خهبات: سەرهەنگ نەجمەدین:-
ئەم هەفتەیە خولی نایابی كوردستان پێی نایەگەڕی یازدەم و لەگرینگترین یاریشدا هەردوو یانەی سیروانی نوێ و دەربەندیخان بەیەكگەیشتن، یارییەكە لەبەرژەوەندی خاوەن یاریگا كەیانەی سیروانی نوێ یە بەئەنجامی 3-0 گۆڵ كۆتایی هات و 3 خاڵی یارییەكەی بەشایستەیی لەسەردەستی دەربەندیخان مسۆگەركرد ، بەم ئەنجامە سیروانی نوێ پلەی یەكەمی لەرێزبەندی خولەكەدا قایمتركرد، لەبەرانبەردا دەربەندیخان بەم دۆراندنە هەربە14 خاڵ مایەوە و لەپلەكانی ناوەراستی رێزبەندی خولەكە جێگیربووە. لەیاری دووەمدا هەردوو یانەی برایەتی شێروانە لەیاریگای برایەتی ڕووبەرووی یەكتربوونەوە، برایەتی لەنێو یاریگا وهاندەرانی خۆیدا بەشێروانە بەئەنجامی 1-2گۆڵ دۆرا، برایەتی بەكۆكردنەوەی 14 خاڵ لەپلەی شەشەم دەبیندرێت، بەپێچەوانەوە یانەی برایەتی ئەگەر براوەی یارییەكە بووایە ئەوا بەرەو پلەكانی دووەم سێیەم هەنگاوی دەهاوێژت، لەبەرانبەردا یانەی شێروانە بەم بردنەوەیە كۆی خاڵەكانی بوو 8 خاڵ و هاتەپلەی دوانزدەم،هەردوو یانەی زێرەڤانی و هەولێریش لەیاریگای زێرەڤانی بەیەكگەشتن، زێرەڤانی دوای ئەنجامدانی 10 یاری تەنها یەك بردنەوەی تۆمار كردبوو، بەڵام ئەمجارەیان لەسەردەستی یانەی هەولێر زێرەڤانی بردنەوەی دووەمی دەستەبەركرد و 3 خاڵی لەچنگی یانەی هەولێر وەڕگرت، بەم شێوەیە یانە بەهێزەكان ئەم وەرزە ئاست و توانایان وەك پێویست نییە وئاستی راستەقینەیان بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو دابەزیوە ،ئەوان ئەم وەرزە نەك چاویان لەنازناوەكەیە، بەڵكو ئەم وەرزە توانای پلەكانی دووەم و سێیەمیان نەماوە كەخۆیان تێجا جێگیر بكەن.
ئەنجامی یارییەكانی دیكەیش بەم شێوەیە بوو: پێشمەرگەی سلێمانی 0 * زاخۆ 0 دهۆك 2 * پێشمەرگەی هەولێر 1 نەورۆز 3* هەندرێن 2 ئەم هەفتەیە یانەی سۆران چاوەڕوان بوو. رێزبەندی هەفتەی یازدەمی خولی نایابی كوردستان لەپلەی یەكەم تاپلەی سێیەم بەمشێوەیە دەبێت: 1- سیروانی نوێ 19خاڵ 2-نەورۆز 16 خاڵ 3-سۆران 15 خاڵ.