بڕوا ڕەمەزان ساڵەیی
پاش ئازادكردنی عێراق و ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە 2003، بەدەیان گرووپی توندڕەو و تیرۆریست لەم وڵاتەدا سەریهەڵدا و دروستبوو، هەندێك لەوانە: (جندالاسلام، انصارالاسلام، انصارالسنە، توحید و جیهاد) لە ئەیلولی (2003)، چەندین كەتیبەی تیرۆریستی بەناو خەلیفە و سەحابییەكان، جەیشی ئیسلامی، جەیشی موجاهیدین، قاعیدە، مەجلیسی شوڕای ئیسلامی، عەودە، نەقشبەندی، دەوڵەتی عێراقی ئیسلامی لە (2006)، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام لە نیسانی (2013)، پاش داگیركردنی موسڵ و زۆربەی ناوچەكانی عێراق، زۆری ئەو گرووپانە هەڵوەشانەوە و هەندێكیشیان مانەوە و لە 29ی حوزەیران(2014) ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شامیان گۆڕی و كردیان بە دەوڵەتی ئیسلامی و داعشیان دروستكرد. لێرەدا مەبەستم نییە باسی چۆنییەتی دروستبوونی داعش بكەم لەبەر ئەوەی لە لاپەرە 13ی ژمارەی 4667 ئەم ڕۆژنامە سەركەوتووەكەی خەبات لە 23/10/2014 باسی چۆنیەتی دروستبوونی (داعش)م كردووە. ئەوەی جێگای وەبیر هێنانەوەیە دەبێت ئەوە بزانین كە داعش لە خۆیەوە دروست نەبووە، جگە لە هاوكاری چەندین هۆزە عەرەب و پاشماوەی كۆنە بەعسییەكان، هەروەها هەندێك وڵاتیش پاڵپشتییان كردووە و كارئاسانییان بۆیان كردووە، لەبەر ئەوەی داعش بووە خێر و بەرەكەت بۆ بووژانەوەی ئابووری وڵاتە زلهێزەكان و فڕۆشتنی چەك بە عێراق و هاتنی هێزێكی زۆری بیانی بۆ ناوچەكە و سوودوەرگرتن لەو بارودۆخەی كە عێراقی تێكەوتووە، گومانی تێدانیە دروستبوونی ئەو گرووپە تیرۆریستیانە و داعش تەنیا بۆ زیان گەیاندن بە نەتەوەی كورد بووە، لەبەر ئەوەی چاویان بەو ئازادییەی گەلی كورد هەڵندەهات و مەبەستیان تێكدانی ئەو ئارامییەی كوردستان بووە، ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە لای گرووپە توندڕەو و بەعسییەكان، كورد بە ئیسرائیلی دووەم لە قەڵەم دراوە، هەروەك چۆن بینیمان چییان لە گەلی كورد كرد، بەتایبەت لە سەردەمی هەشتایەكان هەر بە ئەنفال و كیمیاباران و كاولكاری و كۆمەڵكوژی و وێرانكردنی (4000) چوار هەزار گوند و تەرحیكردن، كاتێ داعش لە 10/6/2014 شاری موسڵ و زۆربەی خاكی عێراق و سوریای داگیركرد، هیچ هێزێك نەبوو خۆی لە داعش بدات جگە لە پێشمەرگە لە كوردستان و عێراق و یەپەگەش لە سوریا كە هەردوو هێزەكە كورد بوون، تەنانەت پێشمەرگە بەشداری ئازادكردنی شاری كۆبانێ لە كوردستانی ڕۆژاوای سوریاشی كرد، ئەگەر ئەوكات هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بەپەلە نەگەیشتایە بە كەركوك دڵنیابە وەك شارەكانی دیكەش دەكەوتە ژێر دەسەڵاتی داعش و جگە لە كورد نەتەوەكانی توركمان و عەرەبیش ڕووبەڕووی كوشتار و دەربەدەری دەبوونەوە، تاكو ئێستاش زۆربەی وڵاتانی جیهان و دراوسێكانیش خۆیان دوور دەگرن لە شەڕی دژی داعش، بۆ ماوەی چەند ساڵێك تەنیا كورد ڕووبەڕووی داعش بووە و بە جدی شەڕی دژی كرد، كە كورد بە هەزارانی لە تیرۆریستانی داعش كوشت و بەدیل گرت، هێزی عێراقی و سوریش هەبووە دژی داعش شەڕ بكەن، بەڵام تەنیا بۆ بەرگری لە خۆیان بووە نەك هێرشی سەر داعش بكەن و گورزی گەورە لە داعش بوەشێنن، پاش شەهیدبوونی 1864 پێشمەرگە و زیاتر لە 10000 بریندار و بێ سەرو شوێن بوونی 62 پێشمەرگە، ئنجا سەرۆكی ئەمریكا ترامپ دەڵێ چەكمان داوە بەكورد و تا هەتاهەتایە پارێزگاری لە كورد ناكەین، بەڵام ترامپ لەبیری چوو ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە داعش لەناونەدەچوو، هەروەها داعش هێرشەكانیشی فراوان دەكرد و بەرەو ئەرووپا دەڕۆیشت و زیانی دەبوو بۆ ڕۆژاواش، سەرۆك بارزانیش وەڵامی دایەوە كە خوێنی كورد لە چەك بە بەهاترە، بەهەر حاڵ ئەوەی ڕۆی ڕۆی، بەڵام خۆ داعش هێشتا تەواو نەبووە و لەم ماوەیەشدا زنجیرەیەك كردەوەی تیرۆریستی ئەنجامداوە وەك پەلاماری سەنگەرەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی و حەشدی شەعبی و كێڵگە نەوتییەكان و تەقینەوە و ڕفاندن، بەتایبەت لە كەركوك و تكریت و دیالە و خانەقین، كە ئەوە دەیسەلمێنێ كە داعش سەریهەڵداوەتەوە و تەواو ئامادەكاریشی كردووە و جموجۆڵەكانیان تەواو زیادی كردووە، كە هەموو سەركردە و فەرماندەكانی عێراقی و بیانیش نایشارنەوە كە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش هێشتا ماوە و مەترسیشی هەر هەیە، لێرەدا كورد چی بكات باشە؟ ڕای من وایە، لەبەر ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا كورد لە جیاتی جیهان ڕووبەڕووی داعش بووەوە و ئەو هەموو شەهید و بریندارە زۆرەشی دا، ئنجا وڵاتە زلهێزەكان و ناتۆ و هاوپەیمانان وەك پێویست نەبوون بەرامبەر بەكورد و دواجاریش ڕێفراندۆممان كرد وتیان باشە و فێڵیان لێمان كرد، دواتریش ڕێگەیان دا لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی هێرش بكەنە سەر پێشمەرگە و فڕۆكەخانەكان دابخەن و ئێران و توركیاش سنووریان لەسەر ئێمە داخست، هەروەها لە 8/10/2019ش ڕێگەیاندا كە سوپای توركیا بە هاوكاری هێزی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كە لە توركیابوون هێرش بكەنە سەر كوردستانی ڕۆژاوا و كوژران و برینداربوون و ئاوارەبوونی سەدان هەزار هاوڵاتی كوردی لێبكەوێتەوە، بۆیە پێویستە كورد ئەمجارە كە شە دژی تیرۆر دەكات لە لایەكی دیكەشەوە چاوێكی لە بەرژەوەندییەستراتیجییەكانی خۆشی بێت. دەبێ ئەوەشمان لە بیر نەچێت كە لە شەڕی دژی داعش حكوومەتی عێراقیش یەك فیشەكی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە نەدەنارد و تەنانەت نەیدەهێشت هاوپەیمانانش یەك پارچە چەك بە پێشمەرگەش بدات، هاوپەیمانان و ڕۆژاوا(غرب) دەڵێن ئێوە دەوڵەت نین، ئەی باشە بۆ لە جیاتی جیهان شەڕی دژی داعشمان پێ دەكەن؟، ئەوان دەڵێن ئێوە سەربە عێراقن، ئەی باشە عێراق بۆ هاوكاری كورد ناكات لە شەڕی دژی داعش؟، دەڵێن داعش مەترسییە بۆ سەر جیهان!، ئەی باشە بۆ دەبێت كورد لە جیاتی ئەوان باجەكە بدات و شەڕی دژی داعش بكات و ماڵ و حاڵی لێ تێكبچێت و بە هەزاران شەهید و بریندار بدات و بەدەیان هەزاریشی لێ بڕفێنن و شارەكانیان لێ بسوتێنن و بتەقێننەوە؟ دوای تەواوبوونی شەڕەكەش لە جیاتی پاداشتی كورد بكەنەوە، سوپای عێراق و سوپای توركیای تێبەر بدەن و سنوورەكانیان لەسەر دابخەن؟!. هەی ئافەرین كە بە م شێوەیە سوپاس و پێزانینی چاكە و قوربانییەكانمان دەكرێت.









