سەگڤان هالو
دامەزراندنی دەوڵەتی عێڕاق لە سەرەتای بیستەكانەوە بە ڕەزامەندی گەلانی عێڕاق نەبووە، بەڵكو كوڵونیالزمی ئینگلیز لەو ئان و ساتەدا لەگەڵ هاوپەیمانەكانی دوای سەركەوتنیان بەسەر دەوڵەتانی میحوەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان كە پشكی شێری كێكەكە بەر خودی ئینگلیز كەوت، دەوڵەتی عێڕاق و چەند دەوڵەتێكی دیكەیان لە ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزراند و هەتاكو ئەمڕۆشی لە گەڵدا بێت بەریتانیا و هاوپەرمانەكانی سودمەندن لە خێر و بێری ئەم دەڤەرەی دەوڵەمەند بە نەوت و كانزاكان، واتە بەریتانیا و هاوبەشەكانی دەوڵەتی دیكتاتۆری شمولییان دامەزراند و سەپاندیان بە سەر گەلانی ناوچەكە بە گشی لە دەرەوەی ئیڕادەی سیاسی گەلان لەم ناوچەیەدا. بۆیە هەر لەو كاتەوە تاكو ئێستا هەرچی ڕژێمی سیاسی لە عێڕاقدا جڵەوی دەستەڵاتی گرتبێتە دەست تەتها پەیڕەوی لە سیاسەتی زەبر و زەنگ كردووە و دژی گەلانی خۆیان هەڵسوكەوت كردووە لە پێناو بەرژەوەندیی دەرەكیدا و بە ئامانجی مانەوەی خۆیان لە دەستەڵاتدا. بەریتانییەكان بۆ ماوەی 83 ساڵ كەمینەیێكی سوننەیان سەپاند بە سەر ئەم وڵاتەدا، دیكتاتور دوای دیكتاتور حوكمڕانی عێڕاق بووە، ڕژێمە دیكتاتۆرەكانیش بێجگە لە خوێن ڕشتن و كاولكاری و هینانی نەهامەتی بۆ گەلەكانیان هیچی تریان لێ بەرهەم نەهات و هەروەها دوای ساڵی 2003ش لایەنە سیاسییەكانی شیعە، واتە دوای ڕووخانی دەستەڵاتی 83 ساڵەی كەمینەی سوننە، جڵەوی دەستەڵات كەوتە دەست زۆرینەی شیعە كە بە داخەوە ئەمانەش هەمان سیاسەتی پێش خۆیان پەیڕەو كرد لە جیاتی ئەوەی پەند لە سیاسەتی هەڵەی ڕابردوو وەربگرن، ڕێچكەی توڵەسەندنەوەیان گرتەبەر و پێكهاتەكانی عێڕاقیان بە ئامانج گرت و سوننەش پەراوێز خرا، كەواتە كێشەی ئەمڕوی عێراق كێشەیێكە سەد ساڵە بەردەوامە و خەڵكی ئەم وڵاتە كێشە سەرەكییەكەی بریتییە لە گۆڕینی دەوڵەت و ئەم شێوازە دەوڵەتەی ئێستا بە گشتی ڕەت دەكەنەوە، نەك تاكە كەسێك یان لایەنێكی سیاسی كە نزیكەی سەدەیێكە بەردەوامە. ئەمڕۆ گەلانی عێڕاق كە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت دەكەن، باش لەوە تێگەیشتوون كە دوای ئەم هەموو ساڵە ڕژێمە یەك لە دوا یەكەكان نەك هەر نەیانتوانیوە بچووكترین خزمەت بە عێڕاقییەكان بكەن بەڵكو لە هەموو ڕوویەكەوە عێڕاقیان بەرەو وێرانی و كاوڵكاری ئاراستە كردووە بۆ بەرژەوەندیی دەرەكی بە دەستەڵاتی سوننە و شیعەوە، دەرەنجامی دیكتاتۆریەت و شمولییەتیش هەر ئەمە دەبێت كە ئەمڕو بە چاوی خۆمان دەبینین و ڕەوشەكە گەیشتووەتە ئاستێكی زۆر بەرزی بێزاریی خەڵك كە ئامادەیە لە سەر شەڤامەكان گیان ببەخشێت بۆ ڕووخاندنی دەوڵەتێكی دەستكردی وەك دەوڵەتی عێڕاق. سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش وەكو بەشێك لەم وڵاتە خۆشبەختانە ئەمنییەت و ئارامی واتە سەقامگیڕی سیاسی و ئاشتی كومەڵایەتی تێدا بەرقەرارە كە بە هیچ شێوەیێك نابێ بەراورد بكرێت لە گەڵ بەغدا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بو سیاسەتی حەكیمانەی باررانی بۆ ڕاگرتنی باڵانس لەسەر ئاستی نێوخۆیی و دەرەكی و هەوڵ و ماندووبوونی دەزگا ئەمنییەكان و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان هیچ كات نابێ بە نادیدە بگیرێت و هەمیشە دەبێ شانازی پێوە بكەین. لێرەوە دەگەینە ئەم ئەنجامە كە عێڕاق لە قەیرانێكی زۆر قوڵدایە و سەرچاوەی خودی قەیرانەكە بوونی دەوڵەتێكی فاشیلی شكەستخواردوو كە خاوەن ئیڕادەی سیاسی سەربەخۆ نەبووە و بە خواستی گەلانی عێڕاقیش دانەمەزراوە بەڵكو دروستكراوی دەرەكییە و هەر بۆیەش ئەم عێڕاقە دەوڵەمەندە بە سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی لە هیچ قۆناغێكدا نە كەوتۆتە خزمەت گەلانی عێڕاق و عێڕاقێان لە هەموو ڕویێكەوە وێران كرد. لە كۆتاییدا ئەم وتەیەشم بە بیر هاتەوە كە دەڵێ: (چ دەچێنی ئەویش دەدورییەوە).









