خەبات: هاوار مورتكەیی:-
گولیزخان ناخباییڤا گراندماستەرە بەناوبانگەكەی جیهان كە 7 جار توانیویەتی ببێتە پاڵەوانی كازاخستان، لەنێو 300 لاوە هەڵكەوتووەكەی وڵاتی كازاخستان بەباشترین سەرۆكی داهاتوو هەڵبژێردرا.
ئەم پرۆژەیە كە بیرۆكەی سەرۆكی كازاخستان بوو لەپێناو دیاریكردنی پیشەییانەی لاوانی هەڵكەوتوو پێشكەشی كرد و زیاتر لە 13 هەزار لاو بەشداریان تێداكرد و پرۆژەكەش بریتی بوو لە گرنگی وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێك بەزووترین كات و لەرێگای تۆڕی گەیاندنی ئینتەرنێتەوە بە چوار قۆناغ بەڕێوەچوو، گولیزخان ناخباییڤا خانمە شەترەنجزانی كازاخستانی و هەڵگری بڕوانامەی گراندماستەر یەكێك بوو لەبەشداربووانی ئەو پرۆژەیە و دواجار لەنێو باشترین 300 لاوی هەڵكەوتوو توانی بەباشترینی پرۆژەكە دەربچێت.
گولیزخان لەپەراوێزی ئەو دەسكەوتەی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد و گوتی: دەمەوێ ئەوە بڵێم كە من یاریزانێكی شەترەنج بووم بۆیە توانیم هەرچوار قۆناغ بەسەركەوتووی ببڕم، چونكە شەترەنج ئەوە دەخوازێ كە بەخێرایی بیر بكەیتەوە و زاڵ بیت بەسەرخۆت تا بتوانی بڕیارێكی دروست بدەی، ئەم پرۆژەیەش ئەوەی دەخواست كە بەخێرایی بتوانی وەڵامی درووست بدەیتەوە، بۆیە دەڵێم شەترەنج یارمەتیدەرم بوو لەبەدەستهێنانی ئەم دەسكەوتە كە تاماوم شانازی پێوە دەكەم.
جێی باسە رۆژنامەی خەبات لە ژمارە 4681ی رۆژی 12/11/2014 دیمانەیەكی لەگەڵ ئەو شەترەنجزانە ئەنجامدا و مانشێتی ئەوكاتی دیمانەكە بریتی بوو لە دەیەوێت ببێتە بەهێزترین ئافرەت لە جیهان.









