خەبات: هاوار مورتكەیی:-
یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا سزای بەسەر یانەی بەرشلۆنەدا سەپاند و لەهەمان كاتیش هۆشدارییەكی توندی ئەو یانەیە كرد لە ئەگەری داخستنی یاریگای كامپ نوی تایبەت بە بەرشلۆنە، ئەویش بەهۆی هەڵدانی هەندێ تۆپ بۆ ناو یاریگا لەكاتی بەڕێوەچوونی یارییەكەی نیوان بەرشلۆنە و ریال مەدرید، كە بەبێ گۆڵ كۆتایی هات.
یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا لەراگەیەندراوێكدا كە پێری لە ئینتەرنێت بڵاوكرایەوە روونی كردۆتەوە كە ئەو سزاداراییە لەئاكامی ئەوەدا بووە كە لەكاتی یارییەكەدا ژمارەیەك تۆپی دەریاییان هاویشتۆتە ناو یاریگا و ئەمەش ئاماژەیەكی مەترسیدار و سەرپێچییە، یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا ئەمە قبول ناكات.
لە خولیكی 55ی یارییەكەدا، بۆماوەی 90 چركە یارییەكە وەستا دوای ئەوەی 9 تۆپیان هەڵدایە ناو یاریگا وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بەندكردنی 9 لە سەركردەكانی كەتالۆنیا كە لە ساڵی 2017 داوای سەربەخۆی هەرێمی كەتالۆنیان كرد، تۆپەكان ئاماژەیەك بوون بۆ ئازادكردنیان، كە ئەمەش دەسەڵاتدارانی ئیسپانیایان نیگەران كرد و یەكێتی تۆپی پێی وڵاتەكەیان ناچار كرد سزا و هۆشدارییەك بدەنە یانەی بەرشلۆنە تا رووداوی لەمشێوەیە دووبارە نەبێتەوە.
جێی باسە دەبوا یاری كلاسیكۆ لە 26ی ئوكتۆبەر ئەنجام بدرایە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی دەنگە نارازییەكانی شەقامی كەتالۆنیا لەبەرامبەر بەندكردنی سەركردەكان، ئەو یارییە دواخرا، بەڵام هاندەرانی كەتالۆنیا دووبارە پشتیوانیان بۆ سەربەخۆیی لەناو یاریگادا راگەیاند و دژی دەسەڵاتدارانی مەدرید ئەو هەڵوێستەیان لە یاری كلاسیكۆ نواند.









