سەگڤان هالو
كورد مێژویێكی سیاسی ناڵەبار و پڕ لە نەهامەتی و چەرمەسەری بەسەر بردووە لەم ناوچەیەدا (ناوچەی ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست). كەم نەتەوە هەیە لە جیهانی مرۆڤایەتیدا بە ئەندازەی كورد چەوسێندرابێتەوە و ستەمی بەرامبەر كرابێت. سەدان هەزار مرۆڤی سڤیلی كورد بوونەتە قوربانی لە پێناو ئامانجێكی پیرۆز و ڕەوادا كە ئەویش سەربەخۆبوونی وڵاتی كوردانە، كەچی هەتاكو ئەمڕۆ كورد نەیتوانیوە ئامانجی ڕەوای خوی بپێكێێت و ببێ بە خاوەن قەوارەیێكی سیاسی سەربەخو بە خۆی، بەڵێ ئەمە سەدەی بیست و یەكە و كورد هێشتا خەون بە دەوڵەتبوونەوە دەبینێت، چونكە مرۆڤی بێ دەوڵەت وەك كەسێكی بێ دایك باوك وایە، بڕوا بكەن كاتێ جارجار سەردانی وڵاتان دەكەم و گوزەرنامەكەم عێڕاقییە گەلێ دڵگران دەبم كە من گوزەرنامەی تایبەت بەخۆم نیە لە كاتێكدا عێڕاق هیچ كات وڵاتی من نەبووە و نیە و نابێت، كەچی زۆر بە ناچارییەوە دەبێ گوزەرنامەی عێڕاقی هەڵگرم، عێڕاقێك كە لە ژێر سایەیدا سەدان هەزار مرۆڤی سڤیل و بێتاوانی كوردی كردۆتە قوڕبانی تەنها لە بەرئەوەی كە كورد بووە و كوردە و ویستویەتی ناسنامە و شوناسی تایبەت بە خۆی هەبێت، وەك هەر نەتەوەیێكی تری خاوەن دەوڵەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین.
فرە بیروڕای سیاسی لە كوردستان دەبوایە خزمەتی بە دۆزی نەتەوەیی كورد كردبایە دور لە یەكترازانی سیاسی، ئەمە لە لایەك و لە لایەكی تریشەوە بەرژەوەندی و چاوچنۆكی زلهێزەكانی دونیا لە سایكس پیكۆوە تا ئەمڕۆ غەدرێكی تابڵێی گەورەیان لە كورد و دۆزە ڕەواكەی كردووە، ئەگینا كوردیش وەك نەتەوە و خاوەن خاك و مێژوو و زمانی تایبەت بە خۆی هیچی كەمتر نەبووە و نیە لە تورك و عەڕەب و فارس ئەگەر زێاتریش نەبووبێت. لە كۆتاییدا ئەوە دەڵێم، پێوییستە كورد لەمەودوا هەوڵی خۆ بەهێزكردن بدات و دور بكەوێتەوە لە پەرتەوازەیی سیاسی و ماڵی خۆی ڕێك بخاتەوە، ئەگینا سایكس پیكۆكان بەردەوام دەبن و هەرگیز نابین بە خاوەن ناسنامە و شوناسی نەتەوەیی خۆمان.










