ئاماژەیەك لە وەرگێڕەوە
( تێری لێین كارڵ Terry Lynn Karl)
پرۆفیسۆری ئەمەریكایی بواری زانستە سیاسیەكان، 21ی نۆڤێمبەری1947 لەدایك بووە. ئەم لێكۆڵینەوەیەی كاتی خۆی ساڵی2007 لە لایەن – پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی عێڕاق- كەخوالێخۆشبوو نووسەری ناسراو فالح عەبدولجەببار سەرپەرشتی دەكرد كراوە بە عەرەبی و وەكات لە بەغدا و هەولێر و بێرووت بڵاوكراوەتەوە.
نووسەر لەم لێكۆڵینەوەیدا بە ڕاشكاوی باسی گرفتە پەنهان و ئاشكراكانی نەوت و مەترسییەكانی لە وڵاتانی خاوەن نەوت دەكا كە چۆن ئەگەر پسپۆڕی دڵسۆز و لێزانی حیكمەتدار لە پشت ئیدارەدانییەوە نەبن لە باتی خێر دەبێتە بەڵا بەسەر خودی دەوڵەتەكەوە ونەك هەر گەشەی دەوەستێنێ یا دوای دەخا، بەڵكو دەیخاتە ژێر باری قەرزی قورسیشەوە. لەم بوارەشدا نموونە و داتای حاشاهەڵنەگر و هەندێ جار بەڵگەنەویست دێنێتەوە بەتایبەتی لە دەوڵەتە دواكەوتووەكاندا.
بەهۆی گرینگی لێكۆڵینەوەكە و بۆ بەرچاوڕوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان بە پێویستم زانی بیكەم بە كوردی، دەنا ڕەنگە بابەتی لەم چەشنە كاری ئابووریزانان بێ تا خوێنەر و بەدواداچوویەكی ئەدەب و هونەر).
وەرگێڕ
مەترسییەكانی دەوڵەتی خاوەن نەوت
وردبوونەوە لە پارادۆكسی زۆری(*)
تێری لێین كارڵ
و : نەژاد عزیز سورمێ
5-5
یان با لەباتی پاك كردنەوە، مەرجەكانی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتیی وەربگرین كە لە ژمارەیەك لە وڵاتانی پەرەسێن هێزی بە سەقامگیریی گەورەی ئابووری دا. پسپۆرانی نەوت وای دەبینن ئەو ڕەچەتانەی ڕوویان لە كەم كردنەوەی خەرجی و سنوور دانان لە پاڵپشتی كردنی نرخی شمەك- واتە بەرەنگاربوونەوەی فریوخواردن بە ئاراستە كردنی دۆلارەكانی نەوت بۆ بەكاربردنی تایبەتی و ڕازی كردنی كاتی- ئەمەش لە لایەنی سیاسییەوە، لە هەر كوێیك دانیشتووانەكەی فێری خێروبێر بووبن و وایان لێ دێ ڕقیان لە هەموو دیاردەیەكی دەستگرتنەوە دەبێتەوە، بۆیە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتانی خاوەن نەوت مەیلیان بە لای بەرهەڵستی كردنی ئەم جۆرە چاكسازیانە دایەو تا بۆیان بلوێ بۆ ماوەیەكی درێژتر، بە ویستی خۆپاراستن لە تۆمەتباركردنیان لە لایەن دانیشتووانەوە كە بێگومان بە دوای هەر چاكسازییەكەوە دێ.
سەرباری ئەوەش مادەم ئایندە هەرێی خرۆشانی تری نەوتی هەڵگرتووە كەواتە داهاتی زۆرتر دەهێنێ، چاكسازی بە دەستگرتنەوە لە چاوی دەسەڵاتدارانەوە پەسندتر دەردەكەوێ باش نییە، بەڵكو پێویستیش نییە بەوەی دەتوانن داهاتی داهاتووی نەوت وەك مەروونە بەكاربهێنن كە دەتوانرێ قەرزی پێ بكرێ، لەجیاتی ئەوەی سەرەڕۆیی لە لەدەستدانی پشتیوانی سیاسی كە لە ئەنجامی جێبەجێ كردنی چاكسازی ئابووری نامیللیەوە دێ. ئەو دەسەڵاتدارانە بە پێچەوانەی دەوڵەتانی هاوكووفیان كە نەوتیان نییە دەتوانن ماوەیەكی درێژتر بەرەنگاری چاكسازی ببنەوە.
بەرنامەی دەستگرتنەوە- بە تایبەتی ئەوەی زیادبوونی نرخی سووتەمەنی لەخۆ دەگرێ، زۆرجار لەگەڵ جێبەجێ كردنیدا ئاژاوەگێڕی و توندوتیژی هەڵدایسێنێ. بەداخەوە مێژوو خۆی بەڕاستی دووبارە دەكاتەوە، تەنانەت ئەو كاتەیش كە ڕەچەتەكان بانگمان دەكەن بۆ گۆڕینی ئاراستەكان ڕوونن و زۆریشن، ئەمەش زیاتر لەوانی دیكە بەسەر دەوڵەتانی نێردەكاری نەوتدا جێبەجێ دەبێ، چونكە زۆری داهاتی نەوت حساباتی تەنانەت زۆربەی سیاسییە باش و بەحیكمەتەكانیش دەگۆڕێ، ئەمەش توانای وانە لێ وەرگرتن گرانتر دەكا، نەك هەر لە نێوان وڵاتێك و ئەویدی بەڵكو لە ناوخۆی وڵاتانیشدا(13).
بۆیە ئاسۆ لە پێش ئەوانەی دێن (نوێیەكان) بۆ بازاڕی وزەی جیهانی بەو ڕەنگە درەوشاوە نییە، وەك ئازەربایجان و كازاخستان كە لە ئەزموونی وڵاتانی ئۆپێكەوە فێر بن، لە كاتێكدا لە دۆخی سەرگەرمیی نەوتی دان.
ئەمە بە پلەیەكی گەورەتریش ڕاست دەردەچێ ئەگەر داهاتی نەوت زۆروزەبەند بێ و سیستەمی سیاسیش ناوەندگەراییەكی بە زەبر بێ و دەسەڵاتی سیاسی ئاوێتەی دەسەڵاتی ئابووری بێ و پەیكەری كارگێڕی لاواز بێ و دەوڵەت بنكەیەكی باج لە جیاتی داهاتی نەوتی تێدا نەبێ لە سێبەری ئەم بارودۆخەدا دەبینین ئەو كۆششەی دەدرێ بۆ خۆ لادان لە كەوتنە ناو (سەیرایەتی زۆری) بە فیڕۆ دەچێ(23).
بەڵام هەوڵە سەركەوتووەكان لە بەكارهێنانی دۆلارەكانی نەوت بەكارهێنانێكی حەكیمانە پێش هەموو شتێك لەسەر دژە فشاری سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە دەوەستێ كە توانای هەبێ ئەوە بوەستێنێ كە لە بابەتێكی تردا (بە پیترۆڵكردن) ناومان هێنا، واتە ئەو پرۆسەیەی دەوڵەتی وا لێ كردن تاكلایەنە پشت بە هەناردەكردنی نەوت ببەستن و سیستەمە سیاسییەكانی دووچاری ئاڵوودە بوون بە دۆلاری نەوت كرد(33).
ئەمەش بنیاتنانی توانایەكی سیاسی ئەو كۆمەڵانەی بەرژەوەندییان تێدایە دەوێت، كە نەك هەر دوورن لە، بەڵكو دژ بەو پەرەپێدانەیشن بە نەوت دەكرێ، سەندیكای ماسیگران بە نموونە دژی بەكارهێنانی نەوتن كە ڕەنگە سەرچاوەی ژیانیان پیس بكا. هەروەها بنیاتنانی توانای دەوڵەت لە بەرەنگار بوونەوەی بەرژەوەندییە بەهێزەكانی گرێدراو بە نەوت.
ئەم جۆرە چاكسازیانەیش پێویستە ئامانجی سنوور دانان بێ بۆ مەیلی هاوچەق بوون و داكوتان كە وەبەرهێنانی نەوت بۆ سیستەمی سیاسی دەڕەخسێنێ، ئەوە سەرەڕای سنوور دانان بۆ هاوپەیمانییەتی بەهێزی نێوان دەسەڵاتداران وكۆمپانیاكانی نەوت كە سەرەتا كاتێ داهاتی نەوت وردبینییەكی ئەوتۆی توندی نەبووە پێك هێنراوە(34).
بەرەنگاربوونەوەی خولقێنەر- مەبەستیشمان لەوە بەهێز كردنی فشاری توند كە بایی ئەوە بكا پاڵنەری قازانجی پێ ڕابگیرێ- دەخوازێ لە هەردوو ئاستی ناوخۆ و جیهانی، لە ناوخۆ و دەرەوە یەك یەك لە دەوڵەتانی ئاماژە پێكراو بەڕێوە بچێ و پێویستیشە لە پێش هەموو شتێكدا چاكسازیخواز بێ، پێشخستنی دامودەزگای ئیدارەی حكوومەتێك كە بە سازەندەیی و لێهاتویی پێك هێنرابێ، پارێزراو لە سیستەمی خزمخزمێنە و پێشخستنی ئەو سیستەمی باجانەی پشت بە نەوت نابەستن، هەروەها دامودەزگای دیموكراسی ڕووبەدەر كە بایی ئەوەندە بەهێز بێ ڕێگیری لە هاوپەیمانیایەتی نێوان بەرژەوەندییە ڕەگەزجیاوازەكانی نەوت و سەركردە سیاسیەكان بكات.
بوونی هۆكارێك لەو هۆكارانە بێ هۆكارەكانی تر- واتە بوونی دامودەزگای دیموكراسی، بەڵام بەبێ توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەت- هەرگیز بەس نییە، كۆكردنەوەی هەوڵی هێزە ناوخۆیی و جیهانییەكان بۆ دامەزراندنی پەیكەری كارگێڕایەتیەكی كارا و فەرمانڕەواییەتێكی دیموكراسی تاكە ڕێگەی كۆتایی پێهێنانی پارادۆكسی زۆرییە(35).
وەختی دابەزینی نرخی نەوت لەبارترین هەل دەڕەخسێنێ بۆ پێكەوەنانی دامودەزگای سیاسی و كارگێڕی وا توانای بەڕێوەبردنی نەوتی هەبێ، بەڕاستیش ئەم وەختانە ڕەنگە تاكە هەل بن بۆ دەرهێنانی دەوڵەتانی نەوت لە بازنەی گەشەسەندنێكی بەتاڵ بۆ بازنەی گەشەیەكی پێشكەوتوو.
ئینجا چونكە ئەمە دەزگای ڕاژەی مەدەنی دەوێ، واتە كاربەڕێوەبەرییەك بە سازندەیی و لێهاتووییەوە پێك هێنرابێ و جێی سیستەمی دامەزراندنی خزم و پەیڕەوكاران بگرێتەوە، لە توانادایە پاڵپشتی سیاسی بۆ چاك كردنی دامودەزگای كارگێڕی لە كاتی دابەزینی نرخدا لەسەر بنیات بنرێ، بەڵام وەختێ نرخ بەرز دەبێتەوە پاڵنەری گلدانەوەی باشترین كاری دەوڵەت بۆ خزم و دۆستان بەهێزترە لەوەی ڕەت بكرێتەوە.
سەرباری ئەوەش دابەزینی نرخ هەوڵ بۆ (نامەركەزی) سیستەمی سیاسی لە ڕێی دانانی كۆسپ و لەمپەر كە توانای ڕێگری دەسەڵاتدارە بەرزخوازەكانی هەبێ ئاسان دەكا، بەتایبەتی لە بنیاتنانی دامودەزگەیەكی كارگێڕیی بەهێز و ملكەچی لێپرسینەوە كە دەتوانێ ئەو ڕۆڵە ببینێ.
دواجار، بەهێزكردنی بەرژەوەندییە كۆمەڵایەتیەكانی پەیوەست بە كەرتەكانی دی جگە لە نەوت، ئەوەی توانای هێواش كردنەوەی شێوەی گەشەی بە پەلەپەل و زیادەڕۆیی لە بەرزخوازایەتی كە هەمیشە لەگەڵ خرۆشانی نرخی نەوتەوە دێ، هیچ نەبێ، لانی كەم بۆ خۆپاراستن لە كاری بێ بەهای قەوارە گەورە كە سەردەمی خرۆشانی نەوتی لە سەدەی بیستەمدا پێ دەناسرێتەوە، ئەمەش دیارە بەرژەوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی بێجگە لە نەوت لە وڵاتێك بۆ ئەویتر جیاواز دەبێ، لە ئێراندا دەبینین ئەو هێزانەی لە بازاڕدان (بازاڕی ئاسایی) هەروەها لە بوارە ئایینیەكان.
بەڵام لە نەرویج، لە نەرویج ژوورەكانی بازرگانی دەسەڵاتدارو بزاڤە كۆمەڵایەتییەكانیش پیشەی ماسیگری و ژینگە دەپارێزن، كەچی لە ئوكوادۆر و نایجیریا بەرەنگاربوونەوەی بەرهەمهێنانی پشت بە هەناردەكردنی نەوت بەستوو لە لایەن دانیشتووانی خۆجێی و بزووتنەوە جیهانییەكانی مافەكانی مرۆڤەوەیە، كە سوورن لەسەر پارێزگاری كردن لە جێی ژیانی كەمەنەتەوەكان و بزاڤە جیهانییەكانی ژینگە كە زراویان لە پیسبوونێكی بەرباد چووە بەهۆی نەوتەوە، ئاكامی لەبەر ڕۆیشتنی پەڵەی چەورایی زەبەللاح بۆ ناو دەریا كە ڕەنگە ڕوو بدا وەك ئەوەی لە پێشهاتی ترسناكی ئیكسۆن فاڵدیزدا بوو.
بەڵام ئەوەی لە نێوان ئەو هێزانەدا هاوبەشە باوەڕیانە بە گەشەی خێرا كە بەهۆی نەوتەوە و بە نرخێكی گران كە ئەو چالاكییە ئابووریانەو ئەوان بەهایانە و شێوازی ئەو ژیانەی خۆشەویستە لایان وێران دەكا، ئەو بەرژەوەندیانەیش لە شێوەی سیاسیاندا چالاك دەكرێنەوەو بە وروژاندنی مشتومڕ لەبارەی بەنموونە گەشەپێدانەوە، پشكدار دەبن لە خاو كردنەوەی پرۆسێسی دروست كردنی بڕیار، ئەوەشیان ڕەنگە لانی كەم یارمەتی پارستنی ڕەوڕەوەی زیانبەخش بدا كە بڕیار وەرگرتنی كاتی گەشانەوەی نەوتی پێ دەناسرێتەوە، هەروەها یارمەتی خۆپارێزیش دەدا لە هەندێ لایەنی كەموكوڕی پلاندانان و خۆپارێزی نەبوونی هاوئاهەنگی پێویستی نێوان سیاسەتی هەمەچەشن و خۆ بەدوورگرتن لە پرۆژەی زەبەللاح كە ئەنگیزەی سەرشێتیی خرۆشانی نەوتی لەگەڵدا دێ.
ئەو پرۆژە هەڵەشانە لە بنیاتنانی پیشەسازی فرۆكەوانی ئەندەنووسیا، یاخود بنیاتنانی پایتەختێكی نوێ لە نایجیریا، یا لێدانی ڕووبارێكی دەستكرد لە لیبیا، یان بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلی تایبەتی نوێ لە ئێران نموونەن كە هەمووشیان بە بەهەدەردانی نابەجێی دەرامەت تەواو دەبن
. هاندانی ڕێكخراوە جیهانییەكان و حكوومەتەكانی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت بۆ سنووردانان بۆ قەرز كردن بە بارمتەی نەوت لە كاتی بنیاتنانی دەزگای كارگێڕی مەدەنی و لەنگەر پێگرتنی سیستەمی باج هەمان ڕوەتی بنیاتنانی گەورەترین فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی لە سعوودیە یا دروست كردنی گەوروترین مزگەوت لە میرنشینە یەكگرتووەكانی عەرەبیدا نابێ، هاندانی كۆمپانیاكانی نەوتیش بۆ پێویستی بەهێز كردنی ڕێكخراوەكانی بەرگریكار لە مافی مرۆڤ و لە حوكمی قانوون و لە ژینگە دیارە كارێكی ساویلكانەیە لەگەڵ ئەوەی هەندێ بەرپرسیاری كۆمپانیاكانی نەوت لە هەوەڵەوە بەڕاستی بیریان لەمە كردبێتەوە، هەروەها فشاری ناوخۆ و دەرەوە لەسەر هەندێ لە حكوومەتە ناوەندخوازە توندەكان كە ناوەندگەرایی كەم بكەنەوە هیچ ئاكامێكی دەمودەستی لێ بەرهەم نایێ، بەڵام ئەلتەرناتیف ڕوونە: دەكرێ هەناردەكارانی نەوت ڕێڕەوی ئیسپانیای سەدەی شازدەم بگرن دوای گەشانەوەی بە هۆی زێڕ و زیوەوە تا وەك ئەویش چەندان سەدە بۆ بن دواكەوتوویی هەرێمایەتی شۆڕ ببنەوە. لە بەرابەردا دەبێ بۆ ئەو قەیرانانەی لە ناوخۆی ئەو وڵاتانەدا سەرهەڵدەدەن ببێتە هۆی كەم بوونەوەی فریاگوزاریەكانی نەوت كە شۆكی ناوەناوەی لە بەرز بوونەوەی نرخی لێ پەیدا دەبێ ئینجا لە دواییدا دابەزین كە شێوەیەكی هەڵگەڕاوە وەردەگرێ و سەقامگیری جیهان تێك دەدا، نرخی لە خوارەوەی ئەمڕۆش (پاییزی 1999) هەلێكی شایان پێك دێنێ بۆ داهێنانی گەشەیەكی تەواو جیاواز. بەڵام كە نرخ لە سەروبەندی بەرزبوونەوە دایە، ئەو هەلە تەمەن درێژ نابێ. سەیرایەتییەكە، لەوەدایە نرخی بەرز بە لای داخستنی پەنجەرەی چاكسازیدا دەشكێتەوە. ئا ئەمەیە پارادۆكسی زۆری.
پەراوێز:
13- گەیشتە ئەوەی دەسەڵاتداریەتی مەكسیك پارێزێكی زۆر وەربگرێ دوای ئەوەی ئەنجامی كارەساتباری بینی كە لە سیاسەتەكانی خەرجی فەنزەوێللای هاوسێی كەوتبوەوە. بەرپرسان بە نووسەری ئەم چەند دێرەیان گوت ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی (لە سیناریۆی فەنزوێللا دوور بكەونەوە) كەچی لە دوایدا هاتنەوە سەر هەمان ڕێگا ئەوان هەر خەرجیان دەكرد، مادەم داهات هەڵدەڕژا،Karl (1979).
23-بۆ گفتوگۆی ئاسۆی سەرچاوەی تازە لە گۆلی دەریای ڕەش، تەماشای كتێبەكەمان: پارادۆكسی زۆری بكەThe Paradox of the Plenty .
33- Karl (1979) pp. 44-70
43- گرینگە ئاماژە بەوە بدەین كە ئەو هاوپەیمانیەتە دواجار فشاری مەترسیدار پەیدا دەكا، بەتایبەتی دوای ئەوەی گەشەی لە نەوت سەرچاوەگرتوو دەبێتە هۆی دروست بوونی چینێكی ناوەندی گەشەكردوو، بەڵام ئەوە چەندان دەیەی دەوێ و باشترین وەسف كردنیش بۆ گۆڕانی هاوپەیمانیەتەكانی نێوان كۆمپانیا و دەسەڵاتداران ئەوەیە فرانكلین توگوێڵ F. Tugwell نووسیویەتی وەختێ ڕێككەوتنی نێوان سەركردە سیاسیەكان و كۆمپانیاكانی نەوتی فرەڕەگەز وا باس دەكا كە بە تێپەڕینی كات گەشە دەكا و كەرتی كۆمەڵایەتی نوێ پەرەدەسێنن بەرەو زەمینە خۆشكردنێك كە دان و ستانی سەخت بۆ دیاریكردنی ڕێگەكانی دابەشكردنی قازانجی نەوتی لە دەوردا دەخوولێتەوە، بڕوانە: Franklin Tugwell, the Politics of Oil in Venezuela (Stanford, CA: Stanford University Press, 1975).
53-ئا ئەمەیە ئەو وانەیەی لە بەڕێوەبردنی نەرویج لە خرۆشانی نەوتیدا، وەرگیراوە Karl (1979) pp . 213-221










