ئەم كتێبە تایبەتە بە ژنە نووسەر و وەرگێڕەكانی كورد. كە بیست خانمی نووسەری باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستانی لەخۆ گرتووە، كە ئەمانەن: “كوردستان موكریانی، شوكریە ڕەسووڵ، سۆزان جەمال، مەهاباد حەسەن، بەیان سەلمان، شیرین. ك، ڤینۆس فایەق، كنێر عەبدوڵڵا، گەلاوێژ خان، شیرین تا?یر، زێنەب یوسفی، كازیوە ساڵح، باران، چنار نامیق، چنوور نامیق، شلێر ڕەشید، نازەنین عوسمان، فەوزیە ساڵح، زارا ستاوەند، شیلان گەیلانی”بەداخەوە تا ئێستا سەبارەت بە ژنانی نووسەری كورد، كتێب و نووسین كەمە، ئەگەر كەسێك بیەوێ دەربارەی ژنانی نووسەر و وەرگێری كورد زانیاری وەچنگ كەوێ، هیچی بەردەست نییە. لەكاتێكدا زانیاری زۆر باش لەبارەی ژنە نووسەرەكانی زۆربەی وڵاتانی دیكە بەردەستە، بۆ وێنە: ژنانی ئەمریكی، ئەروپی، فارسی، توركی و عەرەبی. ئەم كتێبە خانمە نووسەر و وەرگێڕە زیندووەكانی لەخۆگرتووە، بەمشێوەیەش ویستوومانە مۆدیل و ڕەوتی “زیندوو كوژی مردوو پەرست” بگۆڕین.
ئەو نووسەر و وەرگێڕانەی لە سەرووی دە كتێبیان بڵاوكردۆتەوە لەچوارچێوەی كتێبەكەدا بوونی هەیە. ڕیزبەند و دانانی خانمە نووسەرەكان لەژێر بنەمای ژمارەی كتێبەكانیان دانراوە، كتێبەكانیشیان بەشێوەی ڕیزبەندی لەكۆنەوە بۆ نوێ دانراوە و ناساندن بۆ كتێبەكانین كراوە، هەروەها چەند كتێبێكی چەند نووسەرێك لەسەدەی پێشوو چاپكراوە و لەبازاردا نەماوە، لەبەرئەوە تەنیا ناوی كتێبەكەمان هێناوە و ناساندنمان بۆی نەكردووە. هاوكات، بەشێك لە تێكستی نووسەر و وەرگێڕەكانمان داناوە، بۆ ئەوەی بە زمانی نووسینی ئەو خانمانە ئاشنابن. هەروەها، ئەم كتێبە دەبیتە بەرگی یەكەم، لە داهاتوودا كار لەسەر بەرگی دووەمی كتێبەكە دەكرێ، كە چەندین خانمی دیكە لەژێر بنەمای بەرگی یەكەم لە بەرگی دووەم دادەنرێ. ئەم كتێبە بە قەبارەی 16 بە 23، لە دووتووێی 350 لاپەڕە لەلایەن زامدار ئەحمەد ئامادەكراوە و لە چاپخانەی چوارچرا-سلێمانی چاپكراوە. سبەینێ لە سلێمانی لە كتێبخانەكانی ڕەهەند و چوارچرا، هەفتەی داهاتووش لەە هەولێر لە كتێبخانەكانی فێربوون و مەم و زین دەست دەكەوێ..لەلایەن ئەنجام ئەنوەر دیزاینی بەرگی بۆ كراوە.









