راپۆرت/ پەریهاعومەر
تەمەنی گونجاو بۆ ئەوەی هاوسەرگیری تێدا ئەنجام بدڕێت لەسەر چ بنەمایەك دیاریدەكرێت . خۆشەویستی پێش هاوسەرگیری دەست پێدەكات یان دوای هاوسەرگیری؟ زۆر كەس پێیانوایە خۆشەویستی پێش زەواج باشترە و وائەكات مڕۆڤ پەرە بە خۆشەویستییەكەی ئەمانە هەمووی كۆمەڵە پرسیارێكن كە پێویستی بە خوێندنەوە و وردبینی هەیە و ئافرەتان لەو بارەوە خاوەن رای جیاوازن. سازان عوسمان، ڕێكخەر و دامەزرێنەری گرووپی كچانی ژیر دەڵێت: هاوسەرگیری كلتورێكی كۆنە و بۆ بەردەوامبوونی ژیان و پڕكردنەوەی لایەنە سۆزدارێكان و كۆمەڵێك هۆكاری كۆمەڵایەتی و كەسێتی تریش وەك پێویستیەكی ژیان ئەنجامدەدرێت. باشترین تەمەنی گونجاو بۆ هاوسەرگیری بە پێی توێژینەوەكان و شارەزایانی بواری سایكۆڵۆجی و كۆمەڵناسی 25 ساڵییە، هۆكارەكەشی ئەگەڕێتەوە بۆ گەشەی ئەقڵی مرۆڤ لەو تەمەنەدا كە باشتر و تەواوترە و جوانتر و تەندروستتر ئەتوانێت بڕیار لەسەر كەسەكان بدات و باشترین بۆ ژیانی هەڵبژێرێت. هەڵبەتە ڕێز و خۆشەویستی دوو بناغەی جدی ئەو پرۆسەیەن، ئەو كەسەی دیاری ئەكەی بۆ ژیانت پێویستە تا ڕادەیەك ئاشنایەتی و نزیكبوونەوە هەبێ و خۆشەویستی دروست بووبێت. من وەكو خۆم بوونی خۆشەویستی پێش هاوسەرگیری بە مەرج ئەزانم و مرۆڤ ئەتوانێ بە هاوسەرگیری پەرە بەو خۆشەویستییە بدات و گەورەی بكات. دارا ئەنوەر زۆراب، توێژەری كۆمەڵایەتی لەم بارەیەوە دەلێت: كات گرنگە بۆ دەست پێكردنی پرۆسەی هاوسەرگیری، دەكرێت لەو كاتەوە دەست پێبكات كە یاسا دیاری كردووە بە مەرجێك ئینسانەكان لە ڕووی پێكهاتەی بایەلۆجی و كۆمەڵایەتی ئامادەبن بۆ پرۆسەكە و ئامادەیی بەرپرسیاریەتییان و توانایەكی ئابووری دیاریكراویان هەبێت كە بتوانن پشتی پێببەستن بۆ بەڕێوەبردنی ژیان، بە شێوازێك كە بتوانن كێشە و گرفتەكانی خۆیان چارەسەربكەن و خۆیان كاراكتەر بن لە بەشداریكردنی ژیانی یەكتر بۆ گەشەدان بە توانا و لێهاتوویی یەكتر و گەشەدان بە هێزە ڕوحی و جەستەییەكانی یەكتر لەسەر بنەمای جیاوازی یەكتر یەكتر قبوڵ بكەن، واتە هۆشیاری پەروەردەیی و كۆمەڵایەتییان لە ئاستێكدا بێت كە هەستی بەرپرسیارێتیان تیادا دروست بكات. گرنگە خۆشەویستی هەبێت پێش هاوسەرگیری یان دوای هاوسەرگیری بێت، بەڵام گرنگتر خۆشەویستییە پێش هاوسەرگیری، چونكە ئەگەر ئەم خۆشەویستییە، خۆشەویستییەكی ڕاستەقینە بێ و دور بێت لە حەزە سێكسی و كاتییەكان، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی تێگەیشتن و جیاوازی یەكتر قبوڵ بكەن و دواتر دەتوانن ژیانێكی دروست و پڕ لە خۆشەویستی دروست بكەن، كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دروستكردنی خێزانێكی تەندروست، كە بنەماكانی خۆشەویستی و ڕێزگرتن و یەكتر قبوڵكردن لەسەر بنەمای جیاوازی تیابێت. بێگەرد ئازاد، دەڵێ: پێموایە هاوسەرگیری لە تەمەنێك بكرێت كە مرۆڤ ئامادەیی هەبێت بۆ ئەم پرۆسەیە لە ڕووی دەروونی و فكرییەوە، چونكە پرۆسەی هاوسەرگیری پێویستی بە كەسێكی پێگەیشتوو هەیە لە ڕووی مێشك و دەروونەوە و پێویستە كەسێكی تەواو گونجاو دیاری بكات تاوەكو بتوانێت ژیانی لەگەڵ بگوزەرێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ بەر لەوەی بچێتە نێو پرۆسەی هاوسەرگیری توانیبێتی چێژ لەو ژیانە ببینێت بەر لە هاوسەرگیرییەوە هەیبووە، هەروەها توانیبێتی حەز و ئارەزووەكانی بدۆزێتەوە و بزانێت چی دەوێت و چی باشە. بۆ ئەو هەلبەتە مرۆڤ لە تەمەنی 25 ساڵی بەرەو سەرەوە دەتوانێ بە تەواوی درك بەم شتانە بكات، بۆیە بڕیاری ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری لە 25 بەرەوە سەرەوە بێت ئینجا بیری لێبكرێتەوە لە بارەی خۆشەویستییەوە. خۆشەویستی بەر لە هاوسەرگیری و دوای هاوسەرگیریش بوونی هەیە، بەڵام هەر یەكەیان بە شێوەیەكی جیاوازە لەوەی تر. خۆشەویستی بەر لە هاوسەرگیری كە لە نێوان هەردوو رەگەزی سەرهەڵدەدات كە هەیە لە تەمەنی هەرزەكاری دایە یاخود تەمەنێكی پێگەیشتووە، ئەمجۆرە خۆشەویستییە هەندێجار دڵەڕاوكێ و نائارامی لە خۆی دەگرێت بۆ هەردوو ڕەگەز، لە هەمان كاتدا خۆشی و چێژێكی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام خۆشەویستی دوای هاوسەرگیری لە نێوان هاوژینەكان بە گوێڕەی تێپەڕبوونی كات و بەیەكەوە ژیان، هەروەها ڕادەی ڕازیبوون لەیەكتر و گونجان سەرهەڵدەدات و دەبێتە مایەی ئارامی هاوژینەكان. خۆشەویستییەكی ڕاستەقینە كە دەبێتە مایەی ئارامی دەروونی. هانە هادی، لەو بارەوە ڕایوایە كە: تەمەنی هاوسەر گیری بە بڕوای من دیاریكراو نییە، دەكەوێتە سەر چەند توانایەك كە دەبێت لەو مرۆڤەدا ببینرێت و خودی خۆی توانای هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی هەبێت لە چەند بوارێكی گرنگی ژیان. هەرچوار لایەنی ئەقڵی و جەستەیی و ڕووحی و سۆزداری دەبێت ئامادەبێت بۆ ئەم پڕۆسەیە و بە تەواوی باوەڕێ دەبێت خۆی ئامادەبكات بۆ دوو لەت بوون، كە چیتر ئەم كەسە تەنها خۆی نییە و نیوەی دەبێت بە خۆی و نیوەكەی تری دەبێت بە هاوژینەكەی. ئەم پێگەیشتنەش لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاوازە و ڕەنگە بۆ كەسێك 25 ساڵ گونجاو بێت و بۆ كەسێكی تر سەرووی 30 ساڵی ئینجا بتوانیت ئامادەیی تێدا بێت، بەڵام من وەك ڕای خۆم بە هەر شێوەیەك بێ لەگەڵ هاوسەرگیری خوار 20 ساڵی نیم بە هیچ شێوەیەك. بە بڕوای خۆم خۆشەویستی دەبێت لە هەموو كاتێكدا بوونی هەبێت، بەڵام كاتێك باسی هاوسەرگیری دێت بابەتی خۆشەویستی دەبێت بخرێتە ناو جانتایەك و هەڵبگیرێت تاكو بتوانیت بڕیاری دروست و هەڵبژاردنی شیاو بدەیت بۆ ژیانت، واتا خۆشەویستی پێش هاوسەرگیریش دەبێت هەبێت بەڵام بە هیچ شێوەیەك كاریگەری نەكات لە بڕیار و هەڵبژاردنی كەسەكە. سەبارەت بە دوای هاوسەرگیریش، وای بۆدەچم جوانترین و ڕاستترین هەڵسەنگاندنێك كە بتوانیت بیكەیت، و وردبیتەوە لە كەمبوون و زیادبوونی ئەو خۆشەویستیەی پێش هاوسەرگیری كە بۆ هاوژینەكەت هەبووە، ئایا زیادیكرد یان كەمیكرد؟









