هیوا بەرزنجی ــ دڵدار عەبدوڵڵا
رۆژی 10ی حوزەیرانی2019 نێچیرڤان بارزانی لە مەڕاسیمێكی گەورەو بێ وێنەدا لە مێژووی هەرێمی كوردستان و عێراقدا، وەك دووەمین سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی لەبەردەم ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان خوارد، كە تێیدا سەركردە كاریگەرەكانی كوردستان و عێراق و چەندین وەزیرو نوێنەرایەتی وڵاتانی ناوچەكەو جیهان بەشداریان لە مەڕاسیمەكەدا كرد، بەجۆرێك چەپ و ڕاست و دۆست و نەیاری لە یەك هۆڵ كۆكردەوە، بەمەش ویستی بەهەمووان رابگەیەنێت كە ئەو درێژەپێدەری كاروانی سەرۆكایەتی پڕ شكۆی سەرۆك بارزانییەو لە پاڵ ئەو ئەزموونەشدا دەیەوێت قۆناغێكی نوێی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان دەستپێبكات. ئەوانەی لە نزیكەوە ئاشنایەتیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هەیە دەزانن كە ئەو كەسێكی نەرم و نیانە لەناوخۆ و لە دەرەوەش بەهێز و كاریگەرە، لە سیاسەتیشدا پشوودرێژەو بە دیپلۆماسیەتی خۆی ئیحتیوای كێشەكان دەكات و لە كاتە ناخۆش و ئاڵۆزەكانیشدا دەتوانێت دۆست و نەیار لەسەر یەك مێزی گفتوگۆ كۆبكاتەوەو بیانگەیەنێت بە یەكتر، لەمڕوانگەشەوە خاوەن ئەزموونە لەسەرووی هەمووشیانەوە ئیدارەدانی كابینەی پێنجەمی حكومەتی یەكگرتنەوەی هەولێر و سلێمانی بوو كە قورسترین كابینەی یەكگرتوو بوو لە دوای شەڕی ناوخۆ. هاوكات لە ماوەی18 ساڵی سەرۆك وەزیرانیدا زۆرترین دەستكەوتی لە رووی ئابووری، سیاسی، كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و تەندروستی .. هتد، هەبووە كە لە وتارێكی پێشووماندا بە درێژی و بە داتاوە باسمان لەو دەستكەوتانە كرد، هەروەها ئێستا كە شەش مانگ واتە (180) رۆژ بەسەر دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان تێپەڕدەبێت، گرنگە هەڵسەنگاندنێكی واقیعی بۆ ئەدای سەرۆكی هەرێم لەو ماوەیەدا بكەین و بەچاوخشاندنەوەیەكی خێراش لە ئەدای بەرێزیان لەو ماوەیەدا بۆمان دەردەكەوێت كە: 1. سەردانی مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لە 23ی تشرینی دووەمی 2019 بۆ هەولێر و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیران دەنگدانەوەیەكی میدیایی فراوانی لە ناوخۆ و دەرەوە بەدوای خۆیدا هێنا، چونكە پێنس ئامادە نەبوو سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ هیچ سەركردەیەكی عێراقی كۆنەبۆوە، ئەمەش نیشانەی بەهێزی پێگەی هەرێم و متمانەی ئەمەریكییەكانە بە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی و سەركردایەتییەكەی. 2. لەو ماوەیەدا زیاتر لە (63) دیدارو چاوپێكەوتنی سیاسی و دیپلۆماسی لەنێوخۆی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە. .3سێ جاران سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی كردووە، بەجۆرێك یەكەم سەردانی دوای تەنیا10 رۆژ بوو لە دەستبەكاربوونی، لە بەغداش بەجیا لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆبۆوە، ئەمەش هەنگاوێكی نوێ و كاریگەر بوو لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەردانی دووەمی دوای تەنیا نۆ رۆژ هات لە سەردانی یەكەمی، لەو سەردانەشیدا كۆبوونەوەیەكی بەرهەمداری هەبوو لەگەڵ نوێنەری (15) ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی عێراق كە سەردانی بەغدایان كردبوو، لەگەڵ چەند دیدارێكی دیكەی سیاسی، كۆتا سەردانی بەرێزیشیان لە (13)ی تشرینی دووەم بوو كە جارێكی دیكە لەگەڵ سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و چەند سەركردەیەكی حزبە كاریگەرەكانی عێراق كۆبۆوە. .4لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا سەرۆك نێچیرڤان پێنج سەردانی فەرمی بۆ وڵاتانی دەرەوە ئەنجامداوە كە بریتی بوون لە “توركیا، فەڕەنسا و قەتەڕ، هەروەها لە ماوەی20 رۆژیشدا دووجار سەردانی ئیمارات كرد”. .5لەمیانی سەردانەكەی بۆ قەتەڕ توانی ڕەزامەندی بەرپرسانی دەوحە بەدەستبهێنێت بۆ كردنەوەی كۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر، ئەمەش دەبێتە دەستكەوتێكی دیكە بۆ كاری دیپلۆماسی بەرێزیان و هەرێم. .6لەسەر ئاستی ناوخۆییشدا لەو ماوەیەدا سەرۆك نێچیرڤان دەستپێشخەری هەبووە بۆ سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم، دوو كۆبوونەوەی گرنگیشی لەگەڵ كەسی یەكەمی حزبە بەشدارەكانی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبردووە كە دواترییان رۆژی 5ی تشرینی دووەمی2019 بوو، بە بەشداری سەرۆك كۆماری عێراق، ئەمەش بۆ یەكخستنی گوتاری هێزە كوردستانییەكان لە بەغدا و ئامادەكاری بۆ ئەگەری گۆڕانكاری لە دەستووری هەمیشەیی عێراق و پاراستنی دەستكەوتەكانی هەرێم بوو، ئەم هەنگاوەی سەرۆك نێچیرڤان بووە جێگەی رەزامەندی خەڵك، چونكە داواكاری هەمیشەیی خەڵك لە هێزەكان یەكگرتووییە. .7بۆ هەمان مەبەست ئەمجارە خۆی سەردانی كەسی یەكەمی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كرد، ئەمەش بووە هۆی پتەوكردن و یەكخستنی زیاتری نێوماڵی كورد. .8لەو ماوەیەدا بەشداری لە 16 ئیڤێنت و مەڕاسیمی جیاواز لە ناوخۆیی هەرێمی كوردستاندا كردووە. .9هاوكات زیاتر لە 31 راگەیاندراو، برووسكە و پەیامی جیاوازی بۆ پرسە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان هەبووە. .10 رۆژی 12ی حوزەیرانی 2019، مەسرور بارزانی راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم، لە ماوەی چەند مانگی رابردووشدا بەهاوكاری و پشتیوانی سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم كابینەكە توانیویەتی كۆمەڵێك كاری گرنگ لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بە ئەنجام بگەیەنێت. .11كۆكردنەوەی سەرجەمی تیمی وەزاری كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێم لە رۆژی 6ـی تەمموز، بەوانەشی كە لە نیوەی ڕێگا پشتیان لە كابینەكە كرد و هەوڵی رووخاندنیاندا، ئەمەش ئاماژەیەكی دیكە بوو بۆ سینگفراوانی و دەوڵەتداری نێچیرڤان بارزانی، لەهەمانكاتدا پەیامێكی روون بوو بۆ هەموو لایەك كە لە قۆناغی نوێی سەرۆكایەتی هەرێمیش، بەرێزیان دەبێتە چەتری كۆكرەوەی هەموو هێزە سیاسییەكانی هەرێم بەوانەشی كە لە كاتی متمانە پێدانی لە پەرلەمان دەنگیان پێنەدا. .12 یەكێكی دیكە لە كارەكانی سەرۆك نێچیرڤان لەو ماوەیەدا هەوڵەكانی بووە بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی 11ی تشرینی دووەم لەگەڵ تیمی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی هێزەكانی یەكەی 70 و 80 كۆبۆوە و جەختی لەوەكردەوە دەبێ هەنگاوەكانی یەكخستنی هێزی پێشمەرگە خێراتر بكرێت، كە بەپێی ئەو پلانەی دایناوە لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا كوردستان دەبێتە خاوەنی یەك هێزی یەكگرتوو لە زاخۆوە بۆ خانەقین. .13بەشداری پێكردنی هەردوو جێگرەكەی و هاوسەنگی راگرتنی بلانسی دوو هێزە ناكۆكەكەی سلێمانی و كۆكردنەوەی هەردووكیان لە بینای سەرۆكایەتی هەرێم، ئاماژەیەكی دیكەیە بۆ كارێزمایی بەرێزیان. .14هەوڵەكانی بەرێزیان لەگەڵ وڵاتانی دۆست لەوانەش ئەمەریكا، فەڕەنسا و ڕووسیا بۆ راگرتنی ئۆپراسیۆنی سەربازی توركیا بۆ سەر خاكی خۆرئاوای كوردستان، بۆ ئەوەش گوتەكانی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە گواهیدەرن كە سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵی گرنگیان گێراوە لە وەستاندنی ئەو ئۆپراسیۆنە و گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ خەڵكی ناوچەكە. گەر بەوردی لەو ئامارانەی سەرەوە بڕوانین و سەرەنج لە ئەدای بەرێزیان بدەین بۆمان دەردەكەوێت كە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لەو ماوەیەدا توانیویەتی ببێتە چەتری كۆكرەوەی سەرجەم هێزەكانی هەرێمی كوردستان و پارێزەری ئاشتی و پێكەوەژیانی تەواوی پێكهاتە و ئایینە جیاوازەكان لە هەرێم، هاوكات بۆتە رەمزی پاراستنی یەكپارچەیی خاكی هەرێم و قەوارە سیاسییەكەی لە چوارچێوەی عێراقدا، هەموو ئەوانەش دەرخەری ئەوەن كە دیپلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی هاوكار دەبێت بۆ بەهێزكردنەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان لە عێراق و ناوچەكە و جیهاندا، هەروەها دەبێتە یاریكەرێكی كاریگەر لە رووداوەكانی ئایندەی ناوچەكەدا، لە ئایندەشدا مانۆری دیپلۆماسی سەرۆك نێچیرڤان بەردەوامی دەبێت كە بە سەردانی بۆ چەند وڵاتێكی ناوچەكە و جیهان هەنگاوەكانی بۆ بەهێزتركردنی پێگەی هەرێم زیاتر دەكات.









