خهبات: ساسان دەروێش – ئەڵمانیا :-
فیلمی دووبارە گەڕانەوەی ئازیزم، یەكێك بوو لە ڕیزبەندی هەڵبژێردراوی فیلمەكانی فیستیڤاڵی جیهانی دیكۆمێنتاری ئەمستردام كە لە دەرهێنانی هونەرمەندێكی ئەڵمانی و ناوەڕۆكی چیرۆكێكی پڕ لە تراژیدیای ڕاستەقینەی كوڕە كوردێكە بەناوی شاباز لە تاراوگە دەگێڕیتەوە، كە كارەكتەری سەرەكی دیلان هەڵۆ بەرزنجەییە و خەڵكی شاری سلێمانیە ونیشەجێی شاری بەرلینە، خوێندنی هەر لەو شارە تەواوكردوە و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە وەك ئەندازیارێكی كۆمپیوتەری ئابووری.
هەروەك دیلان خۆی گوتی: بۆ بەشداریكردن لەو فیلمە، سەرەتا لە ڕێی هاوڕێیەكەوە داوای لێكرا وەك كوردێكی باشووری كوردستان كە خۆی یان بنەماڵەكەی پاشخانی پەنابەرییان هەبێت، بۆ گێرانی ڕۆڵی شاباز، دیارە وەك كوردێك دەبوو كوردی و ئەڵمانی و ئینگلیزی بزانێ، لەیەكەم دیداری لەگەڵ ڕیژیسیۆرەكەدا، لە دوای خوێندنەوەی چیرۆكی فیلمەكە، دیلان پەسەندی كرد و دوای ماوەیەك پرۆڤەكردن بەسەركەوتووی كارەكەی ئەنجامدا، دیارە ئەمەشی بۆ ئەوەكرد كە خزمەتە بەكورد وكوردستان لە ڕێگەی گێڕانەوەونیشاندانی چارەنووسی دڵتەزێنی كوردێكی پەنابەر بەهەست ونەستی خۆییەوە ئارەزووی بەشداری كرد، بەڵێ حەزوباوەڕی بەشداربوونەكەی لە كارێكی هونەری وگەیاندنی پەیامێكی كوردانەدا بەرجەستە بوون ئەمەش وایكرد دیلان بەعەشقێكی گەورەوە بەشدار بێت ، تائێستاش بەپێی لێدوان و شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی هەمووان گەڵی سەركەوتووانە توانیویەتی ڕۆڵی ڕاستەقینەی شابازی جوانەمەرگ و خودی ڕووداوە تاڵەكە نمایشت بكات، بەمشێوەیەش بۆ خەبات بۆمان دوا: دیلان هەڵۆ بەرزنجەی كە ڕۆڵی سەرەكی تیایدا گێڕاوە دەربارەی ناوەڕۆكی فیلمەكە گوتی: باس لە چارەنووسی كوڕێكی كوردی پەنابەر دەكات لە ئەڵمانیا، كوڕەكە ناوی شاباز بووە، باری دەروونی تەواو نەبووە وگرفتاری نەخۆشی پەركەمیش بووە، دەكرێ بڵێن هەر بەمەبەستی چارەسەری نەخۆشی ڕووە و ئەڵمانیا هاتووە، بەداخەوە بەشێوەیەكی دراماتیكی ژیانی كۆتایی دێت، شاباز ڕۆژێ بۆ كڕینی كارتێكی تەلفۆن دەچێتە ماركێتێك، بەداخەوە بەهۆی كێشەی نەزانی زمانەوە تووشی ناڕەحەتی دەبێت.
ئەو دەڤەرەی ئەوی بۆ نێردراوە، بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا جارانە، كە ئێستا بۆتە قەڵای ڕاستڕەوە ڕادیكاڵەكان و حیزبی دژە بێگانە و ڕاستڕەوی، دوای هەوڵێكی زۆر و كێشەی لێك تێنەگەشتن، كوڕە بتڵێ شەراب دەگرێ بەدەستییەوە بۆ ئەوەی لەپاڵ كارتی تەلفۆنەكەدا بیكڕێ، دەمەقاڵێ بەردەوام دەبێت، تا لەناكاو 3 كەسی كەتەی زل دێنە پێشەوە و پەلاماری شاباز دەدەن و لێی دەدەن و بۆ ماوەی 25 خولەك بە دارێكەوە دەیبەستنەوە تا پۆلیس دەگاتە جێ تاوانباران ناگیرێن، چونكە پۆلیس لە هەمان گرووپی ڕاستڕە و نزیكە و خەڵكی شارۆچكەكەش بەردەوام خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەردەبڕن بەرامبەر بەدادگا و پۆلیس، لەسەر ئەو گازندەیەی لە 3 كەسەكە كراوە و داوای ئەوە دەكەن سزا نەدرێن، سەر ئەنجام هەروا دەردەچێ لە ژێر گوشاری خەڵكەكەدا دادگا بڕیاری بێتاوانی 3 كەسەكە ڕادەگەیەنێ، بەم جۆرە چارەنووسی شاباز لە نێو خەڵكی ڕادیكاڵ و دەوڵەتی دیموكراتی و دادگای بێلایەن دا دەبێتە قوربانی و چ فریاد ڕەسێك لەو كوێرەوەرییە ڕزگاری ناكات، بۆ نموونە سەرۆكی شارەوانی شارەكە، نیگەران دەبێت بەو بارودۆخەو داوای دادگایی و گرتنی كەسەكان دەكات، كەچی خەڵكی شارۆچكەكە هێندە گوشار وهەڕەشە لە ناوبراو دەكەن، ئەویش لە ترسا تووشی شۆك و خەمۆكی دەبێت و خۆی لە كێشەكە دوور دەخاتەوە، دواجار شاباز ڕۆژێ، لە دارستانێك لە سەرما ڕەق دەبێتەوە و دەمرێ، ئەم حاڵەتی مردنە لە فیلمەكەدا نییە، لێ ڕوو داو بەسەر هاتەكە ڕاستەقینەیە، هەروەها دیلان هەڵۆ بەرزنجەیی كارئەكتەری سەرەكی فیلمەكە لە درێژەی قسەكانی گوتیشی : تراژیدیای مەرگی شاباز ئاوێنەیەكی باڵانمای كوێرەوەری و بندەستی و ئازار و ژانی نەتەوەكەیەتی دواجار مەرگی شاباز هەندێ ویژدان دەجولێنێ، لەوانە دەرهێنەری فیلمەكە Mario Pfeifer كە خۆی بە ڕەچەڵەك خەڵكی ئەو شارۆچكەییە وهونەرمەندە، ئەم ڕووداوە بە قووڵی كار لە هەست ونەستی دەكات وفیلمێكی كورتی دیكۆمێنتاری بەناوی دووبارە وە لێ بەرهەم دێنێ، واتە دووبارە گەڕانەوەی ئازیزم، لە كۆتایشدا دیلان هەڵۆ بەرزنجەیی گوتی : پێش ماوەیەك لە بەرلین فیلمەكە نیشان دراو كۆمەڵێ گفتوگۆی گەرمی لەسەر كرا.









