكەدا تاوتوێی پرسەكانی وەرزشی عێراق بەگشتی و یەكێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراق لەنێوان هەردوولا كرا ، لەئەنجامدا كۆبوونەوەكە بەنێوەندگیری ئەحمەد ریاز وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق و بەرێوەبەری گشتی وەرزش شێخ شاكر ئەحمەد سمۆ رێكخرا و بەم خاڵانەی خوارەوە كۆبوونەوەكە كۆتایی هات.
گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان عەدنان درجال و هەردوو ئەندامانی یەكێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراق عەلی ئەسەدی و كامل زغەیەر دروست بوو، هەردوو ئەندامەكە هۆڵی كۆبوونەوەكەیان جێهێشت، بەڵام وەزیری وەرزش ولاوان بارودۆخەكەی هێور كردەوە و دووبارە هەردوو ئەندامەكەی گەڕاندەوە نێو هۆڵی كۆبوونەوەكە.
عەدنان درجال داوای دەستلەكاركێشانەوەی لەسەرجەم ئەندامانی یەكێتی تۆپی پێی عێراق كرد و لەگەڵ دروستكردنی دەستەیەكی كاتی بۆ بەرێوەبردنی كارەكانی یەكێتی تۆپی پێی عێراق و زیادكردنی ئەندامانی دەستەی گشتی یەكێتیەكە لەبەرانبەر كشانەوەی گشت داوا یاساییەكانی لەسەر سەرۆك و جێگری سەرۆك، هەروەها لێخۆشبوون لەئەمینداری گشتی د.سەباح رەزا و ئەندامی لێژنەی تێهەڵچوونەوە ستار زوێر كەئێستا لەبەندیخانە بەند كراون.
یەكێتی تۆپی پێی عێراق داوایان لەعەدنان درجال كرد بەزووترین كات گشت داوا یاساییەكان بكشێنێتەوە، هەروەها هیچ داوایەكی یاسایی لەسەر سەرۆك وئەندامانی یەكێتیەكە بەرز نەكاتەوە، لەبەرانبەردا یەكێتیەكە بەگشتی دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان لەیەكێتی تۆپی پێی عێراق ڕادەگەیەنن.
دوای جێبەجێ كردنی رێكەوتنەكە لەلایەن عەدنان درجال ، ئەوا سەرجەم ئەندامانی لێژنەكە بەگشتی دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان ئاراستەی فیفا دەكەن .
رێكەوتنەكە لەنێوان هەردوولا رێكەوتنی لەسەر كراوە و بەم هۆیەوەش عەدنان درجال هەموو داوا یاساییەكانی خۆی لەسەر سەرۆك وجێگری سەرۆك كشاندەوە، لەبەرانبەردا ئەندامانی یەكێتیەكە رەزامەندبوون لەسەر دەستلەكاركێشانەوەیان كەئەم یەكشەممەیە ئاراستەی یەكێتی نێودەوڵەتی فیفا كرد.
ئەم زانیارییانە لەتۆری كۆمەڵایەتی ڕۆژنامەنووسی وەرزشی رێبین رەمزی بەڕێوەبەری راگەیاندنی یانەی هەولێر وەڕگیراوە.









