لە سەردەمێكدا كە ڕێبازی هیومانیستی لە جیهانی پێشكەوتوو تازە كەوتبووە سەرپێ و بزاڤی ئافرەتان لە هەوڵی بەدەستهێنانی یەكسانی جێندەریدا بوو، ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دۆخێكدابوو كە هزر و تێڕوانینی باو، دەسەڵاتی پیادەكراو لەسەر بنەمای هزری پیاوسالاری بونیادنرابوون. لەو نێوەندەشدا نەتەوەی كورد بە پێشەنگی پارتی دیموكراتی كوردستان سەختترین خەباتی ڕزگاری نیشتمانی بەڕێوەدەبرد. یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە 11/12/1952 وەك ڕێكخراوێك بۆ لەخۆگرتنی پرسی ئافرەت لە هەر دوو ڕەهەندی كۆمەڵایەتی و سیاسی، لە ژێر چەتری پارتی دیموكراتی كوردستان و بە فەرمانی باوكی ڕۆحی نەتەوەی كورد(بارزانی نەمر) دامەزرا. ڕێكخراوی دایك، لە 67 ساڵ ئەزموونی خەباتیدا، بە هزری مرۆڤخوازانە پرسی ئافرەتی لەخۆگرتووە و بە بڕوایەكی تەواو بە پرەنسیبەكانی یەكسانی جیندەری، داكۆكی لەو دۆزە كردووە. ئەم ڕێكخراوە شانازە بە بەشداریكردن لە بزاڤی ئازادیخوازی گەلی كوردستان. لە خەباتی مەدەنی و دیموكراسیشدا بە كۆششی یەكێتی ئافرەتان و بزاڤی ئافرەتان بە گشتی چەندین دەسكەوتی گرنگی یاسایی، كۆمەڵایەتی، سیاسی بۆ ئافرەت بەدەستهاتوون. ڕێكخراوەكەمان هەمیشە وەك قوتابخانەیەك بووە بۆ پێگەیاندنی ئافرەتان و سەدان لە كادرانی لە بوارە جۆراوجۆرەكان ڕۆڵی سەركردە و پێشەنگ دەبینن. یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، وەك ڕێكخراوێكی ڕەسەن و خاوەن پەیام و پرەنسیب دوور لەهەر دەمارگرژییەك داكۆكی لە پرسی ئافرەت دەكا و دژی هەر چەشنێك توندوتیژی و پەراوێزخستە لەسەر بنەمای ڕەگەز یان هەر بنەمایەكی دیكە بەهەر كەرەستە و میتۆدێك بێت، خواستی ئەم ڕێكخراوە بۆ ئافرەت سەربەخۆبوونیەتی لە ژیان. بەشداریكردنیەتی لە بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە هاوتای ڕەگەزی بەرامبەر. لە دیدی ڕێكخراوەكەماندا، جیاوازی بایەلۆژی نیوان ئافرەت و پیاو بە شێوەیەكی ناڕەوا و نالۆژیك كراوەتە بنەما بۆ چەوسانەوەی ئافرەت و سنورداركردنی ڕۆڵی و بێبەشكردنی لە دەرفەتەكانی خۆپێگەیاندن. فاكتەرە كولتوری، كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییەكانیش پێگەكانی ئەم نابەرابەریەیان پتەوتركردووە و بنەماكانی هزری پیاوسالارییان بەهیز و گشتگیر كردووە. هەربۆیە، یەكێتی ئافرەتان بە بەرنامە و پلانی هەمەبوار لەسەر بنەمای فیكری و زانستی بە ڕەچاوكردنی تایبەتمەندی كێشەكانی ئافرەتانی كوردستان، خەباتی خۆی بۆ دەستەبەركردنی تەواوی مافەكانی ئافرەت، لە ڕەگدەرهێنانی ئەو باوەڕ و چەمكە كۆمەڵایەتی و كولتوریانەی لە توانا و پێگەی ئافرەت كەم دەكەنەوە، خاڵی كردنەوەی فەرهەنگی زمانەوانی و سروشتی كۆمەڵایەتی لەو وشە و دەستەواژانەی بارگاوین بە هزری پیاوسالاری، هاوسەنگكردنەوەی كەلێنە جیندەرییەكان لە كۆی بوارەكان، بۆ گەیشتن بە كۆمەڵگەیەكی یەكسان لەڕووی دەرفەت و ماف و بەرپرسیاریەتی، كە تێیدا سەروەری تەنها بۆ مرۆڤ بێ، نەوەك ڕەگەز ئاڕاستە دەكات. ڕێكخراوەكەمان پێیوایە، لەبەرئەوەی ئافرەتی كورد هاوبەشی نەتەوەكەی بووە لە چەوسانەوە و جیاكاری لەسەر بنەمای نەژاد و بەشداربووە لە خەباتی بزاڤی نەتەوەیی، بۆیە مافی خۆیەتی سودمەند بێت لەو ئەنجامەی ئەو بزاڤە پێیگەیشتووە. بڕوامان بەوە هەیە، بەبێ ئیرادەیەكی سیاسی بەهێز پرسی ئافرەت پێشكەوتوو نابێت، هەربۆیە یەكێتی ئافرەتان لە كاتێكدا پشكی سەرەكی ئەوەی لە هەرێمی كوردستان بۆ ئافرەت بەدەستهاتووە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئیرادەی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕێبازی بارزانی و ئەو سەركردانەی پەروەردەی ئەم ڕێبازەن. لەهەمانكات داوای پشتیوانی زیاتر دەكەین و هەر هزری ئەم قوتابخانەیە و ڕوانگەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئاسۆی ڕزگاری ئافرەتانی كوردستان دەزانین. لێرەدا سوپاس و ستایش بۆ سەرۆكی هێژا و ڕابەری نەتەوەییمان سەرۆك (مەسعود بارزانی)كە هەمیشە پشتیوانی ڕێكخراوەكەمانە، شەست و حەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێكخراوەكەمان لە كادر و ئەندامانمان و گشت ئافرەتان پیرۆزبێ. سڵاو بۆ ئەو خانمە پێشەنگانەی لە ڕۆژگارە سەختەكاندا درێژەیان بە كاروانی ئەم ڕێكخراوە داوە، سڵاوی گەرمی پڕ رێز و ڤیان بۆ دایكان و هاوژینی شەهیدان، سەرجەم یەكسانیخوازانی كوردستان.
یەكێتی ئافرەتانی كوردستان 2019/12/11









